سزادانی ئێران ناکۆکی سیاسی ئەنقەرە و واشنتۆن قووڵتر دەکات

کارناسی ناوەندی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناڤین لە تورکیا، لای وایە ئەمریکا بە داسەپاندنی گەمارۆکان لە دژی ئێران هاوکاتی سازدانی تەنگەژەی ئابووری، ناوچەکە بەرەو ئاراستەیەکی تەشەنەدارتر دەبات.

دوکتۆر یاسەمەن کۆنۆکچۆ کارناسی پرسی رۆژهەڵاتی ناڤین لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر سەبارەت بە بڕیاری ئەمریکا بۆ درێژەنەدان بە مۆڵەتی بەری کران لە گەمارۆی نەوتی ئێران، بە ئاماژە بەوەی کە نەوت گرینگترین کاڵای هەناردەی ئێرانە و باڵی بە سەر کەشی ئابوورییدا کێشاوە، ڕایگەیاند: زیاتر لە ۲۰ وڵات کڕیاری نەوت ئێران بوون کە بە هۆی گوشارەکانی ترامپ چیتر نەوت لە ئێران ناکڕن و بەو هۆیە هەناردەی نەوتی ئێران تا ١،٢٥ ملیۆن بەرمیل لە رۆژدا دابەزیوە و ئەوەش بە مانای مەترسییەکی جیدی بۆ سەر ئابووریی ئێرانە.

ڕاشیگەیاند: گرینگترین ئامانجی ئەمریکا لەو کارە بە سیفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێرانە و هەر بۆیە چاوەروان دەکرا واشنتۆن بڕیاری لەو چەشنە بدات. هەڵبەت هەندێ وڵاتی وەک چین، هیند و تورکیا کاردانەوەیان نیشان داوە بەو بڕیارە و چاوەروان دەکرێت چین بەهایەک بە هەڵوێستی ئەمریکا نەدا و بەردەوام بێت لە کڕینی نەوتی ئێران. ئەنقەرەش دەزانێ کە ئەگەر بەردەوام بێت لە کڕینی نەوتی ئێران بەرەوڕووی کێشەی ئابووریی زۆر دەبێتەوە.

ئەندامی ناوەندی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئەفریقا لە تورکیا هەروەها باسی لە پاشهاتەکانی ئەو بڕیارە لە سەر ناوچە و گۆڕانکارییەکانی جیهان کرد و وتی: بێ گومان ئەو بڕیارە کێشەی زۆر قووڵی لێ دەکەوێتەوە و گەمارۆی پاپۆرەگەلی نەوتکێش لە سەر ئاوەکانی کەنداوی فارس دۆخەکە بە ئاراستەیەکی مەترسیداردا دەبات. کەواتە لە دۆخی ئێستای رۆژئاوای ئاسیا کە تووشی شەڕ و تیرۆریزم و پێکدادانی ژێئۆپۆلیتیکی هاتووە، گەمارۆی نەوتی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دەتوانێ ناوچەکە تەشەنەدارتر بکات.

وتیشی: پێشنیاری ئەمریکا بە عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات بۆ قەرەبووی نەوتی ئێران هاوکاتی دابەزاندنی نرخی نەوت لە درێژخایەندا زیان بە خود عەرەبستان دەگەیێنێت، چونکە عەرەبستان بەردەوام گرانترین نەوتی داوە بە کڕیارانی. لە لایەکی دیکەوە پاڵپشتیی سەربازی ئەمریکا لە ڕیاز و دەستدرێژیی هاوپەیمانی ڕیاز بۆ سەر یەمەن، کاردانەوەی کۆمەڵگای جیهانی بە دواوە بووە و ئەگەر ترامپ پێداگر بێت لە پاڵپشتییەکانی لەو هاوپەیمانییە و بایکۆتی ئابووریی تاران، ئیمارات و عەرەبستان ملهۆرانە بەردەوام دەبن لە هەڵویستی دژە ئێرانیان لە ناوچە و دەتوانن ئاگری شەڕ هەڵگیرسێنن.

یاسەمەن کۆنۆکچۆ لەبارەی کاریگەریی گوشارەکانی کۆشکی سپی بۆ سەر ئەنقەرە، ڕوونی کردەوە: وەک بینیمان لە گەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینی بەرپرسانی تورکیا بە بڕیارەکانی ترامپ و دژایەتی کردنی، شایەدی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کەشێکی گرانی لە ئابووریی ئەو وڵاتە بووین. تەنانەت پەیوەندیی سیاسیی دوو وڵات تەشەنەی سەند و بێ گومان تەشەنەسەندنی پەیوەندییە سیاسییەکانی واشنتۆن - ئەنقەرە بەرهەمی هاوڕێی نەکردنی تورکیا لە گەڵ داسەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێرانە.

کارناسی پرسی رۆژهەڵاتی ناڤین سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەمریکا لە تەشەنەدان بە ناکۆکییەکانی لە گەڵ ئێران، ڕایگەیاند: بێ گومان ئەمریکا لە پەنای سازدانی تەنگەژەی ئابووری لە ئێران بە دوای دوو ئامانجەوەیە. یەکەم، کردنە ئامانجی چالاکیی پاپۆرە نەوتکێشەکانی ئێران لە سەر ئاوەکانی کەنداوی فارس بە هاوکاریی عەرەبستان، بەحرەین و ئیمارات و دووهەم، جموجۆڵی لۆبییەکانی ئەمریکی و سیاسەتوانانی شەڕخواز کە دەیانەوێ لە نێوان واشنتۆن و تاران ئاگری شەڕ هەڵگیرسێنن.

ناوبراو جەختی لەوەش کرد: لە ئاوەها دۆخێکدا دەبێ ڕای گشتیی کۆمەڵگای جیهانی لە بەرامبەر پاشهاتەکانی ئەو بڕیارانە هەڵوێست بگرێت. لە ئەمریکا کۆماریخوازان و دیموکراتەکان لە بابەتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێستای واشنتۆن پێکەوە ناکۆکن و ئەم ناکۆکییە دەتوانێ هاندەرێک بێت بۆ ڕای گشتی کە ئەگرەچی پاڵپشتی لە هەندی گەمارۆی دژە ئێران دەکەن، بەڵام دژی هەڵوێستی شەڕخوازانە و یەک لایەنەی دژی ئێرانن. بە تایبەت کە پابەندبوونی ئێران بە بەرجام ئاستەنگێکە لە بەردەم وەپەراویزخرانی ئەو وڵاتە.

News Code 26389

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 0 =