ڕۆڵى ئایین لە کەمکردنەوەى تاوان

"هەموو ئایینە ئاسمانییەکان کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی خواى گەورەن بۆ مرۆڤ هەتا پەیڕەویان بکات و ژیانى ڕۆژانەى خۆى پێ ڕێک بخات، لە هەمان کاتدا یاسا مرۆییەکانیش کۆمەڵێک یاساى دانراوى دەستى مرۆڤن بۆ هەمان مەبەست، بەڵام جیاوازیی نێوان هەردوو یاساکە (ئایینى و مرۆیی)، باوەڕە و چاوەڕوانى پاداشتى دواڕۆژن."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی - دوکتۆر ئاراس محەمەد ساڵح: ئایینە ئاسمانییەکان پێش هەموو شت کار لەسەر دامەزراندنى عەقیدە و بیروباوەڕ دەکات، تاکى باوەڕدار لەسەر باوەڕبوون بە خواى گەورە و ڕۆژى دوایی پەروەردە دەکات، جێگیرکردنى باوەڕ بە خواى گەورە لە ئاگادارى هەموو کار و هەنگاوێکى مرۆڤە، لەسەر کردەوەى چاک پاداشت دەکرێت و لەسەر کردەوەى خراپ سزا وەردەگرێت، باوەڕبوون بە زیندووبوونەوە و ڕۆژى دوایی لە دڵى مرۆڤى بڕواداردا وای لێ دەکات هەموو کات لە هەوڵى کردەوە چاک و دوورکەوتنەوەدا بێت لە هەموو کار و ڕەفتارێکى خراپ.

باوەڕ و ئایین بەهێزترین پاڵنەرن مرۆڤى خاوەن ئایین لە هەموو کردەوەیەکى خراپ دەپارێزن، چونکە بڕواى تەواوى بەوە هەیە خواى گەورە چاودێر و ئاگادارە بەسەر کردەوەکانیەوە، هەر بۆیە لە هەموو شتێکى خراپ خۆى دەپارێزێت، نەک تەنها دوورکەوتنەوە لە کارى خراپ، بەڵکوو بەردەوام لە هەوڵى کارى باش و ڕەفتارى بەرزدایە هەتا لاى خوا زۆرترین پاداشت وەربگرێت و خواى گەورە لە خۆى ڕازى بکات.

مرۆڤى ئاییندار و خاوەن باوەڕ خاوەنى دڵ و دەروونێکى ئارامە، چونکە دەزانێت ئەگەر تووشى ناڕەحەتى و ناخۆشى بوو ئارامى گرت، ئەوا خواى گەورە پاداشتى دەداتەوە، ئەگەر ستەمى لێ کرا و دەسەڵاتى نەبوو باوەڕى وایە کە ڕۆژى دوایی هەیە و خواى گەورە تۆڵەى بۆ دەکاتەوە، بۆیە لەو کاتەدا هەست بە ئارامى و هێوربوونەوە دەکات، ئەگەر خۆشەویستێکى لە دەستدا دەزانێت دواڕۆژ هەیە و لەسەر ئارامگرتن خواى گەورە پاداشتى دەداتەوە، لەم کاتەدا ئەو باوەڕە گەورەترین ئارامیی بە دڵ و دەروونى دەبەخشن و تەواو هێورى دەکەنەوە.

هەروەکو کۆمەڵناسەکان ئاماژەیان پێ کردووە ئایین باشترین هۆى دابینکردنى تاک و کۆمەڵە، باوەڕ هێزێکى شاراوەیە لە ناخى هەموو باوەڕدارێکدا بە بێ بوونى پۆلیس و کامێراى چاودێرى ئەو تاکە هەست بە چاودێرىی خوا دەکات بەسەریەوە، هەر بۆیە سنوورى کەسانى تر نابەزێنێت و هەوڵى هاوکارى و یارمەتیدانیان دەخوات بە هیواى پاداشتى خواى گەورە، لە هەمان کاتدا لە کردەوە و کارێکى نەشیاو دوور دەکەوێتەوە، چونکە ئایین حەرامى کردوون و ئەنجامدەرانیان تووشى سزاى دواڕۆژ دەبن، لە هەمان کاتدا ئایین کۆمەڵێک کردەوە و ڕەفتارى کردەوە بە بەهاى باڵاى کۆمەڵ و وەک نەریتێکى پیرۆز سەیر دەکرین لە لایەن کۆمەڵەوە خەڵکى پێوەیان بەند دەبن، ئەم بەها باڵایانە دەبنە لەمپەر لە بەردەم هەموو کار و ڕەفتارێکى ناشیریندا، هەموو ئەمانە وا دەکات کۆمەڵ لە کارى قێزەون و تاوان پارێزراو بێت.

مرۆفى باوەڕدار ڕێزى کەسوکار و خەڵکى دەوروبەرى دەگرێت، چونکە ئایینەکەى فەرمانى پێ کردووە، هاوکارىی کەسانێک دەکات کە پێویستیان بە هاوکاریی ئەو بێت، لە هەمان کاتدا سنوورى کەسانى تر نابەزێنێت، ماڵیان ناخوات و ستەمیان لێ ناکات، تەنانەت خێرایى ئۆتۆمۆبێلەکەى لە سنوورى خۆى زیاتر بە گوناهو زیادەڕەوى دەزانێت و ئەو سنوورە نابەزێنێت، هەموو ئەمانە کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنى کۆمەڵ و پاراستنى لە گوناهو تاوان و نائارامى و نەبوونى دڵنیایی.

ڕەنگە کەسێک بڵێت: ئەى ئەوە نییە بەناوى ئایینەوە ئەو هەموو تاوانە دەکرێت!؟ ئێمە لێرەدا مەبەستمان پەیڕەوکردنى دروستى ئایین و باوەڕە، کاریگەریى باوەڕ لە سەر تاک و کۆمەڵ، لە هەموو ڕووەکانى دەروونى و ڕەفتارى و کردەییەوە، ڕاستە خەڵکى باوەڕدار بەناوى ئایینەوە تاوان ئەنجام دەدات، ئەوە تەوزیفکردنى هەڵەى ئایینە، یان پەرچەکردارە، یان هەڵە تێگەیشتنە لە پەیامى ئایین، هەتا ئێستاش لە وڵاتى خۆماندا ئەو هەموو تاوانە بەناوى ئایینەوە دەکرێت و لەگەڵ بوونى سەدان دەزگاى چەواشەکارى دژى ئایین، بەڵام هەتا ئێستا کاتێک کەسێک مامەڵەى ڕۆژانەمان لەگەڵ دەکات، یان پڕۆسەیەکى کۆمەڵایەتىی لەگەڵ ئەنجام دەدەین کاتێک هەست دەکەین کەسێکى بڕوادارە تەواو هەست بە دڵنیایی دەکەین، کە ئەو کەسە ستەم و کردەوەى ناشیرین بەرامبەرمان ناکات.

ئایین پاراستن و ڕێزگرتنى مرۆڤى پێویست کردووە، لە هەموو حاڵەتێکدا سوکایەتى بە مرۆڤ و کەرامەت و پیرۆزییەکانى تاوانە، هیچ کاتێک ئایین ڕێگە نادات سوکایەتى بە مرۆڤ بکرێت تەنانەت لە کاتى سزاو لێپرسینەوەشدا نابێت کەرامەتى مرۆڤ بشکێت، هەموو ئەمانە ڕێگرن لە بەردەم تاک و دەسەڵاتى باوەڕداردا کە سوکایەتى بە مرۆڤ نەکات و شەرعیەت نەدات بە شکاندنى شکۆى مرۆڤ بە ناوى ئایین و نیشتمان و شتى ترەوە.

هەروەها ئایین ڕێگە نادات ماڵ و سامانى گشتى و تایبەتى بە هەدەر بدرێت و بێبەرامبەر بخورێت، مرۆڤى باوەڕدار دەزانێت خوا ئاگادارە و دەیبینێ، بۆیە دزى ناکات و سوو ناخوات و گەندەڵى بە سامانى گشتییەوە ناکات، هەروەها لە کاتى کێشانە و پێوانەدا فێڵ و گزى ناکات، هەموو ئەمانە باشترین لەمپەرى بەردەم نەهێشتن و کەمکردنەوەى تاوانن.

لە کاتى ئێستادا کە ڕێژەى تاوان و دزى و گەندەڵى و لاوازبوونى بەها باڵاکان و نەبوونى خۆشەویستى نێوان تاکەکان، ڕێز نەگرتن و باوک و دایک و مامۆستا و کەسانى گەورە و، تەنانەت نەمانى متمانە و خۆشەویستیی نێوان ژن و مێرد و زۆربوونى ڕێژەى تەڵاق و هەڵوەشانى خێزان، هەموو بەرئەنجامى لاوازبوونى ئایینە، چوکە کاتێک منداڵ ڕێزى باوک و دایک و مامۆستاکەى دەگرێت وەک ئەرکێکى ئایینى ئەنجامى دەدات، کاتێک ئەو هەستە لاواز بوو، هەموو ئەو پەیوەندیانە لاواز دەبن.

ڕەنگە کەسانێک هەبن ئاییندار نەبن، بەڵام خاوەنى کار و کردەوەى باش بن، بەڵام ئێمە بە شێوەیەکى گشتى قسە دەکەین، کاتێک کەسێک بڕێک پارە یان هەر شتێکى تر دەدۆزێتەوە و بێ ئەوەى کەس ئاگادار بێت، بەڵام ئامادە نییە بیخوات و بە دواى خاوەنەکەیدا دەگەڕێت هەتا بۆى بگێڕێتەوە، کە خۆشبەختان ئەم دیاردە لەناو کۆمەڵى ئێمە بەرچاوە، ئەگەر پرسیارى لێ بکرێت بۆ ئەو کارەى کردووە؟ بێ یەک و دوو دەڵێت: لەبەر ئەوەى خوا ئاگادارە و بۆ من درووست نییە بیخۆم و مافى کەسێکى ترە، لێردا هێز و کاریگەریى باوەڕ دەردەکەوێت، لە هەمان کاتدا لە ماوەى پێشوودا مەخابن کۆمەڵێک تاوانى گەورە لەم وڵاتەدا ئەنجام دران و تاوانبارەکان گیران، ئەگەر توێژەرانى کۆمەڵایەتى سەردانى تاوانباران بکەن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەن، دەردەکەوێت کە کەسانێکى دوور لە ئایین بوون، هەر بۆیە توانیویانە ئەو تاوانە گەورانە ئەنجام بدەن

ژێدەر: ڕۆژنامەی ئاژانس

News Code 26371

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 3 =