ئەگەری گۆڕینەوەی زیندانیانی ئێرانی و ئەمریکایی لە ئارادایە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی کرد کە پێشنیاری گۆڕینەوەی زیندایان لە گەڵ ئەمریکا جیدییە و لە ڕابردووشدا هەر بووە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید عەباس مووسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیاری موحەمەد جەواد زەریف بۆ گۆڕینەوەی زیندانی ئێران و ئەمریکای بە جیدی و پێشینەدار وەسف کرد.

مووسەوی وتی: کاردانەوەی ئەمریکییەکان بە ئەو پێشنیارە کە لە سەر ئازادی تاک لایەنەی زیندانییە ئەمریکییەکان جەختیان بوو نیشانەی تێنەگەیشتنی ڕاستەقینەی واشنتۆن لە دانوستان و ڕێککەوتنە.

ناوبراو وتیشی: وەزارەتی دەرەوە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی خۆی ئامادەیە بۆ گۆڕینەوەی کەسانێک کە لە لایەن دەزگای دادەوە بە تۆمەتی دیار سزا دراون و لە ئێران زیندانی کراون، لە بەرانبەر ئازادی تەواوی ئێرانیانی زیندانی لە ئەمریکا کە بە تۆمەتی نایاسایی پێشێل کردنی گەمارۆکان و هەروەها بەدوادا نەچوون بۆ ئەو کەسانەی کە بە گوشاری ئەمریکا و یا بە تۆمەتی بێ بنەمای پێشێل کردنی گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی جیاواز دەستگیر کراون، هەوڵ بدات.

مووسەوی هەروەها کاردانەوەی بەپەلەی بەرپرسانی ئەمریکی و داخوازی ئازادی تاک لایەنەی زیندانیانی ئەمریکیی نیشانەی تێنەگەیشتنی ڕاستی ئەوان لە چەمکی دانوستان، ڕێککەوتن و گۆڕینەوە وەسف کرد، کە دەیسەلمێنێت ئەوان لە پاگەندەکان و بانگەشەکانی مانگی ڕابردووی خۆیان ڕاست بێژ نین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی کرد ئەگەر ئیرادەیەک لە ڕژێمی ئەمریکا هەبێت، پێشنیاری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونە و پێویستی بە هیچ جۆرە شرۆڤەیەک نییە.

زەریف ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەک بە میوانداری " ئەنجومەنی کۆمەڵەی ئاسیا" لە نیۆیۆرک بە ئاماژە بە ئەوەی کە ئێران پێشتریش لە گەڵ ئەمریکا زیندانیی گۆڕیوەتەوە، وتی: ئەوەی کە من دەتوانم وەکوو وەزیری دەرەوە ئەنجامی بدەم، ئەوەیە کە ئەو پێشنیارە ئاشکرا لە سەر کورسی دانوستان دابنێم. وەرن ئەو زیندانییانە بگۆڕینەوە. تەواوی ئەوانەی کە لە زیندانەکانن، چ لە ئەمریکا، چ لە وڵاتانی تر کە چاوەڕێی ڕادەست کردن بە ئەمریکان، ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین کە تۆمەتەکانی دژی ئەوان ساختەیە و لە بەرانبەریشدا ئەمریکا پێی وایە کە تۆمەتەکان دژی زیندانییەکانی لە ئێران ساختەیە.

ناوبراو زیادی کرد: کەواتە، وەرن هیچ باسێک لەم بارەوە نەکەین و زیندانییەکان بگۆڕینەوە. ئەمن ئامادەم ئەو کارە ئەنجام بدەم و ئیختیاری ئەنجامی ئەو کارەم هەیە. ئێمە شەش مانگ لەمەوپێش هەواڵمان دایە دەوڵەتی ئەمریکا کە ئامادەین ئەو کارە بکەین و هێشتا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە. ئەگەر ئەوان هەر ستێک جگە لە ئەوە بڵێن درۆیە.

لە کاردانەوە بە ئەو قسانە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە مەرجی دانا و ڕایگەیاند کە ئێران ئەبێ سەرەتا بە شێوەی تاک لایەنە تەواوی زیندانییە ئەمریکییەکان ئازاد بکات.

News Code 26214

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =