مـتـمـانـە بـەری ڕاسـتگـۆیـیـە

"مرۆڤ بۆئەوەی لەسەر ڕێڕەوی دروستی خۆی ڕێ بکات پێویستی بەشارەزایی ھەیە، دەی ئیمانی ڕاست چاکترین چاوساغە بۆی، چون فێری ڕاستگۆیی دەکات لە گوفتارو ڕەفتاریدا."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- عوسمان محەمەد كەریم: دەوای دەردەداری مرۆڤ، گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەی دەواخانەی خاوەنی ئادەمی، وەختێک کڵۆڵی و دەستەپاچەیی باوەو ئادەمیەکان ڕێ چارە دەرک پێناکەن، ھۆکەی بۆ بەستن و قفڵ کردنی نیعمەتی ئاوەز دەگەڕێتەوە. ئەگینا کەی ڕەوایە سەرداری مەخلوقات لە ئاست ھاو جنسەکەیدا (ئینسان) چەوساوەو ژێردەستە بێت!!

مرۆڤ بۆئەوەی لەسەر ڕێڕەوی دروستی خۆی ڕێ بکات پێویستی بەشارەزایی ھەیە، دەی ئیمانی ڕاست چاکترین چاوساغە بۆی، چون فێری ڕاستگۆیی دەکات لە گوفتارو ڕەفتاریدا. ئەوکات دەبێتە خاوەنی متمانەو لای نزیک و دوور سەنگین دەنوێنێ.

دەی کاتێک ئادەمیزاد دەبێتە خاوەنی (ئیمان)، دەستبەجێ ئەو کارو کردەوانەی ئەنجامیان دەدات پاک و چاکن، لە بەرژەوەندی خۆی و خەڵکی دان. چونکە متمانەی بێ خەوشی ھەیە، ئەوەی چاودێریەتی و لێی دەپرسێتەوە بەھیچ شێوەیەک ستەمی لێ ناکاو پاداشتی زایە ناکات. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە ئەم بەڵگە قورئانیە دەخەینەڕوو.

مەرجی براوەیی لای خوای (متعال)، خۆپاراستنە لە زوڵم و ستەم کردن، چون ئەمە بڕیاری حەتمیە: (وَقَدْ خَابَ مَنْ حَمَلَ ظُلْمًا)، ئەوەی ستەمی کردووەو تەوبەی نەکردووە، ڕەنج بەخەسارو نائومێدو چارەڕەشە. بەڵام ئەوەش کە کارو کردەوە چاکەکان ئەنجام دەداو ئیمانداریشە: (وَمَن يَعْمَلْ مِنَ الصَّالِحَاتِ وَهُوَ مُؤْمِنٌ). ئەوە ئیتر: (فَلَا يَخَافُ ظُلْمًا وَلَا هَضْمًا/ طه:١١١). ناترسێت لەوەی ستەمی لێ بکرێت یان مافی زەوت بکرێت.

زوڵمی لێ ناکرێت بەوەی خراپەکانی بەزیاد بۆ تۆمار بکرێت، بەڵکو لێیشی خۆش دەبێت. ئەمە مانای (الظلم). ھەروەھا وشەی (الھضم)، واتە: لە چاکەکانیشی کەم ناکرێتەوە. نە لەچاکەی کەم دەکرێتەوە، وەنە لە خراپەی زیاد دەکرێت. جا ئەم متمانە بەخشینە بەمرۆڤ لەو خوایەوە دەبەخشرێت کە سەرچاوەى ڕاستگۆییە: (وَعْدَ اللّهِ حَقًّا وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللّهِ قِيلاً) النساء: 122

لێرەوە کەسی ئیماندار پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە بە ڕاستی و دروستی کارو ئەرکى؛ بەپێی تواناو بۆ گونجان، جێبەجێ بکات، تاکو دەبێتە جێی متمانەی دەوروبەری، ئەوکات ئەوانیش گەر لەسەر ئاوەز ژیان، ئەوا دەیکەنە چاوساغی خۆیان، ئەگینا دەبنە ستەمکارو زوڵم لە خۆیان دەکەن و بەرپرسیاری لە ئەستۆی خۆیانە.

ژیدەر؛ کورد یو

News Code 26189

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 10 =