چەکی دراوی/ ڕێکخراوە نوێیەکانی جیهان چۆن خزمەت بە گەمارۆکان دەکەن؟

چەکی دراوی ئەمریکا، بریتییە لە کۆمەڵێکی یەکریز لە یاساگەلی گەمارۆیی بانکی ئەمریکا، ڕاسپاردەکانی FATF و خزمەتکاریی سوئیفت بۆ داسەپانی گەمارۆکان کە ساڵانی ڕابردوودا ئێران یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکانی بووە.

بە ڕاپۆرتی تایبەتی ئاژانسی مێهر، چەکی دراوی ئەمریکا، بریتییە لە کۆمەڵێکی یەکڕیز لە یاساگەلی گەمارۆیی بانکی ئەمریکا، ڕاسپاردەکانی FATF و خزمەتکاریی سوئیفت بۆ داسەپانی گەمارۆکان کە بە پشت‌بەستن بە دەسەڵاتی دراوی جیهانگیری دۆلار و زاڵبوونی ئەو دراوە بە سەر مامەڵەگەلی جیهانی، بە دوای وەدی هێنانی هەژمۆنیای ئەمریکایی بە سەر جیهانەوەیە، لە ساڵانی ڕابردوودا ئێران یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکانی بووە.

چاوخشاندنێک لەسەر چوارچێوەی ئەندێشە و پراکتیگ لە دارشتەی گەمارۆکانی سەر ئێران، نیشاندەری بوونی خاڵێکی گوهەرین لە شێوەی داسەپانی لە دوای ساڵی ٢٠١٠ەوەیە.

ڕاپۆرتی خوارەوە بەشێکە لە وتاری "چەکی دراوی و پێگەی ناوەندگەلی نوێی جیهانی لە بەهرە لێ وەرگرتنی" لە نووسینی  مەسعوود بەراتی بەڕێوەبەری بەشی نێودەوڵەتی کەناڵی کانوونگەلی هزری ئێران (ئیتان) وعەلی ئەکبەر بەهنیافەڕ کارناسی پرسی ئابووری نێودەوڵەتی، کە لە کۆڕبەندی نیشتمانی بەرگری ئابووریدا ئاراستە کراوە. ئەو ڕاپۆرتە هەوڵ دەدات بە لێکدانەوەی یاسا و ڕێساکانی گەمارۆی ئێران و بە میتۆدی توێژینەوەی بەڵگەیی و ئاوردانەوە لە دایکۆمێنتەکانی FATF و سوئیفت، پەیوەندیی نێوان گەمارۆکان، ڕاسپاردەی FATF و خزمەتەکانی سوئیفت لێکداتەوە.

سێ گۆشەی چەکی دراوی ئەمریکا

گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا، ستانداردەکانی گرووپی تایبەتی هەنگاوی دارایی و خزمەتەکانی سوئیفت سێ لقی سێ کۆچکێنی چەکی دراوین کە باڵی بە سەر سیستەمی دارایی جیهانی یان سیستەمی بانکی جیهانیدا گرتووە. پرسێک کە دەکرێ وەک "سێ گۆشەی چەکی دراوی" ناوی لێ ببرێت.

گەمارۆ نوێیە بانکییەکان خاڵی سەرکاوی سێ گۆشەی دراوی

گەمارۆگەلی بانکی ئەمریکی خاڵی سەرکاوی ئەو سێ گۆشەیە. جێبەجێ کردنی گەمارۆگەلی نوێی بانکی ئەمریکا بە پێی شێوەی داسەپان بە سەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت، بەرەی یەکەم کە لە سەردەمی بەر لە ساڵەکانی ٢٠١٠ و بە پێی فەرمانەکانی سەرۆک کۆمار جێبەجێ دەبێت، هەڵگری هەڵوێستێکی پاشهاتییە و ئەنجامی زنجیرە خزمەتە بانکییەکان دەکاتە ئامانج. تەواو ناوەندە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی و لەوان بانکی میللی، بانکی گەشەی سادرات و خود بانکی سادرات دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو جۆرە گەمارۆیە.

ئەو بەرەیە لە گەمارۆگەلی بانکی کۆمەڵێک لە کردار و کەسایەتی و ناوەندەکان پێناسە دەکا و گەمارۆ دەدا (وەک ناوەندگەلی گەمارۆیی ئێران) و مەرج دادەنێت کە هەر کەس خزمەتی دارایی [١] بە ناوەندەکانی گەمارۆدراو ئاراستە بکات، یان خۆی گەمارۆ دەدرێت و یان دەکەوێتە SDN لیستی ئەمریکا. [٢]

بەڵام بەرەی دووهەمی گەمارۆگەلی بانکی کە پاش ساڵی ٢٠١٠ سەرنجی دەسەڵاتدارانی ئەمریکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، هەوڵ دەدات بانکگەلی گەورەی جیهانی بۆ داسەپانی گەمارۆکان لە گەڵ دەوڵەتی ئەمریکا هاوئاهەنگ و هاوڕێ بکات. واتە ئەو بانکانە ناچار دەکات کە خزمەتی بانکی ئاراستەی کەسایەتی و ناوەندگەلی گەمارۆدراو نەکات. کەواتە خاڵی تەرکیز لە سەر سەرەتای زنجیرەی خزمەتی بانکی یان بانکگەلی گەورەی نێودەوڵەتییە و باڵی گوشاریش مسۆگەر کردنی سیستەمی پێدانی دۆلار (پەیوەندیی کارگێڕانە لە گەڵ بانکە ئەمریکییەکان) دیاری کراوە. هەڵوێستی ئەو بەرە لە گەمارۆکانی پێشهاتی (پێشگرانە)یە و ئامانج لەو ئیزۆلە کردنی ئامانجە گەمارۆدراوەکان لە سیستەمی بانکی جیهانییە. ئەم ستراتژییە گەمارۆییە پێوشوێنی یاساگەلی "یاسای کۆگری گەمارۆکانی ئێران، CISADA"، "یاسای ئازادی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی چالاکیگەلی پەرەدانی ئێرانی، IFCA" و … ـه. لەو یاساگەلدا مەرج کراوە کە بانکەکان چ بە شێوەی ئاگادارنە خزمەت بە ئامانجە گەمارۆییەکان بگەیێنێت و یان ئەوەی کە دەبێ زانیاریان بە دەست دەهێنا کە مشتەرییەکانیان، لە گەڵ ئامانجە گەمارۆدراوەکان پەیوەندیان هەیە یان نا و ئەو کارە ئەنجام نەدەن، بەرەوڕووی بەرتەسک بوونی حسابە کارگێڕییەکانیان لە وڵاتی ئەمریکا دەبن.

پێگەی FATF لە داسەپانی گەمارۆگەلی نوێی بانکیی ئەمریکا

مەرجی سەرکەوتنی گەمارۆگەلی نوێی بانکیی بەرەی دووگەم ئەوەیە کە بانکەکان بتوانن مامەڵە ئەنجام دراوەکان لە لایەن ئامانجە گەمارۆدراوەکان دەستنیشان بکەن. بۆ ئەو کارە پێویستە کە بەهرەمەندی سەرەکیی هەر مامەڵەیەک بناسرێت. لە ڕاستیدا وەک دەیڤید کۆهێن جێگری وەزیری خزێنەداریی ئەمریکا لە کاروباری بەرەنگاربوونەوەی دابین کاری دارایی تیرۆریزم و تاوانی دارایی لە ساڵەکانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٥ دەڵێت، دەبێ ژێرخانێک ئامادە بکرێت کە لە رێگەی ئەوەوە ڕوونکاریی دارایی بەرهەم بێت و بە وردی دەربکەوێت کە ئەکتەرانی ئامانجی گەمارۆ لە گەڵ چ کەسانێک لە پەیوەندی دان هەتا پێشگری لە چالاکیان بکرێت. ئەو ڕوونکارییە بۆ هەر دوو بەرەی گەمارۆ نوێیە بانکییەکان زەروورییە. چ بۆ بەرەی یەکەم کە بە ئامانجی سزاگەلی جۆراوجۆری گەمارۆکانە و چ لە بەرەی دووهەم کە بە دوای ئیزۆلە کردنی ئامانجگەلی گەمارۆدراوە.

FATF یان گرووپی هەنگاوی دارایی لەو بوارەدا ڕۆڵ دەگێڕێت. کۆمەڵەی ڕاسپاردە ٤٠ بڕگەییەکانی  FATFکە هەڵبەت بە هاوبەشی و ڕۆڵ گێڕانی ئەمریکا ئامادە کراوە، تێکرا بە مەبەستی بەرزکردنی ڕوونکاریی دارایی لە ئاستی جیهانییە. ئامادە کردنی زانیاریی دروست بۆ ناسینی مشترییەکان و لێکدانەوەی ئەو زانیاریانە و پاشان بە هاوبەشکردنی ئەو زانیاریانە لە گەڵ بانک و ناوەندە دەرەکییەکان، نموونەگەلێک لە ڕاسپاردەکانی ئەو گرووپەیە کە دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی ئامانجە گەمارۆدراوەکان لە گەمارۆ نەدراوەکان.

کۆمەڵەی ستانداردەکانی گرووپی تایبەتی هەنگاوی دارایی تەرکیز دەخاتە سەر دوو ڕەهەندی بەرهەم هێنانی زانیاریی دروست لە پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاوبەش کردنیان. ئەو دوو ڕەهەندە لە کامڵ کردنی پازلی گەمارۆکاندا زۆر کاریگەرە.

ڕۆڵی سوئیفت لە سێ گۆشەی چەکی دراوی

بەو پێیەی داسەپانی گەمارۆکان و هاوکات جێبەجێ کرانی ستانداردەکانی FATF، ئاستەنگ دەخاتە بەردەم ڕەوتی بازرگانی جیهانی و مامەڵەگەلی ئابووری و جیهانی بەرەوڕووی سەخڵەتی دەکات و لە ئەنجامدا ڕاکێش و دەست پێوەگرتنی ئابووریی بۆ بانکەکانی جیهانی بە دواوە نییە، پێویستی بە کۆمەڵێک سادەکردن و ڕەوان کردنەوە هەیە. سوئیفت لە ئاسانکاری و سادەکردنی جێبەجێ کاریی ستاندارد و داسەپانی ئاسانتری گەمارۆکان، ڕۆڵ دەگێڕێت و بە پێدانی خزمەتی وەک لە هێڵەك دانی گەمارۆکان [۳]، ناسینی مشتەری [۴] و ناسینی مشتەریی مشتەری [۵] بۆ دابەزینی تێچووەکان لە جێبەجێ کرانی گەمارۆکان هەوڵ دەدات. خزمەتە نوێیەکانی کۆمپانیای سوئیفت لەو پێناوە ڕوو لە گەشەیە. چیتر ناکرێ سوئیفت بە پیامنێرێکی سادە بزانرێت، بەڵکوو ئەو کۆمپانیایە خەریکە دەبێتە کەرەسەی داسەپانی دەسەڵات لە پێناو سیاسەتگەلی دەوڵەتی ئەمریکا.

زاڵبوونی دۆلار بە سەر مامەڵە جیهانییەکان، هۆکاری کاریگەریدانانی چەکی دراوی

ئەوی بۆتە هۆی ئەوەی کە گەمارۆکانی ئەمریکا بە ناوبژیی ستانداردگەلی FATF و سوئیفت (کۆمەڵەی جیهانیی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بانکی) جێبەجێ بێت، قەبە بوونی ئابووریی ئەمریکا لە کۆی دەفرایەتی ئابووریی جیهان و هێژمۆنیای ئەمریکا بە سەر مامەڵە دراوییەکانی جیهان  لە سای جیهانگیربوونی دراوی دۆلارە. بە پێی ئامارەکان نزیکەی لە سەدا ٢٥ی بەرهەم هێنانی ناڕەسەنی ناوخۆیی جیهان تایبەت بە وڵاتی ئەمریکایە و نزیکەی لە سەدا ٦٥ی مامەڵەکانی ناو سوئیفت، بە دراوی دۆلار ئەنجام دەدرێت. ئەو پرسە بۆتە هۆی ئەوەی ئەگەر بانکە مەزنەکانی جیهان کە زۆربەی مامەڵەگەلی جیهانی لە رێگەی ئەوانەوە ئەنجام دەدرێت، بە پێچەوانەی یاساگەلی گەمارۆیی ئەمریکا بجووڵێنەوە، بە هۆی پێداویستیی زۆریان بە دۆلار، بەرەوڕووی تەنگەژە یان بێ بەهرەبوون لە سیستەمی ماڵیی ئەمریکا دەبن.

دەبێ بڵێین وڵاتانی جیهانی لە ساڵانی داهاتوودا چیتر بەرەوڕووی هێژمۆنیای دۆلار نین، بەڵکوو بەرەوڕووی سێ کۆچکینی چەکی دراویی ئەمریکان کە دەبێ لە پێناو دەرباز بوون لەو چەکە تەگبیری نوێ بکەن.

 [۱] FINANCIAL SERVICE

 [۲] لیستی گەمارۆی نیشتمانی ئەمریکا (Specially Designated Nationals)

 [۳] SANCTION SCREENING

 [۴]  KYC REGISTERY (know your customer)

 [۵] know your customer customer

News Code 26187

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 2 =