وەرگێڕان، دەسکەوت یان دانوستان؟

وەرگێڕان ئاوێنەی ئەدەبیی جیهانه و وەرگێڕی لێهاتوو، کەسێکه که هەوڵ دەدات هەنگاو به هەنگاو له دەقی ئەدەبی مەبەست، نزیکتر بێتەوه.

ئاژانسی هەواڵی مێهر،بەشی نێودەوڵەتی-  هادی حەبیبی: پێشکەوتن و گەشەسەندنی فەرهەنگی جەماوەریی هەر نەتەوەیەک، تا ڕادەیەکی یەگجار زۆر پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکەدا هەیه و هیچ فەرهەنگێک به تەنیا، به خولیای مۆدێرنیته و جیهانیی بوون ناگات.

به وتەیەکی دیکه، بوونی پێوەندی له نێوان فەرهەنگی گەلانی جیهاندا، دەبێته هۆی دروست بوونی جۆره دانوستانێکی فکریی، که له ئاکامدا خودی فەرهەنگەکان به تێکڕایی بەهرەی لێ وەردەگرن. بۆیه له هەنگاوی یەکەمدا، دەکرێ پێشکەوتووترین فەرهەنگ، به فەرهەنگێک پێناسه بکرێ، که زۆرترین دیالۆگ و هاریکاریی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا هەیه و بەردەوام ئەو هاریکارییه، به شێوەیەکی بەرفراوانتر دەپارێزێت.

بێجگه له جەماوەری خەڵکی که فەرهەنگێکی گشتیی پێک دێنن، هەر تاکێکی کۆمەڵگەش هیچ کات به تەنیا و به بێ هەڵسوکەوت، تەنانەت ژیانی ئاسایی خۆشی بۆ بەرەو پێش ناچێ. من وا بیر دەکەمەوه که جیا له ئاڵا و فەرهەنگ و زمان و هەر شوناسێکی نەتەوەیی دیکه و تەنانەت پێش لەوانەش، هونەر به گشتی ڕەمزی یەکگرتوویی و پێوەندیی قووڵی نێوان مرۆڤەکانه، که سەرەڕای هەموو جیاوازییەک، دەیانکاتەوه یەک و وەک پازڵێکی لێک هەڵبڕاو وێکیان دەخاتەوه.

بۆ نموونه کاتێک سەرنج دەدەینه بەرهەمێکی هونەریی، به باشی بۆمان دەردەکەوێ که له چییەتی ئەم بەرهەمەدا، هەموو ڕەگەزەکان له پێوەندییەکی بەردەوام دان و له یەکتر جیا نابنەوه. گرنگتریش ئەوەیه که له سەرجەمی ئەو بەرهەمەدا و به هۆی ئەو پێوەندییە ئاماژه پێکراوه، له ڕاستیدا یەکگرتووییەک دێته ئاراوه، که له ئاکامدا خودی هونەرەکه، بێ گومان له سەر ئەو ساغ دەبێتەوه. کەوابوو هونەر له خۆیدا، یەکگرتووییەکی دەروونیی تێدایه، که له دنیای کردەوەییشدا، بۆ سەرجەمی بەردەنگەکانی ڕەنگدانەوەی هەیه:

وەرگێڕان، دەسکەوت یان دانوستان:

وەرگێڕان له ڕاستیدا، بزاڤێکی هونەریی نێوان دوو زمانه، که کەسی وەرگێڕ هەم به هونەر و هەم به زانستی خۆی، پردێک له نێوان زمانی یەکەم و دووهەمدا هەڵدەبەستێ و بەو بۆنەیەوه، هونەری وەرگێڕان دێنێته ئاراوه. کەوابوو وەرگێڕان له خوێندنەوەیەکی هونەریی_ زانستیدا، هاوکات دوو لایەنی ئاشکرا له خۆ دەگرێت.

یەکەم لایەن له حەقیقەتدا، جۆری ڕووبەڕووبوونەوەی وەرگێڕه لەگەڵ دەقی ئەدەبیدا، که زۆرتر له لێهاتوویی وەرگێڕەوه سەرچاوه دەگرێت و هەرچەندی وەرگێڕ له سۆز و هەستی شاعیرانه نزیکتر بێ، بەو پێیەش وەرگێڕانەکەی، سەرکەوتووتر خۆی پێشان دەدات و به شێوازێکی هونەری‌تر، بوونی خۆی له هزری بەردەنگدا دەسەلمێنێ. به کوتنێکی دیکه، ئەو وەرگێڕەی که هەوێنی شێعریی تێدایه، به چەشنێکی زاڵتر دەتوانێ ڕسته به وێنه و جوانکاریی جۆراوجۆری ئەدەبی بڕازێنێتەوه و له کۆتاییدا، دەقێکی به تەواوی ئەدەبی و شاعیرانه له زمانی مەبەستدا به دەستەوه بدا.

ئەگەرچی ئەو مەرجەش، مەرجێکی سەتاسەت نییه، بەڵام بۆ پاراو بوونی ڕاوێژ و ڕاسته و پاسته کردن و تیفتیفه دانی دەقی وەرگێڕدراو، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگره و بوونەکەی یەگجار پێویسته. لایەنی دووهەم لایەنێکی زانستییه، که زانستی وەرگێڕ به سەر هەر دوو زمانی یەکەم و دووهەمدا دەخوازێ و کەسی وەرگێڕ، بێجگه له سەلیقەی هونەریی -که زیاتر ئیلهامێکی دەروونییه- پێویسته بۆ سەلماندن و مسۆگەرکردنی وەرگێڕانەکەی، به سەر تەکنیکگەلی هەر دوو زمانی ئاماژه پێکراودا زاڵ بێت.

له درێژەی ئەم بەشەی دووهەم واتا (لایەنی زانستی)دا، ڕەنگه بتوانین بەو ئاکامه بگەین، که به زاڵبوونی زانستیانەی وەرگێڕه که دەقی ئەدەبی، مانا و نێوەرۆکی خۆی له زمانی دووهەمدا دەپارێزێ و هەروەها ستایلی نووسەری دەقی زمانی یەکەمیش، به چەشنێکی زانستیانه ڕادەگوێزرێته سەر زمانی دووهەم. کەوابوو لایەنی هونەریی، زۆرتر ڕواڵەتی دەق له خۆ دەگرێ و لایەنی زانستیی، هەم نێوەرۆکی دەق به چەشنێکی ئەمانەتدارانه و هەمیش ستایلی بەکارهێندراوی نووسەر به جۆرێکی وەستایانه، هەڵدەگەڕێنێتەوه سەر زمانی دووهەم.

بەڵام له کەڵک وەرگرتن و بەکارهێنانی جۆری وەرگێڕان له نێو دەقی ئەدەبیدا، ئەوەی هەر له کۆنەوه له خوێندنەوەکانی سنت جرووم (پسپۆڕی وەرگێڕ له زمانی یوونانییەوه) هەتا سەردەمی مۆدێرن درێژەی هەیه؛ کێشەی وەرگێڕانی وشه به وشه لەگەڵ وەرگێڕانی مانا به مانا و هەروەها کێشەی (ڕواڵەت) له بەرانبەر (نێوەرۆک) دایه.

جرووم له ڕۆژگارێکی ئەنگوستەچاودا، که تاقمی لایەنگری وەرگێڕانی وشه به وشه، دەسەڵاتی تەواویان به دەست بوو، واتا له کۆتاییەکانی سەدەی چوارەمی زایینیدا، به ئاشکرا ددانی به وەرگێڕانی مانا به مانادا هێنا و باقی وەرگێڕانەکانی دیکەی بوێرانه وەلانا.

جرووم وەرگێڕانی وشه به وشەی، به شتێکی سووک و بێ بایەخ پێناسه کرد و تاوانی ڕواڵەتگەرایی، خسته پاڵ ئەم جۆره وەرگێڕانەوه. ئەو پسپۆڕه پێی وابوو به پێچەوانه، وەرگێڕانی مانا به مانا ڕاستەوخۆ لەگەڵ نێوەرۆکی دەقی زمانی یەکەمدا، پێوەندیی هەیه و ئەو جۆره وەرگێڕانه هەلێکمان بۆ دەرەخسێنێ، که ئێمه مانا و نێوەرۆکی دەق -که هەمان مەبەستی سەرەکی زمانی یەکەمه- ئاشکرا بکەین و وەریبگێڕین.

ئەم بۆچوونەی جرووم، کاریگەری زۆری له سەر وەرگێڕ و ڕەخنه نووسانی چین و جیهانی عەرەب و هەروەها وڵاتی ئەورووپی دانا و دواتر له سەر وەرگێڕانی دەقی ئینجیل، له لایەن مارتین لۆتێرەوه، که وەرگێڕانێکی ئایدۆلۆژیکی بوو، کاریگەریی خۆی پاراست و به گشتی بەهرەی درێژخایەنی دانا. له وەرگێڕانی مانا به مانادا، نێوەرۆک هەمان چەمکێکه که له وشه و تەنانەت زاراوه وەدەردەکەوێت.

لەم جۆره وەرگێڕانەدا وەرگێڕ، دەق به تەواوی و به چەشنێکی پوخت و پاراو، بۆ بەردەنگ ئاماده دەکات و ئەو نهێنییانەی که له نێو دڵی ڕستەدا شاردراونەتەوه، به تێگڕایی بۆ نێو دەقی وەرگێڕدراوی دەگوێزێتەوه. وەرگێڕ دەبێ ئەوپەڕی هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بدا، بۆوەی خوێنەری دەقی وەرگێڕدراو له ڕاستەقینەی پەیام و له بنەڕەتدا، له فەلسەفەی دەقی زمانی یەکەم تێ بگەیەنێت.

 له خۆڕا نییه که یووجین نایدا (زمانناسی هاوچەرخی ئەمریکی) که بڕوای تەواوی به هاوسەنگ سازیی له وەرگێڕاندا هەیه، وەرگێڕان به دوو لایەنی ڕواڵەتی (formal) و داهێنەرانه (dynamic)دا دابەش دەکات.

له ڕوانگەی ئەم زمانناسەدا وەرگێڕانی ڕواڵەتی، ئەمەگی بۆ فۆڕمی وشه و ڕسته زیاتره و به پێچەوانه، وەرگێڕانی داهێنەرانه هەمان وەرگێڕانی مانا به مانای ئێمەیه، که پەیام یان فەلسەفه و کاکڵی ڕستە تێیدا، له پلەی یەکەمی گرنگایەتی دایه.

وەرگێڕانی ڕواڵەتی، هونەرێکی شیاوی سەرنجی تێدا نییه، بەڵام وەرگێڕانی داهێنەران(مانا به مانا)ه، وەرگێڕانێکه که فەلسەفەی وەرگێڕان له خۆ دەگرێ و ئەوەی له نێو دڵی دەقی یەکەمدایه، بۆ خوێنەری دەخاتەڕوو. لەم جۆره وەرگێڕانەدا، وەرگێڕ ڕۆحێکی تازه به بەر دەقی وەرگێڕدراودا دەکات و سەر له نوێ دەیخوڵقێنێتەوه.

کاتێک ئێمه باس له هونەری هاوسەنگ سازیی دەکەین، بێ گومان خودی ئەو هونەره که له وەرگێڕانی مانا به مانادا ڕەنگ دەداتەوه، ڕادەی زانستیی یان نازانستییانەی کەسی وەرگێڕمان زیاتر و زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوه. وەرگێڕان بۆخۆی له بنەڕەتدا، پێوەندییەکی فەرهەنگی نێوان خەڵک و گەلانێکه، که هاوزمان نین و له زمانی یەکتری تێناگەن.

وەرگێڕانیش لەم دۆخەدا، کەرەسەیەکه بۆ ڕاگوێزتنی بیر و ئەندێشه و ئایین و بگره چیرۆک و هەموو ئەو هونەرانەی، که له نێو نەتەوەکاندا بوونیان هەیه و ئاستی کەم و زۆرییان به قەت یەک نییه.

بۆیه کەسێکی که بڕیاره ببێته بەرپرسی ڕاست ڕاگوێزانی ئەو هەموو بابەتگەلەی که ئاماژەم پێکرد، پێویسته هەر دوو زمانی یەکەم و دووهەم به تەواوی بزانێت و بێجگه له زانست، بگاته ڕادەیەکی که به هیچ کلۆجێ له هاوسەنگ سازیی وشه و زاراوه نەپرینگێتەوه و دانەمێنێت.

له سەردەمی قاجارییەکاندا، که دەورانێکی پڕ نەگبەتی و چارەڕەشی له لاپەڕەی مێژووی ڕامیاریی ئێران بوو، لانیکەم به هۆی دروست بوونی سەنتەری دارولفنوون و کەسایەتی ڕۆشنبیری وەک ئەمیر کەبیر له ساڵی ۱۲۶۸ی هەتاویدا، گەلێک پەڕتووکی به بایەخی وەک مێژووی ناپێلئۆنی یەکەم، مێژووی وێلهلم و هەروەها زۆربەی بەرهەمه ئەدەبییەکانی فەڕەنسی وەکوو ئاسەواری ئەلکساندر دۆما، وەرگێڕدرانە سەر زمانی فارسی و تێگەیشتوویی و زانست و ئاوەدانییان بۆ وڵاتی ئێران به خەڵات هێنا.

نابێ ئەوەمان له بیر بچێ که وەرگێڕانی بابەتگەل و بەرهەمی بیانی، بۆ سەر زمانی کوردی چەنده پێویسته؛ دوو هێنده وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی بۆ سەر زمانەکانی دیکه پێویست تره.

من پێم وایه وەرگێڕان له پێناسەیەکی ساکارتردا، دیالۆگێکی نووسراوەییه که ئەدەبیاتی ئێمه له هەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێیەتی. له بەر ئەوەی ئەدەبێکی کارامه و ئەکتیڤ -به گشتی- بۆ زیاتر کردنی سامانی فەرهەنگی و نەتەوایەتی خۆی، پێ به پێی نووسین و داهێنان، پێویستی به هونەری وەرگێڕانیشه، که لانیکەم جەماوەری خۆی له ئەدەبیاتی گەلانی جیهان ئاگادار بکاتەوه. هەر بەرهەمێک هەتا نەکراوەتە زمانێکی دیکه، دەسکەوتێکی نەتەوەییه که تەنیا بەردەنگانی ئەو زمانەی که پێی نووسراوه، کەڵکی لێ وەردەگرن.

بەڵام کاتێک هەمان بەرهەم وەرگێڕدراوه؛ ئیتر دەبێته بەرهەمێکی جیهانیی، که نەتەوه جۆراوجۆرەکانی دیکەش دەیخوێننەوه و وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی نووسەرەکەی، له هزری خۆیاندا ڕایدەگرن.

 وەرگێڕان بۆ ئەدەبی نەتەوەیەک، دەسکەوتێکی به هێزه که وێڕای دانوستانێکی فکریی و فەرهەنگی که لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکەدا سازی دەکات، ئاستی ئەدەبی و فەرهەنگی نەتەوەکەی خۆشی پێ دەوڵەمەند دەبێ. گەلێک جار به بۆنەی بەرهەمێکەوەیه، که به گشتی بابەتگەلی ڕامیاریی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و هەروەها ئاستی پێشکەوتوویی یان دواکەوتوویی وڵاتێک، له قۆناغێکی مێژووییدا، بۆ کۆمەڵگەی جیهانیی ڕوون دەبێتەوه.

بۆیه که وردتر دەڕوانینه ئەو بابەته، زێدەتر بەم ڕاستەقینەیه دەگەین که بایەخی ئەرکی وەرگێڕ له هونەری وەرگێڕاندا، هیچ کات له سەرجەمی هونەرەکانی دیکه _ ئەگەر زۆرتر نەبێ_ کەمتر نییه.

وەرگێڕان ئاوێنەی ئەدەبیی جیهانه و وەرگێڕی لێهاتوو، کەسێکه که هەوڵ دەدا هەنگاو به هەنگاو له دەقی ئەدەبی مەبەست، نزیکتر بێتەوه.

News Code 26052

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 0 =