داعش لە بێشکەوە تا گۆڕ

جەنایەت و تاوانەکانی داعش لە کاتی سەرهەڵدان تا چرکەی لەناو چوونی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە چەند وێنەی خێرا و بە شرۆڤەیەکی زۆر کورتیش باش دەرئەکەوێت.  

ئاژانسی هەواڵی مێهر - بەشی نێودەوڵەتی؛ بورهان شێخ ڕەئووف: ڕۆژی ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩ وتەبێژی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) کە لە زۆرینەی کورد پێکھاتوون و ئەمریکا پشتیوانییان دەکات مژدەی سەرکەوتن و کۆتایی ھاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ڕاگەیاند کە لەدوا پێگەیان لە ڕۆژھەڵاتی فورات و بە دیاریکراوی لە شارۆچکەی باغۆز لە ڕۆژھەڵاتی دیرزۆر ھەموو بنکە و بارەگاکانیان ڕزگار کراو تارومار کران .

بۆیە پێم باش بوو لەم کاتەدا کە  دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش سەرەنگوم بوو پانورامایەکی خێرای چۆنیەتی سەرھەڵدان و نەشونماکردنی و فەرمانڕەوایی چوارساڵی پڕلە کارەسات و ماڵوێرانی و تاوانی گەورە گەورە و ھەتک کردنی حورمەتی مرۆڤ و کوشتن و لەناوبردنی ھەرکەسێک کە لەگەڵیاندا نەبێت و تا جینۆسایدی ئێزیدییەکانی شەنگال و بە سەبایا و کەنیزەک کردنی کچ و ژنەکانیان.

ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەت

 لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤  تاقم و گروھە چەکدارەکانیان دەوڵەتی ئیسلامییان لە عێراق و شام ڕاگەیاند لە ھەموو ئەو ناو چانەی کە لە ژێر دەسەڵاتیاندا بوو، لە تۆمارێکی دەنگی کە بڵاویانکردەوە لە یەکەم ڕۆژی مانگی رەمەزانی ئەو ساڵەدا ناوەکەیان گۆڕی بۆ  "دەوڵەتی ئیسلامی" بەم گۆڕانکارییەش بۆ یەکەم جار دوای نزیکەی سەد ساڵ  ڕێککەوتنامەی سایکس _ بیکۆ یان ھەڵوەشاندەوە  قۆڵەکانی سنووری نێوان عێراق و سوریایان تێکدا و ئەبوبەکر بەغدادییان وەکوو خەلیفەی ئیسلام ڕاگەیاند داوایان لە خەڵکیش کرد پەیمان و سۆز و موبایەعەی بکەن .

ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دەستیانگرت بە سەر شاری موسڵ دووەم گەورە پارێزگای عێراق دوای ئەوەی سوپا و ھێزەچەکدارەکانی عێراق شەڕیان نەکرد و ھەموو چەک و تەقەمەنی و کەرەسە سەربازییەکانیان دا بە دەست چەند سەد چەکدارێکی داعشەوە، کە بەو چەک و تەقەمەنی و کەرەستانە سێ یەکی خاکی عێراقیان داگیرکرد، ھەرچەندە پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٣ شاری ڕەقە و دێر زور و بەشێک لە شاری حەلەبی سوریایان داگیرکردبوو، بەم شێوەیە ھەردوو شاری مووسڵ و ڕەقە بوون بە پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی .

لە ٥ی تەمووزی ٢٠١٤ بۆ یەکەمجار ئەبوبەکر بەغدادی دەرکەوت لە تۆمارێکی فیدیۆیی داوای لە موسڵمانان کرد سۆزی پێ بدەن و موبایەعەی بکەن .

بۆیە ئیتر لەو کاتەوە دەستیانکرد بە جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلام بە دید و بۆچوونی خۆیان بۆ ئایین و بۆ ئیسلام کە ھەزار و چوارسەد ساڵی ڕابردووی سەرھەڵدانی ئەو ئایینە ئەمە شێوازێکی نوێی توندوتیژی و لە ناوبردن بوو چ بە جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدان بە سەرخەڵکێکی زۆردا بە تاوانی  خیانەت و بەکرێگیراوی بۆ بێگانە و زینا و بەگشتی ھەموو ئەوکەسانەی کە وەکو ئەوان بیریان نەدەکردەوە مەحکوم بوون بە ئیعدام .

جگە لە بە کەنیزەک کردنی ئافرەتانی ئێزدی و کڕین و فرۆشتن کردن پێیانەوە لە بازاڕەکانی ڕەقە و موسڵ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش تۆمەتباریان دەکەن بە پاکتاوکردنی ڕەگەزیی و ئتنیکی و جینۆساید و ئەشکەنجەدانی زیندانیان، لەمانەش مەترسیدارتر و دڕندانەتر ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی چەندین پرۆسەی کوشتن و سەربڕین و سوتاندنی تۆمارکرد و بە ڤیدیۆ لە تۆڕەکانی ئەنتەرنێت و تۆڕکۆمەڵایەتیەکانەوە  پەخشیان دەکرد، ھەروەھا چەندین کردەوەی خۆکوژی و تەقاندنەوەی بۆمب و بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل و چەندین شێوازی نوێیان داھێنا و بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لێ ی ڕادەگەیاند لە عێراق و سوریا کە خەڵکێکی زۆری سڤیلیان دەکردە ئامانج و دەبوونە قوربانی .

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لە ناوبردنی داعش

لە دوای سەرھەڵدانی ئەم ڕەوتە توند ئاژۆ و  تاوانبارە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لە ناوبردنی داعش پێکھات لە حەفتا دەوڵەت بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ھەر ئەمریکا خۆی بەتەنھا ٥٠٠٠ سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە کرد و لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ یەکەم پەلاماری ئاسمانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا دەستپێکرد دوای ئەوەی پێشتر لە عێراق پەلاماریدابوون .

سەرەتای تێکشکان و پاشەکشەی داعش

لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥  ھێزە کوردییەکانی سوریا بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش شاری کۆبانییان لە داعش ڕزگار و پاک کردەوە.

لە ٣١ ی ئازاری ٢٠١٥  سوپا و ھێزە چەکدارەکانی عێراق پارێزگای سەلاحەدین کە ناوەندەکەی شاری تکریتە لە داعش پاککردەوە دواتریش شارەکانی ڕومادی و فەلووجە و شەنگال ڕزگارکران لە تیرۆریستانی دەوڵەتی خەلافەت.

لە ئابی ٢٠١٦ ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) شاری منبجیان ڕزگارکرد لە داعش و گروھەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەر بەتورکیا دەستیان گرت بە سەر شاری جەرابلوس و بابی سەربە پارێزگای حەلەبی سوریا لە مانگی شوباتی ٢٠١٧.

لە ١٠ تەموزی ٢٠١٧ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزەچەکدارەکانی عێراق ڕزگارکردنی تەواوی شاری موسڵی ڕاگەیاند دوای نۆ مانگ ھێرش و شەڕ و ئۆپراسیۆنی بەردەوام  بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش .

لە ١٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ھەسەدە شاری ڕەقەی پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیشی لە بندەستیان دەرھێنا.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق عەبادی سەرکەوتنی تەواوی بەسەر ھێزەکانی داعش لە عێراقدا ڕاگەیاند.

ژێدەر: ئێن ئارتی

News Code 26006

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 7 =