سەفەری عادل عەبدولمەهدی بۆ ئێران و شکستی گوشارەکانی ئەمریکا

سەفەری بەمزووانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێڕان لە قۆناغی یەکەمدا نیشاندەری ناکارامەبوونی گوشارەکانی ئەمریکا لە سەر بەرپرسانی عێراقی بۆ کەمکردنەوە یان داخستنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تارانە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیار بە سەرۆکایەتی دوو وەفدی باڵای سیاسی و ئابووری سەردانی ئێران بکات. ئەوە یەکەمین سەفەری فەرمیی عەبدولمەهدی بۆ ئێران لە دوای هەڵبژاردرانی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقە.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە سەفەری عادڵ عەبدولمەهدی بۆ تاران سەفەرێکی دوو رۆژە دەبێت و ئەو لە میانەی ئەو سەفەرەی لە گەڵ رێبەری باڵای شۆڕش و هەروەها بەرپرسانی باڵای ئێران و لەوان سەرۆک کۆماری دیدار و گفتوگۆ دەکات. عەبدولمەهدی لەو دیدارانەدا سەبارەت بە رێکارەکانی تۆکمە کردنی پەیوەندیی دوو لایەنە و دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچە لە گەڵ بەرپرسانی تاران گفتوگۆ و دانوستان دەکات.

سەفەری بەرپرسی باڵای عێراقی بۆ ئێران لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە نزیکەی سێ مانگ لەوە پێشیش بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی تارانی کردبوو. ناوبراو لەو سەفەرەیدا بۆ تاران لە سەرەتای مانگی رێبەندانی ساڵی ڕابردوو وێرای دیدار لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی، جەختی لە زەروورەتی تۆکمە کردن و پەرەدان بە پەیوەندییەکانی تاران – بەغدا لە هەموو بوارەکاندا کردبوو.

لەو ڕووەوە، سەفەری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران بە مەودای تەنیا سێ مانگ پاش سەفەری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ تاران، خۆی بە تەنیایی نیشاندەری بەهادانی تایبەتیی بەرپرسانی عێراقی بە پەرەدانی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ یەکێک لە گرینگترین دراوسێکانیان واتە کۆماری ئیسلامی ئێرانە؛ پرسێک کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو و لە کاتی هاتنە سەر کاری عەبدولمەهدی و بەرهەم ساڵح، بەردەوام لە لایەن بەرپرسانی بەغداوە جەختی لێ کراوە.

ئێستاش ئاشکرایە کە تۆکمە کردن و پەرەدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکێک لە گرینگترین و سەرەکی‌ترین ئامانجەکانی عەبدولمەهدی لە سەفەری بۆ تارانە. ئەو پرسە نیشان دەدا کە عێراق لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو نەچۆتە ژێر کاریگەریی پاگەندە و بانگەشەی دزێوی سەرکردەی چەندین وڵاتی عەرەبی لە دژی ئێران و حازر نییە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تاران بکاتە قوربانیی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی بەستێنی کەنداوی فارس.

هەر لەو پەیوەندییە، چاوخشاندنێک بە زنجیرە لێدوانەکانی "عادڵ عەبدولمەهدی"ی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە چەشن و ناوەڕۆکیی ڕوانینی بەغدا هەمبەر بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تاران، بە باشی ئیرادەی ئەو وڵاتە بۆ گەشەی پەیوەندییەکانی دەسەلمێنێت. عەبدولمەهدی پێشتر لە لێدوانێکدا جەختی کردبوو: "سیاسەتی عێراق پێداگرە لە سازدانی باشترین پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و لە پێناو پەرەدان بە پەیوەندییەکان و داهاتوویەکی باشتر لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران هەوڵ دەدات".  

ناوبراو هەروەها هیوای خواست کە دیدارگەلی بەرامبەری نێوان بەرپرسانی ئێرانی و عێراقی، گەشە و تۆکمە کردنی پەیوەندییە دوو لایەنەکانی لە هەموو بوارەکاندا بە دواوە دەبێت. هاوکات، عەبدولمەهدی جەختی لە ویستی گەل و دەوڵەتی عێراق بۆ سازدانی باشترین پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران و بەهرەگرتنی لانی زۆری لە دەفرایەتییەکانی دوو وڵات کردبوو. کەواتە دیارە کە دەوڵەتی عێراق زۆر لەوە پێشتر گەشە و تۆکمە کردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران کردۆتە رۆژەڤ و سەفەری عەبدولمەهدی بۆ ئێران لە پێناو وەدی هێنانی ئەو هەنگاوەیە.

لە لایەکی دیکەوە، عەبدولمەهدی لە ئێستادا بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران جگە لە پاڵپشتیی جەماوەری، لە پاڵپشتیی حزب و ڕەوتە سیاسییەکانیش بەهرەمەندە. حزب و کۆتلە سیاسییە جۆراوجۆرەکانیش لە قۆناغی ئێستادا پێشوازی دەکەن لە تۆکمە کردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق. زۆربەی حزبەکانی عێراق ڕەزامەندیی تەواویان هەیە لە سیاسەتی دەوڵەتی بەغدا هەمبەر بە تۆکمە کردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تاران و بە دابینکەری بەرژەوەندیگەلی نیشتمانی عێراقی دەزانن؛ پرسێک کە دەسەڵاتە بیانییەکان بە هیچ چەشنێک حەزی پێ ناکەن.

هەر لەو پەیوەندییە، سەید عەمار حەکیم رێبەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق و سەرۆکی کۆتلەی چاکسازی و ئاوەدان کردنەوەی عێراق لای وایە: "عێراق خوازیاری باشترین پەیوەندییەکان لە گەڵ دراوسێکانی بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێرانە. پەیوەندییەکانی بەغدا لە گەڵ تاران، ستراتژیک و پشت‌ئەستوورە بە نیازپاکیی درواسێتی. ئەوە نیشاندەری بەهادانی تایبەتیی دوو وڵات بە پەرەدان و تۆکمە کردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە باڵاترین ئاستی مومکینە".

ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە کاریگەری وەرنەگرتنی پەیوەندییەکانی تاران – بەغدا لە گەمارۆگەلی دژە ئەمریکایی، جەختی کرد: "دەوڵەتی ئێستای عێراق لە بابەتی گەمارۆ داسەپاوەکان لە دژی ئێران، بەهایەک بە گوشارەکانی ئەمریکا نادات. دەوڵەتی عێراق هەوڵ دەدا تا بە پێی یاساگەلی نێودەوڵەتی، بەرژەوەندییەکانی عێراق و بایەخگەلی ئەخلاقی و مرۆیی، هاوکێشەیەک لە پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ وڵاتانی دیکە ساز بدات و بیپارێزێت".

ئەوە لە کاتێکدایە کە هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و رێبەری کۆتلەی بەنا، یەکێک لە دوو فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی عێراقیش گەلێ جار داکۆکی لە زەروورەتی تۆکمە کردن و پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران – بەغدا کردووە. عامری بە ئاماژە بەوەی کە ئێران ڕۆڵێکی زۆر گرینگی لە شەڕی دژی تیرۆریزمی تەکفیری لە عێراقدا گێڕاوە، جەختی لە زەروورەتی پەرەدان بە پەیوەندیگەلی دوو لایەنە دەکات.

بەڵام پەیامی گرینگی سەفەری عەبدولمەهدی بە تاران ئەوەیە کە بەغدا بەها نادات بە گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ئەمریکایی و سەرەڕای هەڕەشەگەلی ئاشکرا و نائاشکرای ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەردەوامە لە هەنگاونان بۆ بەرزکردنەوە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تاران لە بوارگەلی جۆراوجۆر. ئەو پرسە کاتێک زیاتر ئاشکرا دەبێت کە بەرپرسانی عێراقی ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆیان لە بابەتی پێڕەونەکردنی گەمارۆگەلی دژە ئێرانی ڕاگەیاندووە.

هەر لەو پەیوەندییە، پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاشکاوانە و بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی هەمبەر بە گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربڕیوە و جەختی کردبوو: "عێراق نابێتە بەشێک لە گەمارۆ دژە ئێرانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە وتبووی: "ئێستا ئەمریکا گەمارۆگەلێکی لە دژی وڵات و کەسایەتیگەلێک داسەپاندووە، دەروەستی بە خۆیەوە هەیە و ئەو سیاسەتە گەمارۆییە ناتوانێ دەربڕی هەڵوێستی بەغدا هەمبەر بە کەسایەتی و وڵاتە گەمارۆدراوەکان بێت". هەڵوێستی ئاشکرای سەرۆک وەزیرانی عێراق هەمبەر بە گەمارۆ دژە ئێرانییەکان نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە بەرپرسانی عێراقی تەنانەت لە سای داسەپانی ئەو گەمارۆ دژە مرۆیانە، ورەیەکی جیدیی بۆ تۆکمە کردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە گەڵ تاران گرتۆتە بەر.

کەواتە بێ شک دەوڵەتی عێراق لە هەنگاوی ئێستای واتە تۆکمە کردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو بوارەکاندا، لە دوو پاڵپشتی گرینگی جەماوەری و حزبی بەهرە دەبات و دەتوانێ ئاورێکی تایبەتی لێ بداتەوە. هاوکات، خۆبەدەستەوە نەدانی بەغدا لە بەرامبەر گوشارە دەرەکییەکان بە تایبەت لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوە یان داخستنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تاران، داهاتوویەکی ڕوونی بە ڕووی ئەو پەیوەندیانەدا کردۆتەوە.

ئەوەش نیشان دەدات کە بەرپرسانی عێراقی نیگەرانی پاشهاتی شیمانەیی تۆکمە کردنی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تاران لە لایەن دەسەڵاتگەلی بیانییەوە نین و بە ورەیەکی جیدییەوە پێوشوێنی ئەو پەیوەندیانە دەگرن.

News Code 25874

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 4 =