ئەردۆغان: بێ شەڕەف ئەستەنبۆڵ، نیوزیلەند نییە

سەرۆک کۆماری تورکیا کاردانەوەی توندی نیشان دا بە مانیفێستی هۆکاری پەلاماری تیرۆریستیی نیوزیلەند سەبارە بە هێرش کردنە سەر ئەستەنبۆڵ و مزگەوت و مەنارەکانی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە ئانادۆلو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا لە شاری تەکیرداغ سەبارەت بە پەلاماری تیرۆریستیی رۆژی ڕابردوو بۆ سه‌ر هه‌ر دوو مزگه‌وتی نوور و لینود له‌ ناوچه‌ی هاگلی پارکی شاری كرایستچه‌رچ لە دوورگەی نیوزیلەند، ڕایگه‌یاند: چۆناوچۆنە بكوژێک له‌وپه‌ڕی جیهانه‌وه‌ مێشكی پڕ ده‌بێت له‌ خراپه‌كاری زۆر له ‌باره‌ی موسڵمانان و توركه‌كان و ده‌كه‌وێته‌ جموجۆڵ؟ ئه‌و هێرشه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر نیوزیلەند و ئه‌و په‌یامانه‌ی له‌وه‌وه‌ پێماندران بۆ یه‌كه‌مجار نییه‌.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند: ئه‌و چه‌كه‌ی له‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌دا به‌ كار هاتووه‌ هه‌ر له‌ مێژووی دووه‌مین گه‌مارۆدانی ڤیه‌نناوه‌ تاكوو ناوه‌ سته‌مكاره‌كانی سه‌فه‌ربه‌ری خاچپه‌رستان ناوی دوژمنانی تورک و موسڵمانانی له‌ سه‌ر نووسراوه‌.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئاماژە بەوەی کە "هەرچی رۆژە هەواڵگەلێک سەبارەت بە هێرش و پەلامار بۆ سەر هاووڵاتیان لە ئەورووپا یان ئەنجومەن و مزگەوتەکانیان دەبیستین"، جەختی کرد: داوا له‌ نیوزیلەند ده‌كه‌ین لەو جەنایەتکارانەی کە بوونەتە هۆی کوژرانی ٤٩ کەس‌ بپرسێته‌وه‌. ئاوا نابێت ماوه‌یه‌ك له‌ زینداندا بێ و دواتر ئازاد بكرێت و قورسترین سزای بە سەردا داسەپێت، ئه‌گینا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌وشه‌كه‌ باش نابێت.

ناوبراو هەروەها لە وەڵامی مانفێستی برێنتۆن تارانت ئەنجامدەری ئەو پەلامارە تیرۆریستییە کە ماوەیەک پێش ئەو هەڵمەتە بڵاوی کردبۆوە و لە بەشێکی مافێستەکە ڕوو لە خەڵکی تورکیا وتبووی: "دەتوانن لە خاکی خۆتاندا و لە بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەتاندا بە ئاسوودەیی بژین و لەو ئەگەرەدا زیانتان پێ ناگات. بەڵام هەرگیز ژیان لە رۆژئاوا (بەشی ئەورووپیی ئەستەنبۆڵ) و لە ئەرووپا تاقی مەکەنەوە، چونکە دەتان کوژین. ئێمە دێینە کۆنستانتینۆ پۆلیس (قۆستەنتەنیای پێشوو و ئەستەنبۆڵی ئەوڕۆ) و هەموو مزگەوت و مەنارەکانتان تێک دەشکێنین. ئەیاسۆفیا لە مەنارەکان پاک دەکەینەوە و کۆنستانتینۆ پۆلیس (ئەستەنبۆڵ) دیسان دەبەینەوە سەر دۆخی کریستانی و مەسیحیی خۆی"، وتی: ئەو تیرۆریستە ده‌ستی كردووه‌ به‌ قسه‌ی پڕوپوچ كه‌ گوایه‌ دێنه‌ ئەستەنبوڵ و هه‌موو مزگه‌وت و مەناره‌كان ده‌ڕوخێنن. هه‌ی بێ شەڕەف باش بزانە ئەستەنبۆڵ نیوزیلەند نییە.

شایانی باسە لە هێرشی تیرۆریستیی رۆژی ڕابردوو بۆ سەر دوو مزگەوتی نوور و لینود لە شاری کرایستچەرچ،  لە کاتی خوێندنی نوێژی هەینی نزیکەی ٤٩ کەس کوژران.

News Code 25656

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 0 =