کشانه‌وه‌ی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا؛ کۆتایی ڕاسپارده‌ییه‌ک کە پشتی تەکفیرییەکانی شکاند

هێزەکانی ڕووسیا کە لە ماوەی٧مانگی ڕابردوودا هێرشیان دەکردە سەر تیرۆریستە تەکفیرییەکانی سووریا و بە ته‌نگیان پێیان هه‌ڵچنیبوو، لە ئەنجامدا بە فه‌رمانی "ڤیلادیمیر پۆتین" خەریکی کشانه‌وه‌ لە خاکی سووریان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- ڕامین حسێن ئابادیان: "ڤیلادیمیر پووتین" سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردووی زایینی واتە نزیک بە ٧ مانگی لەو پێش فەرمانی هێرشی ئاسمانیی فرۆکەشەڕکەرەکانی سوپای ئەو وڵاتەی بۆ سەر بنکە  و مۆڵگەی تیرۆریستە تەکفیرییەکانی دەرکرد. ئەم فەرمانە پاش داواکاری فەرمیی دەوڵەتی دیمەشق بۆ دەستێوەردانی سەربازی ڕووسیا دەرکرا. لە ڕاستیدا شتێک نێزیک بە یەک ساڵ پاش دەسپێکی ئۆپراسیۆنی ئیئتیلافی ئەمریکایی دژە داعش لە سووریا بە بیانووی شەڕ لە گەڵ داعش، ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا دەستی پێکرد.

دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا گەرچی بە شێوەیەکی تەواو یاسایی و بە پێی داواکاریی فەرمیی دەوڵەتی دیمەشق ئەنجام درابوو، شەپۆلێکی بەربڵاو لە ڕەخنەی رۆژئاواییەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە دواوە بوو. رۆژئاواییەکان و بە تایبەت ئەمریکاییەکان کە بە پشتیوانیی ماڵی- جیهازاتی سەربازی و لۆجێستیکیی خۆیان لە تیرۆریستە تەکفیرییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو وەک هۆکاری سەرەکیی درێژخایاندنی قەیرانی سووریا دێنە ئەژمار، بە پێێ هەمان سیاسەتی ناسراوە و هەمیشەیی "بانێک و دوو هەوا"ی خۆیان ڕووسیایان کردە ئامانجی ڕەخنە بەربڵاوەکانیان و ئەو وڵاتەیان وەک لەمپەرێکی جیدی لە سەر رێگای وەدی هاتنی ئاشتی لە سووریا ناساند.

بەڵام ڕووسیا بە بێ بەهادان بە شەپۆلی بێ‌وێنەی ڕەخنەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا، ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاوی لە دژی تەکفیرییەکان لە جێ جێێ سووریا دەستپێکرد. ئەم دەستێوەردانە سەربازییە لە ڕاستیدا پاش ئەوە دەستیپێکرد کە سووریا لە لایەکەوە لە لایەن فرۆکەشەڕکەرەکانی ئیئتیلافی نێودەوڵەتی دژەداعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا کرابووە ئامانجی هێرشە بەربڵاوەکان و لە لایەکی دیکەوە تەکفیرییەکانیش رۆژ بە رۆژ پەرەیان بە هەوڵە تیرۆریستییەکانی خۆیان لە دژی سوپا و جەماوەری سڤیلی سووریا دەدا.

دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا و ئۆپراسیۆنی ئەم وڵاتە دژی تیرۆریستە تەکفیرییەکان بووە هۆی ئەوەی کە تەواو نەخشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناوەچەیی بە تایبەت عەرەبستانی سەعوودی و تورکیا بەرەڕووی شکست بێتەوە. ڕێک لە بارودۆخێکدا کە پێدەچێت ئەمریکاییەکان و رۆژئاواییەکان خەریکی ئامادەکردنی سناریۆیەکی پڕمەترسی لە دژی دەوڵەتی دیمەشقن، دەستێوەردانی ڕووسیا – مژارێک کە هیچکات پێشبینیان نەدەکرد- تەواو هاوکێشەکانیانی هەڵوەشاندەوە.

راستییەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی رۆژئاوای و  عەرەبیی هەوڵیان دەدا تا لە لایەکەوە بە پەرەدان بە ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکانیان لە دژی بنکە و بارەگاکانی سوپای سووریا و دەوڵەتی دیمەشق و لە لایەکی دیکەوە بە پەرەدان بە پشتیوانییە ماڵی، چەک و جیهازاتی سەربازی لە تیرۆریستە تەکفیرییەکان، دوو سناریۆی پڕمەترسیی داڕێژراوەی خۆیان لە سووریا جێبەجێ بکەن:

۱- تاقەتپڕووکێن‌کردنی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا بە مەبەستی لاوازکردنی سوپای ئەم وڵاتە بە چەشنێک کە بەشار ئەسەد چیتر توانای مانەوەی لە سەرەوەی دەسەڵاتی سووریای نەبێت.  

۲ـ ئامادەکردنی بەستێنی لەبار بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە دژی دەوڵەتی دیمەشق لە ئەگەری ناکارامەبوونی "پشتیوانی لە تەکفیرییەکان" و "پەرەدان بە ئاژاوە و بشێوی".

بەوەشەوە، بە دوای ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا، ئەمریکا  و هاوپەیمانانی دیکەی لە ناوچەدا هەرکام بە چەشنێک پلان داڕشتنی درێژخایەنی ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ لاوازکردنی سوپای سووریا و ڕەخساندنی بەستێنی لەبار بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سناریۆی "هەوڵی سەربازی"ی بێ‌ئەنجام مایەوە و لە لایەکی دیکەوە، هاوکێشەی دەسەڵات لە سووریا بە گشتی گۆڕانی بە سەردا هات و لای تەرازووی لەو بوارەدا بە لای هێزەکانی دەوڵەتی لەو وڵاتەدا قورستر کرد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیاش لە ماوەی هێرشی فرۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش زلەیەکی قورسی لە مۆسکۆ خوارد. تورکیا کە بەردەوام بە پێدانی هەموو‌جۆرە یارمەتییەکی لۆجێستیکی بە تیرۆریستە تەکفیرییەکانی داعش، کۆتایی قەیرانی سووریا دوا دەخست، دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سووریای وەک خاڵی بەرامبەری ئامانجەکانی خۆی لەو وڵاتەدا وێنا کرد.

فرۆکەشەڕکەرەکانی ڕووسیا لە لایەکەوە بە هێرشی ئاسمانیی وردبینانە بۆ سەر تەنکەرەکانی گواستنەوەی نەوتی دزراوی داعش لە سەر رێگای سووریا بۆ تورکیا، زیانێکی قەرەبوونەکەرەوەیان لە بازرگانیی ئەنقەرە لە گەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستییە دا و لە لایەکی دیکەوە بە هێرشی خۆیان بۆ سەر پارێزگای لازقیە رێگرییان کرد لە پەرەسەندنی نفووزی سەربازیی تورکیا لە نزیکایەتیی ئەو ناوچەیە. تووڕەیی دەوڵەتی ئەنقەرە لە ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا بە ڕادەیەک بوو کە سوپای تورکیا لەوپەڕی ناباوەریدا فرۆکەیەکی شەڕکەری "سوخۆ ٢٤"ی ڕووسیای بە بیانووی پێشێل کردن و بەزاندنی ئاسمانی ئەو وڵاتە کردە ئامانج و دایخست.

جگە لەوە عەرەبستانی سەعوودی یەکێکی دیکە لە لایەنە بەشداربووەکان لە سووریایە کە بە دوای دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا زیان و پێکانێکی قورسی پێ‌گەیشتووە. ڕژیمی سەعوودی کە بە دڵنیاییەوە دەکرێت وەک دوژمنی ژمارە ٢ی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەدا پاش ڕژیمی زایۆنیستی ناوی لێ ببرێت، پاش دەستێوەردانی ڕووسیا لە سووریا بە جارێک ئاکامی تەواو پشتیوانییە دارایی و جیهازاتی شەڕی خۆی لە تەکفیرییەکانی بە با درا. سعوودییەکان کە بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەیان وەک تاقە لەمپەری مسۆگەرکردنی سیاسەتەکانیان دەدی، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو هەرچیان لە توانادا بوو هەڵڕشت، بەڵکوو بتوانن زیانێکی قورس بە جەستەی خۆڕاگریی سووریا بگەیێنن؛ و ئەمە هەمان خەونێکە کە کاربەدەستانی سەعوودی چەندین ساڵە لە پێناو وەدی هێنانی هەوڵ دەدەن.

ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا لە پەنای ئامادەبوونی ڕاوێژکارانەی ئێران و هەروەها بەشداریی هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە شانی سوپای ئەو وڵاتە ڕۆحێکی تازەی وەبەر هێزەکانی سووریا هێنا و هاوسەنگی دەسەڵاتی بە سوودی دیمەشق گۆڕی. سوپای سووریا بە پشتیوانییە بەربڵاوەکانی هاوپەیمانانی خۆی توانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە پێشڕەوییەکی بەربڵاو مسۆگەر بکات. لە ماوەی یەک و دوو مانگی ڕابردووش سەرکەوتنەکان و دەسکەوتە جۆراوجۆرەکانی سوپای سووریا لە پارێزگای حەلەب، تەکفیرییەکانی بە گشتی زەویگیر کرد؛ ئەو تەکفیرییانەی کە پەیجووری کۆنتڕۆڵ کردنی حەلەب و ناساندنی وەک پێتەختی خۆیان بوون.

هەڵبەت ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانەی کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لە پارێزگای حەلەب – پێتەختی ئابووریی سووریا- مەیسەر بووە، بەرهەمی هەوڵی سوپای سووریا و خۆڕاگرییان بووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناکرێت چاوپۆشی لە ڕۆڵی ڕووسیا لە پشتیوانیی ئۆپراسیۆنە زەوییەکانی هیزی سەربازیی سووریا لە شەڕ لە دژی تەکفیرییەکان لە حەلەب بکرێت.

گۆڕانی هاوکێشەی دەسەڵات لە سووریا پاش ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لەو وڵاتە دوو دەسکەوتی گەورەی بۆ دیمەشق بە دواوە بوو؛

۱- ناچارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەست هەڵگرتن لە کردەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە دژی دەوڵەتی دیمەشق و دانیشتنە سەر میزی دانوستان و لە ئەنجامدا جێگیرکردنی ئاگربڕ لە سووریا.

۲- ناچارکردنی بەرهەڵستکارانی سووریا بە خۆبواردن لە کارشکێنییە بەربڵاوەکان لە سەر رێگای چارەسەریی سیاسی قەیرانی ئەو وڵاتە بە ئاوردانەوە لە وەدی هاتنی دەسکەوتە بەربڵاوەکان لە لایەن سوپای سووریا بە پشتیوانی ئاسمانیی ڕووسەکان.

بەو پێیە، ڕووسیا پاش وەدی هێنانی ئامانجە پلان بۆ داڕێژاوەکانی خۆی لە ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە سووریا، کۆتایی هێنا بە ئامادەبوونی لەو وڵاتەدا – نەک بە شێوەی یەکجارەکی-؛ ئامانجگەلێک کە گرینگترینیان لاوازکردنی دەسەڵاتی تیرۆریستە تەکفیرییەکان و ناچارکردنی پشتیوانانیان لە دانیشتنە سەر مێزی دانوستان بوو.

لە هەر حاڵدا، "ڤیلادیمیر پووتین" سەرۆک کۆماری ڕووسیا فەرمانی دەرچوونی بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سووریای دەرکرد و ئەوش بەو مانایە نییە کە ڕووسیا بە گشتی دەست هەڵگری شەڕ لە گەڵ تەکفیرییەکان بووە. بێ‌شک لە داهاتووشدا پشتیوانیی ئاسمانی و دەریایی سوپای ڕووسیا لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای سووریا لە بەرەنگاریی تەکفیرییەکان درێژەی دەبێت.

ئەمە ڕێک هەمان شتە کە "عەمران زەعبی" وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا پاش فەرمانی ئەم دواییەی پووتین ڕایگەیاندووە.

News Code 2560

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 6 =