سه‌ردانی ڕۆحانی بۆ عێراق ده‌بێته‌ هۆی که‌م بوونه‌وه‌ی کاریگه‌ری ئه‌مریکا

شاره‌زایه‌کی پرسه‌ ناوچه‌ییه‌کان وتی: سه‌ردانی ڕۆحانی بۆ عێراق لەگەڵ سه‌ردانه‌ شاراوه‌که‌ی ترامپ به‌راورد ده‌کرێت و ده‌بێته‌ هۆی که‌م بوونه‌وه‌ی کاریگه‌ری ئه‌مریکا.

سه‌ید ڕه‌زا قه‌زوینی غوڕابی شاره‌زایه‌کی پرسه‌ ناوچه‌ییه‌کان به‌ ئاژانسی مێهر وتی: له‌ ساڵی ۱۳۹۲ی هه‌تاوییه‌وه‌ هیچ به‌رپرسێکی باڵای ئێران سه‌ردانی عێراقی نه‌کردووه‌ و دوای سه‌ردانی زۆری به‌رپرسانی عێراقی ئه‌وان چاوه‌ڕوانن که‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌ زوویی ئه‌نجام بێت.

ئه‌و زیادی کرد: دوای سه‌ردانی به‌ڕێز زه‌ریف و لێژنه‌ ئابووری و نه‌وتییه‌کانی ئێران بۆ عێراق، هه‌ماهه‌نگییه‌کان بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئێران ئه‌نجام بووه‌. زۆر ئاساییه‌ دوو دراوسێ به‌م هه‌موو سنووره‌ هاوبه‌شه‌وه‌، وه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کی باشیان پێکه‌وه‌ هه‌بێت. دۆخی ناوچه‌که‌ و جیهان به‌ تایبه‌ت گه‌ماڕۆکانی ئه‌مریکا له‌ دژی ئێران و هه‌وڵی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی به‌غدا له‌ تاران، گرنگی ئه‌م سه‌ردانه‌ زۆر زیاتر ده‌کات.

ئه‌م شاره‌زا ئێرانییه‌ وتی: له‌ سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی سیاسه‌تێک سه‌رکه‌وتووه‌ که‌ به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌ دوای په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ ئاستی ناوچه‌ و جیهان بدریت. بێ گومان سه‌قامگیری و ئه‌منیه‌ت هه‌نگاوی یه‌که‌مه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ سایه‌ی هاوکاری نێوان دراوسێکان به‌رهه‌م دێت. ساڵانی ڕابردوو تاران به‌ هۆی پرسی ناڤۆکی ئاگای له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپایی بوو، ڕه‌نگه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ ئاوڕی زۆری له‌ دراوسێکانی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و ئاماژه‌ی دا: عێراق دۆخی باشی هه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران  و ده‌توانێت وه‌ک سییه‌کانی ئێران چاوی لێبکرێت، بێ گومان ئه‌م شته‌ هه‌ر وا به‌ ده‌ست نایه‌ت و پێویستی جدی به‌ په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌یه‌، به‌ڵام هاوبه‌شییه‌کانی نێوان هه‌ر دوو وڵات ئه‌م بابه‌ته‌ ئاسانتر ده‌کات.

غورابی وتی: ئه‌گه‌رچی عێراق هه‌وڵی داوه‌ که‌ له‌م ساڵانه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌کی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت و بێ لایه‌ن بێت له‌ ناکۆکییه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا به‌ڵام په‌یوه‌ندی باشی ئێران و وڵاتانی دیکه‌ ده‌توانێت ده‌رفه‌تی باش بۆ په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌کان بێت. په‌یونه‌دییه‌کانی ئێسته‌ ده‌کرێت زیاتر ببێت و بڕێک ناکۆکی سنووری و ئاوی نابێت کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌ سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ هه‌بێت.

ئه‌و ئاماژه‌ی دا: نابێت له‌ بیری بکه‌ین که‌ عێراق وڵاتێکه‌ هیشتا له‌ کاریگه‌ری و سته‌می ئه‌مریکا ئازار ده‌کێشێت. ئاساییه‌ له‌ وڵاتێک که‌ ئه‌مریکا دیکتاتۆره‌که‌ی له‌ناو برد و ۸ ساڵ داگیری کرد ئه‌مریکا جێپه‌نجه‌ و کاریگه‌ری هه‌بێت. سه‌ردانی ڕۆحانی بۆ عێراق به‌ سه‌ردانه‌ شاراوه‌که‌ی ترامپ به‌راورد ده‌کرێت و ده‌بێته‌ هۆی که‌م بوونه‌وه‌ی کاریگه‌ری ئه‌مریکا.

ئه‌م شاره‌زا ئێرانییه‌ جه‌ختی کرد: که‌واته‌ نابێت چاوه‌ڕوان بین که‌ ته‌نیا به‌ سه‌ردانێک هه‌موو ده‌روازه‌ ئابووری و سیاسییه‌کانی عێراق به‌ ڕووی ئێراندا بکرێته‌وه‌ و به‌غدا ڕووبه‌ڕووی واشنتۆنیش ببێته‌وه‌. ئه‌مریکا به‌ تووندی چاودێڕی سیستمی ماڵی عێراق ده‌کات زیاتر له‌ یه‌ک تریلیۆن دۆلار عێراق قه‌رزداره‌ به‌ ئه‌مریکا.

غورابی جه‌ختی کرد: هه‌ڵبه‌ت گومانی تێدا نییه‌ که‌ سه‌ردانێک له‌م ئاسته‌ ده‌توانێت ئه‌نجامی باش و ئه‌رێنی بۆ هه‌ر دوو لا هه‌بێت و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ هه‌موو بواره‌کان په‌ره‌بسێنێت به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ی زیاتری ئێران به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ هه‌یه‌.

ئه‌و له‌ کۆتایدا وتی: بڕێک له‌ دراوسێکانی عێراق و ڕکابه‌ره‌ ناوچه‌ییه‌کانی تاران هه‌وڵ ده‌ده‌ن تاکوو له‌ گوشاره‌کانی سه‌ر ئێران بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیاز سوود ببه‌ن و له‌ بازاڕی عێراق به‌هره‌ ببه‌ن. ئاسۆی تورکه‌کان بۆ بازه‌رگانی ۱۰۰ ملیار دۆلاری له‌گه‌ڵ عێراق، هۆشدارێکی جدییه‌ به‌ ئێران.

News Code 25526

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =