داواکاریی پەمپێئۆ لە ئێران بۆ ئازاد کردنی "ڕابێرت لوینسۆن"

ئەگەرچی کۆشکی سپی چەند ساڵ لەوە پێش ڕاشکاوانە ڕایگەیاندبوو "ڕابێرت لوینسۆن" لە ئێران نییە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک داوای لە تاران کردووە کە ناوبراو ئازاد بکات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو پەیامەیدا کە لە تویتەر بڵاوی کردۆتەوە، داوای لە تاران کردووە کە ڕابێرت لوینسۆن، ڕاسپاردەی پێشووی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای) کە ئیداعا دەکرێت لە ئێران زیندانییە، ئازاد بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، جاش ئێرنێست وتەبێژی ئەوکاتی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە واشنتۆن لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ڕابێرت لۆینسۆن لە ئێران نییە.

بە پێی پاگەندەکان، لوینسۆن لە دوورگەی کیش شوێن‌بزر کراوە، بەڵام جاش ئێرنێست کاتی خۆی بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاندبوو کە دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە پێوشوێن گرتنی لوینسۆن دڵنیای کردوونەتەوە.

ئێرنێست ڕاشیگەیاند: واشنتۆن هەوڵ دەدات کە ئێران بەڵێنەکانی خۆی لەوبارەیە بباتە سەرێ.

لوینسۆن لە بەرواری ٩ی مارچی ٢٠٠٧ی زایینی (١٣٨٥ی هەتاوی) شوێن‌بزر بووە و ڕوون نییە ئێستا لە کوێیە. ڕاپۆرتگەلی جۆراوجۆر سەبارەت بە چالاکیی ناوبراو و شوێن‌بزر بوونی بڵاو بۆتەوە؛ هواڵدەریی ئاسۆشیتدپرێس پێشتر وتبووی ناوبراو خەریکی ڕاپەراندنی ڕاسپاردەیەکی نهێنیی ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا (سیا) بووە.

شایانی باسە، لوینسۆن لە کارگێڕانی خانەنشینی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا بووە کە میدیاگەلی رۆژئاوایی ئیدعا دەکەن لە ساڵی ٢٠٠٧ لە کاتی سەفەر بۆ دوورگەی کیش شوێن‌بزر بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ ڕاگەیێندرا کە لوینسۆن بۆ کاروباری کەسێنی و بازرگانی سەردانی "کیش"ی کردووە، بەڵام ئاسۆشیتدپرێس لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردووە کە ناوبراو بە شێوەی نهێنی کاری بۆ سیا کردووە و بۆ کۆکردنەوەی زانیاری چۆتە ئێران.

بڵاوبوونوەی ئەو ڕاپۆرتە گەورەترین شەرمەزاریی بۆ (سیا) لە مێژووی ئەو ڕێکخراوە و دەوڵەتی ئەمریکا بە دواوە بوو و پرسی سەفەری بازرگانی ناوبراو بە جۆرێک داپۆشینی پیلانی سەرەکیی بووە، ئاوەها کە خود ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا بۆ پێشگری لە پێکهێنانی دۆسیە لەوبارەیە، دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار یۆرۆی داوەتە بنەماڵەکەی.

هەر لەو پەیوەندییەدا، جان مەک کین لە سناتۆرە کۆماریخوازەکان کاتی خۆی سیای بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕاستییەکانی لەبارەی لوینسۆن بە کۆنگریسی نەوتووە و ئەندامانی کۆنگریسی فریو داوە.

News Code 25486

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 9 =