فستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە تۆماری جیهانی کرا

سەرۆکی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شاری بانە وتی: فستیڤاڵی هەڵپەرکێی بانە وەک ڕووداوێکی گەورەی فەرهەنگی و هونەریی جیهان، لە گەڵ ئامێرە مۆسیقاییەکانی دەهۆڵ و زۆرنا تۆماری جیهانی کرا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەمید ڕەزا خۆشبەخت وێرای ئاماژە بە ئامانجی ناساندنی فستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە وەک برێندێکی فەرهەنگی بۆ ڕاکێشانی گەشتیار، ڕایگەیاند: سێهەمین فستیڤاڵی هەڵپەڕکێی نەورۆزی ساڵی ٩٨ لە گەڵ ساڵانی ڕابردوو جیاواز دەبێت، چونکە ئەم خۆلە لە مێهرەجان لە ئاستی وڵاتدا بەڕێوە دەچێت.

ڕاشیگەیاند: چەندین کەناڵ و تەلەڤیزیۆنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و لەوان کەناڵی جیهانی سەحەر، کەناڵی دووی تەلەڤیزیۆنی وڵات، کەناڵی مەهاباد، دەنگ و ڕەنگی کوردستان، کەناڵی "شما"، کەناڵی جام جەم و چەندی کەناڵی ئاسمانی دەرەکیی دیکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئەو مێهرەجانە ڕۆماڵ دەدەن و هاوکات تۆماری جیهانی کرانی ئەو ڕووداوە گرینگە فەرهەنگییە بە ئامێرگەلی مۆسیقایی دەهۆڵ و زۆرنا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو دەکەنەوە.

خۆشبەخت بە ئاماژە بە کاتی بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە لە نێوان رۆژانی ٨ تا ١١ی خاکەلێوەی ساڵی داهاتوو، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم فستیڤاڵه‌ی ناردنی گڕوپگەلی هەڵپەڕکێ بۆ بەشدار بوون لە فستیڤاڵه‌ دەرەکی و نێونەتەوەییەکان ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەری سێهەمین فستیڤاڵی نەتەوەیی هەڵپەڕکێی بانە وێرای ئاماژە بە هەنگاوەکان بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی ئەم فستیڤاڵه‌ لە ساڵی داهاتوو، وتیشی: هەوڵ دەدەین فستیڤاڵی  ئەم ساڵ تەلارەکانی ناو شار و تەلاری ئاربابا بەڕیوە ببەین و لە ئەگەری گونجاو بوونی کەش و هەوا، هۆڵی سەرکراوەی ئیدارەی ئیرشاد بە دەفرایەتیی ٧٠٠ کەس بۆ ئەو مەبەستە بە هاوکاریی شارەداریی شاری بامە ئامادە دەکرێت.

سەرۆکی ئیدارەی ئیرشاد بوودجەی تەرخان دراو بۆ ئەو ڕووداوە فەرهەنگییەی دوو ملیارد و ٣٠٠ ملیۆب ڕیاڵ ڕاگەیاند کە لە لایەن ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، فەرمانداری و شارەداریی شاری بانە دابین دەکرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە ٤٦ بەرهەمی هونەری لە بواری هەڵپەڕکێدا گەیشتۆتە نووسینگەی سێهەمین خولی مێهرەجانی نەتەوەیی هەڵپەڕکێی بانە کە پاش پێداچوونەوە ١٦ بەرهەم بۆ بەشی ڕکابەری هەڵبژاردراون و ئەو بەرهەمانەش لە ماوەی رۆژانی مێهرەجان هەرکام سێ نمایشیان بۆ ماوەی ١٥ خولەک دەبێ.

خۆشبەخت لە کۆتاییدا وێرای ئاماژە بە بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپگەلی ڕاهێنەریی تایبەت بە هەڵپەڕکێی کوردی لە پەنای پەنێلە تیۆرییەکانی تایبەت بەو مژارە لە ماوەی بەڕێوەچوونی مێهرەجانەکە، بیری هێنایەوە کە گرووپی ئاگرین بە سەرپەرەشتیی لەتیف محەمەد پوور، گرووپی ئیستەم لە بجنوورد بە سەرپەرەشتیی حسێن عەلی زادە، گرووپی چالاک لە بانە بە سەرپەرەشتیی کاوە عەبدوڵڵا یار، گرووپی دوازدە سوارەی مەریوان بە سەرپەرەشتیی ڕامین ئەحمەدی، گرووپی دوازدە سوارەی قەڵا لە مەریوان بە سەرپەرەشتیی عەتا شەکیبایی، گرووپی دیلان لە ورمێ بە سەرپەرەشتیی سدیق ئەکبەری، گرووپی زریان لە سەقز بە سەرپەرەشتیی نەوید سووزەنی،  گرووپی سێ جار دانیکێش لە مەریوان بە سەرپەرەشتیی ئیبراهیم عەزیزی، گرووپی سابڵاغ لە مەهاباد بە سەرپەرەشتیی هیوا جاف، گرووپی سیروان لە ئیلام بە سەرپەرەشتیی مەحموود باقری، گرووپی ئیلامیان لە ئیلام بە سەرپەرەشتیی سوهەیدا عەبدی زادە، گرووپی کورد لە کرماشان بە سەرپەرەشتیی وەحید کەرەمی، گرووپی گۆڤەبد لە ورمێ بە سەرپەرەشتیی ئەرسەلان نەورۆزی و گرووپی نیشتمان لە بانە بە سەرپەرەشتیی محەمەد مەحموود زادە گرووپە هەڵبژاردراوەکان بۆ بەشی ڕکابەریی سێهەمین خولی مێهرەجانی هەڵپەڕکێی بانەن.

شایانی باسە، هەڵپەرکێی کوردی یەکێک لە دەوڵەمەندترین هەڵپەرکێ نەریتییەکانی جیهانی بە چەشنێک کە دوکتۆر سرووش لە کتێبی فۆلکلۆری‌دا ئاماژەی بە بوونی ٦٧ جۆر هەڵپەڕکێ لە ناوچەی بادینانی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ٦٠ جۆرە هەڵپەرکێ لە کوردستانی ئێراندا کردووە.

News Code 25470

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 4 =