دەوڵەت لە شەڕی ئابووری ناترسێت/دژایەتی ئێمە لە گەڵ ئەمریکا قسەی لە سەر ناکرێت

سەرۆک کۆمار بە وتنی ئەوەی کە دەوڵەت لە دۆخی شەڕی ئابووری و دەروونی ناترسێت، وتی: ئێمە لە بواری ڕوانگەوە لە گەڵ ئەمریکا دژایەتیمان هەیە کە نە دانوستانی لە سەر دەکرێت و نە سازش.

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حەسەن ڕۆحانی کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی گیلانی کردووە، لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی لاهیجان وتی: زۆر خۆشحاڵم کە لە سەروبەندی مانگی ڕەجەب و ساڵی نوێ میوانی خەڵکی قارەمان و سنوورداری گیلانم.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمە لە دۆخێکی زۆر هەستیار و گرینگداین. نەتەوەی ئێران لە دەستپێکی ئەمساڵ واتا ٩٧ و تا کۆتاییەکەی لە تاقی کردنەوەیەکی گەورەی مێژووییدا، سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست هێنا.

سەرۆک کۆمار وتیشی: لە مانگی گوڵانەوە کە هاواری گەمارۆکانی ئەمریکا دەستی پێکرد تا مانگی گەلاوێژ کە یەکەم قۆناغی گەمارۆکان دژی ئێران دەستی پێکرد و تا مانگی خەزەڵوەر کە قۆناغی دوایی گەمارۆکان سەپێندرا، خەڵک خۆڕاگریان کرد و لە بەرانبەر دوژمنانی ئێران و ئیسلام وەستانەوە.

ڕۆحانی وتیشی: ئامارە ئابوورییەکان ئەستەم ترین مانگەکانی ئەمساڵ، خەرمانان و ڕەزبەر و ڕێبەندان نیشان دەدەن. لە باری هەڵاوسانەوە کێشەگەلێک دروست بووە. خەڵک لە ڕێبەندان و بەفرانبار و سەرماوەز خۆڕاگری خۆیانیان نواند بەڵام ٢٢ ی ڕێبەندان ڕۆژی بوێری نەتەوەی ئێران بوو کە لە بەرانبەر دوژمنان وەستانەوە.

ناوبراو وتی: دوژمن نەگەیشتە ئارەزووەکەی و بێ گومان ناگاتیش، ئەگەرچی کێشەگەلێکی لە بەردەم ئێران و خەڵک دروست کردووە.

ڕۆحانی وتیشی: ئەمریکا دەڵێت ئێرانی ئەمڕۆ ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئێرانی ساڵانی ٥٦ و ٥٧ و ئێمە دەڵێین ڕێگایەک کە نەتەوەی ئێمە لە ڕێبەندانی ٥٧ دەستی پێکردووە واتا ڕێگای ئازادی، سەربەخۆیی و خەڵک ساڵاری ئەو ڕێگایە درێژە دەدەین. کەواتە ئێمە لە باری ڕوانگە و تیۆرییەوە دژایەتیمان لە گەڵ ئەمریکا هەیە کە نە دانوستانی لە سەر دەکرێت و نە سازش.

سەرۆک کۆمار درێژەی دا: من لێرەوە هەر بە هەمان بەڵێن و پەیمانی ساڵی ٩٢ و ساڵی ٩٦ ەوە ڕایدەگەیێنم دەوڵەت وەکوو خزمەتگوزاری خەڵک، لە دۆخی شەڕی ئابووری و دەروونی ناترسێت چونکوو نەتەوەیەکی یەکپارچەی لە پەنای خۆی هەیە و دەوڵەت بە هەموو توانی خۆیەوە لە نەتەوەی ئێران پاڵپشتی دەکات.

News Code 25434

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 9 =