پێداگریی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی سەربازانی ئەمریکی

ئامادەبوونی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق لەم ڕۆژانەدا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە ناوەندەکانی عێراق فوکوسی له‌سه‌ر ده‌کرێت و پێدەچێت کە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا سوور بێت له‌ ده‌رکردنیان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشێ نێودەوڵەتی – فەرزاد فەرهادی: بڕیاری واشنتۆن بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە بە گوێرەی میدیاکان بەشێک لەو هێزانە ڕەوانەی عێراق کراون و دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش لەم دواییەدا ڕایگەیاندووە کە لە پێناو چاودێری کردنی ئێران دەیەوێ بنکەگەلی ئەمریکی لە عێراقدا بپارێزێ.

ترامپ پاش ئەوەی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووی زایینی بە شێوەیەکی لە ناکاو هەنگاوی نایە بنکەی ئەمریکییەکان لە عێراق و لە گەڵ سەربازانی ئەو وڵاتە دیداری کرد، نیشانی دا کە هیچ بەهایەک بە سەروەریی عێراق نادات. عێراقییەکان دژایەتی و ناڕەزایەتیی خۆیان بۆ هەڵوێستەکانی ترامپ دەربڕی و ئەو هەڵوێستانەیان بە پێشێل کردنی سەروەریی عێراق زانی و هەوڵەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکی لە پەرلەمانی عێراقەوە دەستی پێکرد.

حەیەدر عەلی کارناسی لێکۆڵەری ستراتژییەکانی ئەمریکا لە وتووێژ لە گەڵ "المراقب العراقی" لەوبارەیەوە وتی: "سیاسەتێک کە ترامپ پێڕەوی لێ دەکات لە گەڵ سیاسەتەکانی پێشووی جیاوازە، چونکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەچێتە پێش و ئێران بە دوژمنی یەکەمی خۆی دەزانێت و دەیەوێ عێراق ببێتە ناوچەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. ئەمریکییەکان لە بابەتی ئاسمانی و دەریاییەوە بە سەر ناوچەی پەیوەندیی ئێران و دەریای ناوەڕاستدا زاڵن و ئێستاش دەیانەوێ لە بابەتی زەوینیشەوە بە سەر ئەو ناوچەیەدا زاڵ بن و بۆ پەڕاندنەوەی ڕژیمی زایۆنی لە مەترسییەکان، مەودا بخەنە نێوان پەیوەندییەکانی ئێڕان و حزبوڵڵا. ستراتژییی ئەمریکا پشت‌ئەستوورە بە سێ تەور کە بریتین کە ئیدعای زاڵبوون بە سەر داعش، بەرەنگاربوونەوەی گرووپگەلی چەکداری دژی ئەمریکا و سێهەم ئامادەبوونی زەوینی لە ناوچەکەدا."

هەروەها "الاخبار" لە ڕاپۆرتێکدا ڕوانییە ژمارەی بنکەگەلی ئەمریکیی ناو عێراق و ڕایگەیاند ئەمریکییەکان نزیکەی ١٠ بنکەیان لە عێراق هەیە کە بریتین لە؛

ـ بنکەی نەسر یان ڤیکتۆری کە لە ناوخۆی فرۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدایە و بۆ فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و زانیاریی پێویست کەڵکی لێ وەردەگیردرێ.

ـ بنکەی ئاسمانی بەلەد کە گەورەترین بنکەی ئاسمانی لە عێراقە و لە ٦٤ کیلۆمەتریی باکووری بەغدا هەڵکەوتووە.

ـ بنکەی عەین ئەسەد کە دووهەمین که بنکەی ئاسمانیی گەورەی عێراقە و لە ناوچەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار لە نزیکی ڕووباری فورات هەڵکەوتووە.

ـ بنکەی تاجی که لە ۲۵ کیلۆمەتریی باکووری بەغدا هەڵکەوتووە و تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی بنکەی بەلەدە.

ـ بنکەی حەبانیه یا تەقەدوم که لە نێوان شارەکانی فەلووجە و ڕۆمادی هەڵکەوتووە و بۆ ڕاهێنان و کۆنتڕۆڵ چەندین زانکۆی سەربازی لە خۆ گرتووە.

ـ بنکەی ئاسمانیی قەیارە کە لە پارێزگای نەینەوا و لە ٣٠٠ کیلۆمەتریی باکووری بەغدا هەڵکەوتووە و لە ئێستادا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی تێدایە.

ـ بنکەی کەرکووک یان ڕینگ.

ـ بنکەی هەولێر کە لەم دواییە بە هاوکاریی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش چێ کراوە.

"الاخبار" هەروەها لە هەوڵی ئەمریکا بۆ کردنەوەی دوو بنکەی دیکە بۆ هێزە تایبەتییەکانی لە ناوچەی عەکاز لە نزیکیی شاری سنووریی قائم لە رۆژئاوای عێراق و لە ناوچەی حەمیرە لە نزیکیی ڕۆمادی هەواڵی داوە.

فەرحان دەلیمی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاریی ئەنبار نزیکەی دوو مانگ لەوە پێش ڕایگەیاند کە سوپای ئەمریکا دوو بنکەی نوێی دیکەی لە ئەنبار چێ کردووە کە بنکەی یەکەمیان لە ٣٦٠ کیلۆمەتریی رۆژئاوای ڕۆمادی لە ناوەندی ئەنبار و لە نزیکی سنووری عێراق و سووریا هەڵکەوتووە و ئەوی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی شاری ڕەتەبە لە ٣١٠ کیلۆمەتریی رۆژئاوای رۆمادی و لە ١٠٠ کیلۆمەتریی سنووری عێراق و سووریا هەڵکەوتووە.

پێداگریی عێراقییەکان بۆ دەرکردنی سەربازانی ئەمریکی

بەڵام عێراقییەکان ناچنە ژێر باری گوشاری ئەمریکا و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە باس لە هەلومەرجێکی یاسایی دەکەن بۆ دەرکردنی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق. ئامادەبوونی سەربازانی ئەمریکی پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق و بە بێ ڕەزامەندیی ئەوان ئەو ئامادەبوون و بنکەگەلە هیچ مانایەکیان نییە.

هادی عامری سەرۆکی کۆتلەی فەتحی عێراق ڕایگەیاند: "رێگە بە جێگربوونی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق نادەین. هێزەکانی ئەمریکی ترسەنۆک‌تر لەوەن کە لە شارەکانی عێراق جموجۆڵ بکەن. ئێمە پاڵپشتی لە سەروەریی نیشتمانیمان دەکەین و رێگە بە هیچکەس نادەین ئەو سەروەرییە بخەوشێنێت. بە دڵنیاییەوە رێگە بە جموجۆڵی زەوینی و ئەسمانیی ئەمریکا لە عێراق نادەین و پەرلەمان لەوبارەیەوە بڕیار دەدات. بەڵام کێشەمان لە گەڵ ئامادەبوونی هەندێک ڕاوێژکار بۆ مەبەستی ڕاهێنان و مەشقی سەربازی نییە و ئەوە دەروەستی بە دەوڵەتی عێراقەوە هەیە".

لە نزیکەی دوو حەوتە لەو پێش گۆڕەپانی سیاسیی عێراق شایەدی جموجۆڵی خێرا و ئاشکرا بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پراتیگی لە پێناو کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە بوو.

ئەوی ئەو هەنگاوانەی جیاوازتر لە هەنگاوەکانی پێشتر دەکرد، بەشداریی پەرلەمان بە تەواو هێزەوە لەو هەڵوێستەدا بوو؛ هەڵوێستی نوێنەرانی کۆتلە گرینگەکانی پەرلەمان نیشاندەری گیرانەبەری یاسا و بڕیارگەلێکە کە لە نەخشەڕێ و پلانی دواتردا کاریگەرە.

لە ماوەی دوو حەوتەی ڕابردوودا کۆتلە گەورەکانی پەرلەمانی واتە فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری و سائیروون بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر دانیشتنگەلێکی هاوبەشی درێژخایەنیان لە ئاستی باڵادا بەڕێوە برد کە پرسی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە خاکی عێراق و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە دەرکەوتنی سەربازیی ئەمریکی بە تایبەت لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە، لە تەورە سەرەکییەکانی ئەو دانیشتنە بوو.

هاوڕێزیی کۆتلەکانی فەتح و سائیروون سەبارەت بە پرسی ئامادەبوونی ئەمریکییەکان و گرتنەبەری هەڵوێستی یەکپارچە و هەوڵیان بۆ پێشخستنی ئەو هەڵوێستە لە پەرلەمان بەو مانایە کە کۆتایی ئامادەبوونی ئەمریکییەکان لە رێگەی پەسندکرانی یاسای هاوپەیوەند لە پەرلەمانی عێراق لە هەر کاتێکی دیکە نزیکترە.

ئەو هەنگاوەی دوو کۆتلەی گەورەی عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی سەربازانی ئەمریکی لەو وڵاتەدا، هاوکاتە لە گەڵ هەڵوێستی سیاسەتوانان و پەرلەمانتارانی عێراقی و ئەویش بەش بە حاڵی خۆی دەوڵەمدنە بە پاڵپشتیی سیاسیی، جەماوەری و میدیایی بەربڵاو. جگە لەوە دەستووری عێراق ئامادەبوونی هێزی دەرەکیی لە خاکی عێراق تەنیا بە مەرجی داخوازیی دەوڵەت و ڕەزامەندیی پەرلەمان بە ڕەوا زانیوه.   

زیا شەوکی پێشنوێژی هەینیی کووفە داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد کە لە پێناو کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق هەنگاو بنێت.

ناوبراو لە وتارەکانی نوێژی هەینیی کووفەدا وتی: داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەین بۆ کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و دەستەبەر کردنی سەروەریی تەواوی ئاسمان، زەوی و ئاوەکانی ئەو وڵاتە هەنگاوی شلگێرانە هەڵگرێت.

شەوکی جەختی کرد: "پەرلەمان دەبێ هەنگاوی دەستەبەرکەر بۆ وەدی هێنانی ئەو داخوازییە گرینگە هەڵگرێت و هەروەها دەبێ بە پەلە سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکات تا سەبارەت بە هەندێک جموجۆڵی گومان لێکراوی ئەمریکییەکان لە هەندێک پارێزگای عێراق و بەرزبوونەوەی ژمارەیان بە تایبەت لە مانگی ڕابردوودا ڕوون کردنەوە بدات. پەرلەمانیش دەبێ دژایەتیی خۆی لە گەڵ ئامادەبوونی ئەمریکییەکان و جموجۆڵیان دەربڕێت".

ئەمریکییەکان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی عێراق لەو وڵاتەدا بنکەیان لێ داوە و ئێستا کە داعش لە عێراق کۆتایی پێ هاتووە، ئەوان تێدەکۆشن کە هەمدیسان داعش ببووژێنێتەوە، بۆ ئەوەی لە عێراقدا بمێننەوە.  

ترامپ دەیەوێ عێراق بکاتەوە سکۆیەک بۆ هێرش و سیخۆری لە دژی دیتران هەتا ئاسایشی هاوپەیمانی خۆی واتە ڕژیمی زایۆنی دابین بکات.

نیگەرانی ئەمریکا و جموجۆڵی بەربڵاوی

بەڵام دەولەتی ئەمریکا ئاگاداری ناوەڕۆک و ئاستی هەنگاوەکانی بەغدا لە رێگەی پەرلەمانەوەیە و ئەوە لە هاتووچۆی پاتریک شاناهان سەرپەرەشتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە دەردەکەوێ. واشنتۆن بە تەواو مانا نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێ و سەیر نییە کە بۆ پێشگری لە پەسندکرانی یاسا لە دژی خۆی هەوڵ بدات. ئەمریکا لە لایەکەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی داوەتە پڕۆپاگاندا لە دژی حەشدی شەعبی و ئەو گرووپ و کەسایەتییە سیاسییانەی کە پەیوەندیی باشیان لە گەڵ ئێران هەیە و لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دەدا ئەو باوەڕە لای ڕای گشتیی عێراقت بڕەو پێ بدا کە داعش هێشتا چالاکە و مەترسییەکەی بە تەواوەتی لە ناو نەچووە و لەو ڕووەوە ئامادەبوونی ئەمریکی لەو وڵاتەدا پێویستە. ئەو جموجۆڵ و ئاستەنگنانەوەی ئەمریکییەکان تەواو ئاساییە بەڵام لە بەرامبەردا عێراقییەکان هەر وەک وترا؛ ناچنە ژێر باری گوشاری واشنتۆن و بڕیاری شلگێرانەی خۆیان داوە.

News Code 25054

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 7 =