بۆچی ترامپ لە عێراق جاودێری ئێران دەکات

هەڵوێستی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی ئامادەبوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بە ئامانجی جاوەدێری کردنی ئێران، سەرنجی شرۆڤەگەران و چاودێرانی کاروباری ناوچەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فەرهاد فەرزادی: دۆنالد ترامپ لەو کاتەوە بۆتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بە هەڵوێست و بڕیارەکانی خۆی هەروهەنگامەیەکی ساز داوە کە نوێترینیان هەڵوێستی سەبارەت بە عێراق و ئەوەی کە هێزەکانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی چاوەدێری کردنی ئێران لە عێراق دەمێننەوە؛ هەڵوێستێک کە دژایەتیی عێراقی بە دواوە بووە. 

ترامپ پاش ئەوەی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووی زایینی بە شێوەیەکی لە ناکاو هەنگاوی نایە بنکەی ئەمریکییەکان لە عێراق و لە گەڵ سەربازانی ئەو وڵاتە دیداری کرد، نیشانی دا کە هیچ بەهایەک بە سەروەریی عێراق نادات. عێراقییەکان دژایەتی و ناڕەزایەتیی خۆیان بۆ هەڵوێستەکانی ترامپ دەربڕی و ئەو هەڵوێستانەیان بە پێشێل کردنی سەروەریی عێراق زانی و هەوڵەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکی لە پەرلەمانی عێراقەوە دەستی پێکرد.

جگە لەوە، هەڵوێستی ترامپ سەبارەت بەوەی کە هێزەکانی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەد یان هەر بنکەیەکی دیکە لە عێراق دەتوانن بۆ پاسەوانی کردن لە عێراق ڕۆڵی لیدەر بگێڕن، بووە هۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری و سیخۆریی ئەمریکا، چونکە بە باوەڕی ئەوان، کۆکردنەوەی زانیارییەکان و سیخۆری و کرداری هەواڵگرانە لە ئەستۆی ڕێکخراوی سیا یان ئاژانسی ئەمنی نیشتمانی ئەمریکایە.

ترامپ بە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی خۆی و ئەوەی کە ڕاسپاردەی هێزەکانی ئەمریکیی سیخۆری لە وڵاتانی ناوچە ڕاگەیاندووە، دەوڵەت و پەرلەمانی عێراقی بەرەوڕووی دۆخێکی تایبەتی کردووە کە یان تاقەتی بێدەنگی و سووکایەتی بێنن یان هەڵوێستی نیشتمانیی شیاو بگرنە بەر.

حەیەدر عەلی کارناسی لێکۆڵەری ستراتژییەکانی ئەمریکا لە وتووێژ لە گەڵ "المراقب العراقی" وتی: ترامپ هیچ پابەندی قوتابخانە کلاسیکە ناسراوەکانی ئەمریکا وەک قوتابخانەی ڕیالیزم و ئایدیالیزم نییە و بە پێی قوتابخانەی ڕیالیزمی خۆڵەمێشی و دووپاڵەیی دەجووڵێتەوە؛ کە بە پێی ئەو قوتابخانە هەندێ جار ڕوو لە توندوتیژیی زێدەڕۆیانە و هەندی جاریش ڕوو لە دەسەڵاتی نەرم دەکات.

بە گوێرەی ئەو کارناسە عێراقییە ترامپ بەهایەک بەوە نادات کە دیپلۆماسیی عێراق دەخاتە تەنگەژەوە، چونکە یەکەمایەتیی ئەو ئەمریکایە و ئەوە بە پێی پلانێکە کە لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنی لە ئەمریکا پێڕەوی لێ دەکات.

حەیدەر عەلی ئاماژەی بەوەش دا: سیاسەتێک کە ترامپ پێڕەوی لێ دەکات لە گەڵ سیاسەتەکانی پێشووی جیاوازە، چونکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەچێتە پێش و ئێران بە دوژمنی یەکەمی خۆی دەزانێت و دەیەوێ عێراق ببێتە ناوچەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. ئەمریکییەکان لە بابەتی ئاسمانی و دەریاییەوە بە سەر ناوچەی پەیوەندیی ئێران و دەریای ناوەڕاستدا زاڵن و ئێستاش دەیانەوێ لە بابەتی زەوینیشەوە بە سەر ئەو ناوچەیەدا زاڵ بن و بۆ پەڕاندنەوەی ڕژیمی زایۆنی لە مەترسییەکان، مەودا بخەنە نێوان پەیوەندییەکانی ئێڕان و حزبوڵڵا. ستراتژییی ئەمریکا پشت‌ئەستوورە بە سێ تەور کە بریتین کە ئیدعای زاڵبوون بە سەر داعش، بەرەنگاربوونەوەی گرووپگەلی چەکداری دژی ئەمریکا و سێهەم ئامادەبوونی زەوینی لە ناوچەکەدا.

ئایا ئەگەری تێهەڵچوون هەیە؟

بەڵام پاش ئەو هەڵوێستەی ترامپ سەبارەت بە چاوەدێری کردنی ئێران، شرۆڤەکاران بیر لەوە دەکەنەوە کە ئایا تێهەڵچوون و بەڕەوڕووبوونەوەیەکی تایبەتی ڕوو دەدات بە تایبەت پاش ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی پێشگریان لە پیاسە و گەشت لێدانی ئەمریکییەکان لە مووسڵ کرد و دۆخەکە زیاتر تەشەنەی سەند.

"واسق هاشمی" سەرۆکی گرووپی توێژینەوەی ستراتژیکی عێراق وەک ناوەندێکی توێژینەوە لە بەغدا، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: بە گشت ئەو هەڵوێستە ئاگرین و شەڕئاژۆیانە، بە بڕوای من هیچ شەڕ و بەرەوڕووبوونەوەیەک ڕوو نادات. ئێران ئێران ڕیسک دەکات و نە ئەمریکا خوازیاری هێرش کردنە سەر ئێرانە.

هەروەها "ڕەزاق عەبدولئەمە" لە سەرکردەکانی ڕێکخراوی بەدەر بە کەناڵی ڕووداوی وت: مەحاڵە پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئەمریکی و حەشدی شەعبی ڕوو بدات، چونکە ئەمریکییەکان بە جوانی ئاگاداری توانای حەشدی شەعبین. حەشدی شەعبی ئەمڕۆ زۆر بە هێزتر بووە و ڕێکخراوێکی باشتری هەیە و لە باری چەک و چۆڵێشەوە زۆر بە هێزتر و ڕاهێنراوەتر و پڕۆفێشناڵ‌ترە و بە بڕوای من ئەمریکییەکان هەڵەی وا ناکەن. دەوڵەتی ئەمریکا دەبێ ئاوری جیدی بداتەوە لە هەڵوێستی عێراقییەکان. بە داخەوە دەوڵەتی عەبادی درۆی لە گەڵ گەلی عێراق کرد، چونکە هەم بە پێی دانپێدانانەکانی ترامپ و هەمیش وێنەی بنکەگەلی گەورەی ئەمریکی و ژمارەی هێزەکانی لە عێراق بە پێچەوانەی ئیدعای دەوڵەتی پێشووە کە ئەم ئامادەبوونەی دەبەستەوە بە ئامادەبوونی کارناسی و ڕاهێنەری. ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکی پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق و بە بێ بڕیاری پەرلەمان نە ئەو بنکانە دەکرانەوە و نە شایەدی ئامادەبوونی سەربازی بووین. دەوڵەت و پەرلەمانی عێراق دەبێ دژی سەربازان و بنکەگەلی ئەمریکی هەڵوێست بگرێت، چونکە ئەگەر ئەمریکییەکان لە عێراق بن، هاوپەیمانانی دیکەی عێراق و لەوان ڕووسیا و وڵاتانی دیکەش داوای کردنەوەی بنکەی هاوشێوە لە عێراق دەکەن.

کامانەن بنکەگەلی ئەمریکیی ناو عێراق؟

"الاخبار" لە ڕاپۆرتێکدا ڕوانییە ژمارەی بنکەگەلی ئەمریکیی ناو عێراق و ڕایگەیاند ئەمریکییەکان نزیکەی ١٠ بنکەیان لە عێراق هەیە کە بریتین لە؛

ـ بنکەی نەسر یان ڤیکتۆری کە لە ناوخۆی فرۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدایە و بۆ فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و زانیاریی پێویست کەڵکی لێ وەردەگیردرێ.

ـ بنکەی ئاسمانی بەلەد کە گەورەترین بنکەی ئاسمانی لە عێراقە و لە ٦٤ کیلۆمەتریی باکووری بەغدا هەڵکەوتووە.

ـ بنکەی عەین ئەسەد کە دووهەمین که بنکەی ئاسمانیی گەورەی عێراقە و لە ناوچەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار لە نزیکی ڕووباری فورات هەڵکەوتووە.

ـ بنکەی تاجی که لە ۲۵ کیلۆمەتریی باکووری بەغدا هەڵکەوتووە و تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی بنکەی بەلەدە.

ـ بنکەی حەبانیه یا تەقەدوم که لە نێوان شارەکانی فەلووجە و ڕۆمادی هەڵکەوتووە و بۆ ڕاهێنان و کۆنتڕۆڵ چەندین زانکۆی سەربازی لە خۆ گرتووە.

ـ بنکەی ئاسمانیی قەیارە کە لە پارێزگای نەینەوا و لە ٣٠٠ کیلۆمەتریی باکووری بەغدا هەڵکەوتووە و لە ئێستادا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی تێدایە.

ـ بنکەی کەرکووک یان ڕینگ.

ـ بنکەی هەولێر کە لەم دواییە بە هاوکاریی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش چێ کراوە.

"الاخبار" هەروەها لە هەوڵی ئەمریکا بۆ کردنەوەی دوو بنکەی دیکە بۆ هێزە تایبەتییەکانی لە ناوچەی عەکاز لە نزیکیی شاری سنووریی قائم لە رۆژئاوای عێراق و لە ناوچەی حەمیرە لە نزیکیی ڕۆمادی هەواڵی داوە.

فەرحان دەلیمی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاریی ئەنبار نزیکەی دوو مانگ لەوە پێش ڕایگەیاند کە سوپای ئەمریکا دوو بنکەی نوێی دیکەی لە ئەنبار چێ کردووە کە بنکەی یەکەمیان لە ٣٦٠ کیلۆمەتریی رۆژئاوای ڕۆمادی لە ناوەندی ئەنبار و لە نزیکی سنووری عێراق و سووریا هەڵکەوتووە و ئەوی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی شاری ڕەتەبە لە ٣١٠ کیلۆمەتریی رۆژئاوای رۆمادی و لە ١٠٠ کیلۆمەتریی سنووری عێراق و سووریا هەڵکەوتووە.

کەواتە لە لایەکەوە کاتێک ترامپ دەڵێ کە مانەوەی لە عێراق بە مەبەستی چاوەدێری کردنی ئێرانە، بە جۆرێک لە پێناو ناسەقامگیر کردنی عێراق و ناوچە و بە ناوەندی سیخۆری کردنی ئەو وڵاتە هەنگاو دەنێت و لە لایەکی دیکەوە ئەو لێدوانە نیشاندەری دۆخی ئاڵۆز و سەخڵەتی عێراقە کە دەوڵەتی ئەمریکا بەرەوڕوویەتی، چونکە ئەگەر بێتو یاسایەک لە پەرلەمان پەسند بکرێت کە رێگە بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا نەدات، ئەوا مانەوەی ئەو هێزانە لە مێزۆپۆتامیا بە مانای پێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتی دێت. هاوکات ئەگەر ئەمریکا بیەوێ هێزەکانی لە عێراق بباتە دەرێ، هەموو شتێکی دەدۆڕێنێت.

ئەمریکا هاوپەیمانیی ستراتژیی نێوان تاران و بەغدا بە مەترسییەکی گەورە بۆ خۆی دەبینێت، بە تایبەت کە ئاستی مامەڵەی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق زۆرە و جگە لەوە پەیوەندیی ئایینی و فەرهەنگییەکی قووڵ و تۆکمە لە نێوان دوو وڵاتدا هەیە.

News Code 24872

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 8 =