وڵامی توندی زایۆنییه‌کان له‌ سووریا ده‌درێته‌وه‌

سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشتی نیشتمانی ئێران وتی: به‌رده‌وام بوونی زایۆنییه‌کان له‌ هێرش بۆ سه‌ر سووریا، قابیلی قبووڵ کردن نییه‌ و وڵامی زۆر توند وه‌رده‌گرن.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، وه‌لید موعه‌لم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا دوێنێ له‌گه‌ڵ عه‌لی شه‌مخانی، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشتی نیشتمانی ئێران دیداری کرد و هه‌ر دوو لا سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان دوو وڵات و دۆخی ناوچه‌که‌ و جیهان گفتوگۆیان کرد.

شه‌مخانی له‌م دیداره‌ وتی: له‌ هه‌موو ڕوێیکه‌وه‌ په‌ره‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ سووریا ده‌ده‌ین، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌منیه‌ت بۆ سووریا گرنگه‌، ئێران وه‌ک چۆن له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریسته‌کان پشتی سووریای به‌ر نه‌دا به‌ هه‌مان شێوازیش بۆ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی بێت ئه‌نجامی ده‌دات. هاوکاری ئێران و سووریا له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر ده‌ستکه‌وتی زۆر باشی بووه‌ و تاکوو کۆتایش درێژه‌ی ده‌بێت.

ئه‌و زیادی کرد: ئاسته‌نگ دروست کردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی له‌ سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ سووریا مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ و ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌ قه‌یرانی سووریا ئه‌نجام ده‌بێت. دوژمنانی ئیسلام، به‌ تایبه‌ت ئه‌مریکا و ئیسڕائیل هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ نانه‌وه‌ی شه‌ڕ و ناکۆکی ده‌ستکه‌وتی وڵاتانی ئیسلامی وه‌ک ئه‌منیه‌ت و گه‌شه‌ کردن به‌رده‌وام له‌ ناو ببه‌ن.

سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشتی نیشتمانی ئێران ڕایگه‌یاند: به‌رده‌وام بوونی زایۆنییه‌کان له‌ هێرش بۆ سه‌ر سووریا، قابیلی قبووڵ کردن نییه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م هێرشانه‌ درێژه‌ی بێت وڵامی زۆر تووند وه‌رده‌گرن، بۆ ئه‌م کاره‌ش هه‌موو پێشبینییه‌ پێویسته‌کان ئه‌نجام بووه‌، به‌جۆرێک ببێته‌ وانه‌یه‌کی مێژوویی بۆ زایۆنییه‌کان. 

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا له‌م دیداره‌ وتی: ده‌وڵه‌تی سووریا به‌ جدییه‌تی ته‌واوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ دانوستان ده‌کات که‌ چه‌کیان به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌م سیاسه‌ته‌ی.

وه‌لید موعه‌لم زیادی کرد: ئێمه‌ سپاسی ڕۆڵی باش و ئه‌رێنی ئێران له‌ سووریا ده‌که‌ین. کۆتایی هاتن به‌ تیرۆر و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی تیرۆریسته‌کان وه‌ک به‌ره‌ی نوسره‌ش، په‌یوه‌ندی به‌ پشتیوانی بڕێک وڵات له‌م گرووپانه‌ هه‌یه‌.

ئه‌و ئاماژه‌ی دا: ڕاوێژکارانی سه‌ربازی ئێران له‌ سه‌ر داوای سووریا له‌م وڵاته‌ن تاکوو سوپای ئه‌م وڵاته‌ به‌هێز بکه‌ن، ده‌وڵه‌تی سووریاش خۆی له‌ پاراستنی سنووره‌کانی سووریا به‌ به‌رپرسی سه‌ره‌کی ده‌زانێت.

News Code 24833

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 3 =