پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران جێگەی بایەخە

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کرد: پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران جێگەی بایەخ و گرنگییە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕێبەری پارتی دیمۆکراتی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەلاحەدین دیدار و گفتۆگۆیان کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كران.

وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپاسی هەوڵەكانی بارزانی لە ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق كرد.

ئەوەیشی ڕاگەیاند كە پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ تاران جێگەی بایەخ و گرنگییە.

لای خۆیەوە بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرفەت و كەشوهەوایەكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و لەگەڵ سەرۆ كوەزیرانی تازەی عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەكردنی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدادا ماون.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران گەیاند.

پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەر دوولا جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندیی دوولایەنە كردەوە.

News Code 24363

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 4 =