مامەڵەی ترامپ بە کوردەکانی سووریاوه بۆ بێدەنگ‌کردنی ئەردۆغان

"پۆل پیلار" بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا نایەوێ لە سەر ئەو میزە دانیشێت کە ئێران تێیدا ئاستەنگێكی گەورەیە، وتی: بەرپرسانی دەوڵەتی ترامپ بە گشتی دژی هەر جۆرە دیپلۆماسییەکی چەند ڕەهەندی لە پرسی سووریان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە پەیامێکی تویتەریدا سەبارەت بە دەرچوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا نووسی: ئێمە داعش‌مان لە سووریا شکست داوە، ئەوە تاقە هۆکاری ئامادەبوونی هێزەکانمان لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی من لەو وڵاتەدا بوو.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاماژە بەوەی کە هەموو پێرسونێلی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تا ٢٤ کاتژمێری دیکە لە سووریا دەچنە دەرێ، وتی: تەواو تەواو هێزەکانی ئەمریکاش لە ماوەی ٦٠ تا ١٠٠ رۆژی داهاتوو خاکی سووریا بە جێ دێڵن.

سارا سەندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵگەلێک لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکی لە سووریا، ئیدعای کرد: سەرکەوتنەکان بە سەر داعشدا بە واتای کۆتایی هاوپەیمانی لەو شەڕەدا نییە.

وتەبێژی کۆشکی سپی وتیشی: هاوکات لە گەڵ قۆناغێکی نوێ لەو شەڕە، ئێمە گەڕانەوەی سەربازانی ئەمریکیمان لە سووریاوە دەست پێکردووە.

لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری مێهر وتووێژێکی لە گەڵ پرۆفیسۆر پۆل پیلار سەرۆکی پێشووی بەشی شرۆڤەی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا (سیا) و مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون و لە ئەندامانی پێشەنگی ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە خێرا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەچێتە دەرێ و لە ماوەی ٦٠ تا ١٠٠ رۆژی داهاتووش بە تەواوەتی خاکی سووریا بە جێ دێڵێت. هۆکارەکانی ئەو بڕیارە چین؟

ـ ئەو بڕیارە بە تەواوی دەرەوەستی بە ترامپەوە هەیە، چونکە دەیەوێ بەڵینەکانی کاتی هەڵبژاردرانی بۆ سەرۆک کۆماری وەدی بێنێت. ئەگەرچی هۆکارگەلی ستراتژیکیی یاساییش لە ئارادان، بەڵام ترامپ گەلێ جار نیشانی داوە ککە بە نیسبەتی سیاسەتی ناوخۆیی و دروشمگەلی بانگەشەیی خۆی کەمتر لە ژێر کاریگەری ستراتژیگەلی نێودەوڵەتی و ژئۆپۆلیتیکییە.

* ترامپ بۆ پاساودانی بڕیاری بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە سووریا ڕایگەیاندووە کە داعش شکستی هێناوە و بەوجۆرە شکستی داعشی کردۆتە بیانوی بردنەدەرەوەی هێزەکانی. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە دانوستانی ئەردۆغان و ترامپ دەکەن. ئایا ئەو بڕیارە دەتوانێ دەروەستی بە دانوستانی سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا و تورکیاوە بێت؟ ئەگەر وایە چ ڕێککەوتنێک لە نێوان ترامپ و ئەردۆغان سەبارەت بە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا کراوە؟

ـ ئەگەری ئەوە هەیە کە بڕیاری ترامپ دەروەستی بە گفتوگۆی لە گەڵ ئەردۆغان بێت. ئەگەرچی ئەو بۆچوونە جێی گومانە و پەیوەستە بە شێوەی لێکدانەوەی ئەو دوو سەرۆک کۆمارە لە کاکڵی گفتوگۆکان.

ئەگەرێکی دیکە کە پێدەچێت لە گرتنە بەری ئەو بڕیارە دەستی هەبێت ئەوەیە کە لە بری دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەردۆغان ڕازی بووە کە چیتر درێژە بە باس و خواستی دەستهەبوونی جێنشینی عەرەبستان لە کوژرانی جەماڵ خاشقجی نەدات و ئەو باسە بە تەواوی پشتگوێ بخرێت.

وادیارە ترامپ پێداگرە لە مانەوەی محەمەد بێن سەلمان لە دەسەڵاتی جێنشینیی عەرەبستان و پێشوازی کردبێت لە هاوکاریی ئەردۆغان بۆ یارمەتی دانی بە پشتگوێ خرانی ئەو باسە.

* هێزەکانی کوردی سووریای دیموکراتیک کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، وێرای ناڕەزایەتی دەربڕینیان لە بڕیاری ترامپ بۆ بردنەدەرەوەی هێزی ئەمریکی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا، ئەو کارەیان بە خەنجەرێک لە پشتەوە لە لایەن ئەمریکاوە وەسف کرد. دۆخی ئەو هێزانە چۆن دەبێت و ئایا وەک مامەڵەیەک لە نێوان ترامپ و ئەردۆغان ئاوریان لێ دەدرێتەوە؟

ـ ڕەنگە دیپلۆماسی و دانوستان لەو بابەتەدا پێشی کرداری سەربایز بگرن. کوردەکانی سووریا لە ئیستادا ئەنگێزەیەکی زیاتری و بەهێزتریان بە نیسبەتی ڕابردوو هەیە بۆ ڕێککەوتن و لێکگەیشتن لە گەڵ حکوومەتی ئەسەد. ئەگەری زۆرە کە ئەوان لە بری وەرگرتنی ئاستێک لە خۆبەڕێوەبەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پاڵپشتی لە حکوومەتی ئەسەد بکەن و پێی وەفادار بن.

هەڵبەت گومانێک لەوەدا نییە کە ئەردۆغان خۆشی لە حکوومەتی ئەسەد نایەت، بەڵام زیاتر لە بزووتنەوەی جودایی‌خوازیی کوردە سەربەخۆکان لە باکووری سووریا نیگەرانی دزە کردنی حکوومەتی ناوەندی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە. هەر بۆیە هێرشی سەربازیی بەربڵاوی تورکیا لەو ناوچەیە ئەگەرچی مومکینە، بەڵام ڕێی هەڵوەشانەوەشی هەیە.

* ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئەو درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە سووریادا دەدات. دۆخی مەیدانیی سووریا لە نەبوونی ئەمریکا بە تایبەت پێگەی ئیسرائیل لە هەلومەرجی سووریادا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ ئیسرائیل سەرەڕای بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بردنەدەرەوەی هێزەکانی لە سووریا، بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە چالاکیگەلی سەربازیی لەو ناوچەیەدا. هەر چەند پێشتریش ئامادەبوونی هێزە ئەمریکییەکان لەو ناوچەیەدا نەببووە لەمپەر و ئاستەنگێک لە بەردەم هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی سووریا.

ئیسرائیل چ سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەدا بن و چ ناوەکە چۆڵ بکەن، بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە هێرشی سەربازیی.

* دانیشتنی داڕشتنی دەستووری سووریا بە بەشداریی ئێران، ڕووسیا، تورکیا و ڕێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوو. ئەگەرچی ئەو دانیشتنە لە سەرەتای رێگەی خۆیەتی، بەڵام نیشاندەری گەیشتنی سووریا بە دۆخی داڕشتنی دەستوور و تێپەڕبوون لە دۆخی قەیراناویی پێشترە. ئایا پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ئەم قۆناغە و بڕیارەکەی ترامپ؟

ـ هیچ دەروەستیان پێکەوە نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا هیچ بەهایەک بە هەوڵە دیپلۆماسییە هیوابەخشەکان بۆ پرسی سووریا نادات.

ئەمریکا نایەوێ لە سەر ئەو میزە دانیشێت کە ئێران تێیدا ئاستەنگێكی گەورەیە. هەر بۆیە بەرپرسانی دەوڵەتی ترامپ بە گشتی دژی هەر جۆرە دیپلۆماسییەکی چەند ڕەهەندی لە پرسی سووریان.

News Code 23895

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 1 =