پشت پەردەی کوژرانی برایانی زەبیحی/ هەلێک بۆ پاگەندەی ڕاگەیاندنەکانی دوژمن

شەوی هەینی ١٦ی سەرماوەز هەواڵی بەربوونەوەی ئۆتۆمبیلێکی دێڤۆ لە جادەی گوندی نەیزەڕۆ بە هۆکاری نادیار و ناڕوون کە مەرگی دوو کەسایەتی ناسراوەی سینەمای کوردستانی بە دواوە بوو، لە میدیا ناوخۆییەکاندا بڵاو بۆوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی پارێزگاکان: لە لێکدانەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس لەو ڕووداوە دەرکەوت کە ئۆتۆمبیلەکە هی ڕەحیم زەبیحی هونەرمەند و فیلمسازی بانەییە کە لە گەڵ براکەی لەو ئۆتۆمبیلەدا بوون. لە نیگای یەکەمدا پێدەچوو ئۆتۆمبیلەکە بە هۆکاری نادیار بەربووبێتەوە و ئاگری گرتبێت و بە داخەوە ئەو دوو برا هونەرمەندە لەو ڕووداوە گیانی خۆیان لە دەست دابوو.

پاش تێپەڕینی چەند کاتژمێر لە ڕووداوەکە خەڵک و سەرچاوەگەلی خۆجێی هەواڵیان دا کە ئەو دوو برایە بە هۆی ناکۆکیان لە گەڵ کەسێکی دیکە کوژراون و پاشان دیمەنێکی ساختەییان بۆ داڕێژراوە کە وا نیشان بدرێت ئۆتۆمبیلەکەیان بەربۆتەوە و ئەوانی تێدا کوژراوە.

پۆلیس-یش لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرک و ڕیسالەتی خۆی دەنگۆکانی نە ڕەت کردەوە و نە پشت‌ڕاستی کردنەوە و ئەمە بووە هۆی پەرەسەندنی باوەڕ بە ڕاستبوونی دەنگۆکان و هەر لەو کاتەدا میدیاگەلی دەرەکی و دوژمنان هەڵەکەیان قۆزتەوە و پەرەیان دا بەو دۆنگۆیە و ورووژاندنی دۆخەکە.

زۆربەی میدیاگەلی دەرەکی لە کەناڵە جۆراوجۆرەکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەرگی ڕەحیم زەبیحی و براکەیان خستە ئەستۆی پیلانی ناوخۆیی و وەک زۆربەی پرسەکانی دیکە هەوڵیان دەدا لە ئاوی گەنداو ماسی بگرن و بە بڵاو کردنەوەی دەنگۆگەلی جۆراوجۆر دڵی بنەماڵەی ئەو هونەرمەندانەیان دەتاسان.

پۆلیس-یش بە وەڵام نەدانەوە بە میدیاگەلی ناوخۆیی و بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە توێژینەوەکان لەوبارەیە درێژەی هەیە، نە دەنگۆکانیان ڕەت و نە پشت‌ڕاست دەکردەوە و تەنیا ئاماژەیان بەوە دەدا کە تا لێکدانەوە ورد و دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەو ڕووداوە ناکرێت لەوبارەیەوە هیچ وەڵامێک بدەنەوە و داوایان لە خەڵکی دەکرد کە بەها بە دەنگۆکان نەدەن و رێگە بدەن پۆلیس پاش لێکدانەوەی تەکنیکی و پسپۆڕانەی خۆی هۆکارەکان بدۆزێتەوە و ئەنجامی لێکدانەوەکانیش بە شێوەی پێویست ڕادەگەیێندرێت. ئەم هەڵوێستە بووە هۆی ڕەخسانی هەلی دەنگۆسازی لە لایەن میدیاگەلی دەرەکی و پەرەسەندنی هەواڵی کوژرانی ڕەحیم زەبیحی فیلمسازی کوردستانی و براکەی.

دەستگیرکرانی بکوژی زەبیحی و براکەی

لە کۆتاییدا جێگری کۆمەڵایەتی فەرماندەیی ئینتزامی کوردستان پاش تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر لەو ڕووداوە لە دەستگیرکرانی بکوژی ڕەحیم زەبیحی و براکەی لە شاری بانە هەواڵی دا و لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر وتی: بە هەوڵی پۆلیس و توێژینەوە و لێکدانەوەکانی شەوی ڕابردوو، بکوژی ڕەحیم زەبیحی فیلمسازی بانەیی و براکەی دەستگیر کران.

عەبدوڵڵا فاتحی بە ئاماژە بەوەی کە شوناسی ئەو کەسە دەرکەوتووە و ڕادەستی دادگە کراوە، وتیشی: بکوژ لە لێپێچینەوە سەرەتاییەکان ئەنگێزەی کوشتنی کێشەی ماڵیی لە گەڵ کوژراوان ڕاگەیاند.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: بە پێی دان پێدانانی سەرەتایی، بکوژ دوو براکەی بێهۆش کردووە و پاشان بەنزینی ڕشتووەتە ناو ئۆتۆمبیلەکەیان و پاش ئاگردانی پاڵپی پێوەناوە بۆ ناو دۆڵەکە و بە داخەوە برایانی زەبیحی لەو ئاگرەدا سووتان و گیانیان لە دەست دا.

جێگری کۆمەڵایەتی فەرماندەیی ئینتزامی کوردستان لە درێژەدا ڕایگەیاند: هیچ گرووپێکی دەرەکی یان ناوخۆیی پەیوەندیی بەو ڕووداوەوە نەبووە و تەنای هەندێک لە دوژمنانی نیزامی هەوڵی ئەوەیان بوو کە تاوانی مەرگی ئەو دوو برایە بخەنە ئەستۆی دەوڵەت، بێ خەبەر لەوەی کە بکوژەکە دەستگیر کراوە و تەنیا کێشەی ماڵی ئەنگێزەی ئەو تاوانە بووە.

پاش لێدوانی راشکاوانەی پۆلیس لەوبارەی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە، دیسان میدیاگەلی بیانی بێدەنگ نەبوون و دەستیان دایە بڵاو کردنەوەی دەنگۆی نوێ و ئەمەش بووە هۆی دڵئێشانی زیاتری بنەماڵەی خەمبار و داخداری ڕەحیم و کەیوانی زەبیحی و ناچاری کردن لە ڕوون کردنەوەی ڕاستییەکان و داخوازی لە خەڵکی کە شەریکی خەمیان بن و پەرە نەدەن بە دەنگۆکان.

ڕەحیم و کەیوان پابەند بوون بە نیزام و شۆڕشی ئیسلامی

باوکی ڕەحیم و کەیوان لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بەو ڕووداوە وتی: سەر لە بەیانی رۆژی هەینی کاتێک ڕەحیم و کەیوان دەیانەویست لە ماڵ بچەنە دەرێ بینیانم و لە کاتی خواردنی نیوەڕۆ چاوەروانی هاتنەوەیان بووم و دایکیشیان نەیدەزانی لە کوێن.

مستەفا زەبیحی وتیشی: تا ئێوارەی رۆژی هەینی کەس هیچ خەبەرێکی لێیان نەبوو، تا ئەوەی کە ئاگاداریان کردینەوە کە ئۆتۆمبیلەکەیان بە هۆی ڕووداوێک بەربووەتەوە و تووشی کارەساتێکی لەو چەشنە هاتوون.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: بە داخەوە لە ماوەی چەند رۆژی دوای ئەو مەرگی دڵتەزێنی کوڕەکانم هەم دەبێ شینی مەرگیان بکەم و هەمیش دەبێ بە قسە و باسی هەندێک زاممان بکوڵێتەوە.

باوکی برایانی زەبیحی ئاماژەی بەوەش دا: لە میدیاگەلی بیانی بڵاو بۆتەوە کە ئەوە کاری دەوڵەت بووە، بەڵام ئێمە دەمانزانی کە دەوڵەت هیچکات کاری وا ناکات، چونکە ڕەحیم و کەیوان کەسانێکی پابەند بە نیزام و شۆڕش بوون.

مستەفا زەبیحی وێرای ڕەت کردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، بیری هێنایەوە: بەختەوەرانە رۆژێک دوای کوژرانی کوڕەکانم، بکوژەکەیان ناسێنرا و دەستگیر کرا و چاوەروانی سازادانین و سپاس و دەستخۆشیشمان ئاراستەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی بانە دەکەین کە لەو ماوەیە هاودەردی و سەرەخۆشیان لێ کردین.

ڕەحیم و کەیوان کەسانێکی ناسراوە و ناوبەدەرەوە بوون

هەروەها برای ڕەحیم وکەیوان زەبیحی بە هەواڵنێری مێهری ڕاگەیاند: ڕەحیم لە ماوەی ژیانی خۆیدا تەنیا بیری لە فیلم و ئەکتەری دەکردەوە و کەیوانیش هاوکاتی ئەکتەری خەریکی ماڵکردنەوە بوو و هەموو لە بانە دەیانناسین و سەر بە دەرەوە بوون و ئەوی دەیانناسین دەیزانی کە ئەو دووە چەندە پیاو باش و بێ زەڕن.

وەفا زەبیحی سەبارەت بە ڕووداوەکە ڕوونی کردەوە: ئێمە تا ئێوارەی هەینی ئاگاداری هیچ نەبووین و کاتێک هەواڵمان پێگەیشت خۆمان گەیاندە شوێنی ڕووداوەکە، کە بە داخەوە بە هۆی سووتانی ئۆتۆمبیلەکە، تەرمەکانیش نەدەناسرانەوە و ئێمەش لەو کاتەدا تەواو گێژ و کڕ و تاسابووین.

ناوبراو وتیشی: پاش پشت‌ڕاست کرانەوەی شوناسی تەرمەکان لە لایەن پزیشکی یاساییەوە، بە داخەوە دەنگۆکان بە خێرایی بە ناو خەڵکدا بڵاو بوونەوە و هەر ئەوانەش زیاتر ئێش و زامی ئێمەی دەکوڵاندەوە. ئەگەرچی دوای دەستگیر کرانی بکوژی براکانم درۆبوونی دەنگۆکان بۆ هەمووان دەرکەوت و دەرکەوت کە ئەنگێزەی بکوژەکە تەنیا کێشەی ماڵی بووە.

ڕەحیم زەبیحی هونەرمەندێکی بەرپرس و خاوەن کەڵکەڵەی مرۆییە

لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ڕەحیم زەبیحی کێ بوو و لە ماوەی ژیانی هونەرییدا چ بەرهەمگەلێکی ئاراستە کرد و بە ئاوردانەوە لە بەرهەمەکانی دەکرێت پەی بە هۆی دەنگۆسازیی دوژمنان لەو ڕووداوە ببەین.

یەکێک لە گرینگترین و بەرچاوترین بەرهەمەکانی زەبیحی کە خەلاتێکی زۆری ناوخۆیی و جیهانی پێ مسۆگەر کرد، فیلمی "کێلێک بۆ مەزاری برای شەهیدم"ـه کە دەڕوانێتە بنەماڵەی قادر خانزادە کە شەش شەهیدی ئاراستەی شۆڕشی ئیسلامی کردووە.

پرسی مرۆیی و کەڵکەڵە مرۆییەکان لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی فیلمسازی زەبیحی بووە و لە تەواو بەرهەمەکانیدا وەک هونەرمەندێکی بەرپرس هەوڵی داوە بە وڵاتی خۆی وەفادار بێت و هەر بۆیە لە ساڵی ١٣٨٣ و لە میانەی بەڕێوە چوونی فێستیڤاڵێکی دەرەکیخۆی بوارد لە دەست دانەوە لە گەڵ داوەری ژنی ئەو فێستیڤاڵە و بەو هۆیە لە لایەن بەرپرسانی پارێزگاییەوە دەستخۆشی لێ کرا.

سەرۆکی حەوزەی هونەریی پارێزگای کوردستان بە بیرهێنانەوەی ئەو ڕووداوە بە هەواڵنێری مێهری وت: ڕەحیم زەبیحی کەسێکی زۆر پابەند بە ئەخلاق و کەڵکەڵەی مرۆیی بوو و بەردەوام هەوڵی دەدا بەرپرسایەتیی هەمبەر بە وڵات و زێدەکەی بە باشترین شێوەی مومکین بسەلمێنێت و ئەوە بە ئاشکرا لە بەرهەمەکانیدا دیارن.

ئەمین مورادی بە ئاماژە بە ڕەوتی بەرهەم هێنانی فیلمی "کێلێک بۆ مەزاری برای شەهیدم" بیری هێنایەوە: کاتێک ڕەحیم باسی لە چۆنیەتی بەرهەم هێنانی ئەو فیلمە دەکرد، بە بێ هیچ جۆرە دابەشکارییەک لە نێوان ڕیسالەتی هونەرمەندان، تاقەت و خەباتی بوێرانەی ئەو بنەماڵەیەی ستایش دەکرد کە لە پێناو پاراستنی هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی گیانیان خەڵات کردووە و هەر ئەوەش سەلمێنەری پابەند بوونی بنەماڵەی زەبیحی بە نیزام و ئارمانجەکانی شۆڕشە.

سەرۆکی حەوزەی هونەری وێرای هاوخەمی دەربڕینی بۆ مەرگی ئەو هونەرمەندە لێهاتوو و بە ئەخلاقە، وتی: مەرگی زەبیحی زیانێکی قورس بوو بۆ کۆمەڵگای هونەریی کوردستان، ئەو سەرمایەیەکی گرینگی مرۆیی بوو کە لە یادەوەرییەکاندا هەرمانە.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە کەمتەرخەمی هەمبەر بە ڕاگەیاندنی ڕوون و وردبینانە لەبارەی ڕوادوەکان لە کوردستان یەکێکە لە سەرەکی‌ترین بەستێبەکان بۆ سازبوونی کەشێکی دەنگۆساز کە ئەگەرچی گەلێ جار جەختی لێ کراوە و باسی لێوە کراوە و لایەنی زیانبەخشەکەی بێر هێنراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە هەموو جار پشتگوێ دەخرێت و ئەو ئەنجامەی بەدواوە دەبێت کە لە دوای زۆربەی ڕووداوەکانی ئەم پارێزگایە دەیبینین و دەیبیستین.

News Code 23835

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 5 =