بۆ بڕه‌ویی مووشەکەکانمان مۆڵەت لە کەس وەرناگرین

جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار وتی: بۆ بەرگری لە گەلی خۆمان ڕوومان لە بەرهەم هێنانی مووشەک نا و بۆ دیاری کردنی به‌هێزی و مه‌ودابڕی مووشەکەکان مۆڵەت لە کەس وەرناگرین.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: ئێسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵدەریی کیۆدۆی ژاپۆن جەختی لە گرینگیی بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی جیهانی لە بەرامبەر سیاسەتگەلی ئەمریکی کرد و ڕایگەیاند: ئەمریکییەکان پێداگرن لەوەی کە سیاسەتگەلی یەکلایەنەی خۆیان بە سەر هەموو دەوڵەتان و کۆمپانیاکانی جیهاندا داسەپێنن و دەیانەوێ ئەو سیاسەتانە بە هەڕەشە و گەمارۆدانی دیتران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جێگر بکەن. ئێمە هیوادارین هەموو دەوڵەتان و لەوان دەوڵەتی ژاپۆن لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەدا بوەستن و لە توانستی خۆیان لە بەرامبەر یەکلایەنەخوازیی ئەمریکا بەهرە ببەن و سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.

ناوبراو بە بیرهێنانەوەی شکستی ئەمریکا لە بە سیفرگەیاندنی فرۆشی نەوتی ئێران، جەختی کرد: ئێمە بۆ فرۆشی نەوت رێگەگەلێکی نوێمان مسۆگەر کردووە و تەنانەت ئەگەر هاوبەشە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێمە کڕینی نەوتیان کەم بکەنەوە، هاوبەشی نێومان دۆزیوەتەوە و نەوت بەوان دەفرۆشین و درێژە بەو رێگەیە دەدەین.

کۆی دەقی وتووێژی جەهانگیری لە گەڵ هەواڵدەریی کیۆدۆی ژاپۆن لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* بە ئاوردانەوە لە پەیوەندیی مێژوویی ژاپۆن و ئێران لە بوارگەلی جۆراجۆر و کڕیاریی ئاستێکی بەرچاوی نەوتی ئێران لە لایەن ژاپۆنەوە، تا چەندە گوشاری ئەمریکا بۆ بە سیفرگەیاندنی کڕیاریی نەوت لە ئێران، دەتوانێ ژاپۆن بەو قەناعەتە بگەیێنێت کە دوای مۆڵەتی ٦ مانگەی بری بوون، چیتر نەوت لە ئێران نەکڕێت؟

ـ پەیوەندیی ژاپۆن و ئێران لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا زۆر باش بووە و تەنانەت پاش شۆڕشی ئیسلامیش پەیوەندییە دوو لایەنەکان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا باش و ڕوو لە پێشکەوتن بووە. هەڵبەت هەندێ جاریش ئەو پەیوەندییە بەرەوڕووی کێشەگەلێک بووە، بەڵام کێشەکان دەرەوەستی بە هیچ لاوە نەبووە، بەڵکوو لە دەرەوەی ئیرادەی دوو دەوڵەت داسەپاوە. کە زۆرتر لە لایەن ئەمریکییەکان بووە و کاریگەری لە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و ژاپۆن داناوە.

ژاپۆن وڵاتێکی گەورەی پیشەسازییە و پێویستی زۆری بە نەوت هەیە و ئێمەش لە رۆژهەڵاتی ناڤین وڵاتێکی گرینگ و گەورەین و یەکێکین لە بەرهەم هێنەرانی بەرچاوی نەوتی و تا ئێستاش بەشێکی زۆری نەوتی پێویستی ژاپۆنمان دابین کردووە.

هەلومەرجی داهاتوو دوو وڵات لە دوو ناوچەی گرینگ بۆ هەر دوولامان دیاری کەر و گرینگە و دەوڵەتی ژاپۆن لە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ ئاستەنگەکان و لەوان گوشارەکانی ئەمریکا شێوەی تایبەت بە خۆی هەیە و ئێمە هیوادارین کە لە داهاتووشدا لەو شێوەگەلە تایبەتە کەڵک ببات و بتووانی کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێران بێت. ئێمە ئامادەی دانوستان لە گەڵ دەوڵەت و کۆمپانیاکانی ژاپۆنین و رێگەی نوێ دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی مامەڵەگەلی بازرگانیی نێوان دوو وڵات بە بێ دەستێوەردانی ئەمریکا درێژەی هەبێت.

* دەوڵەتی ژاپۆن پێداگرە لە پاڵپشتیی بەرجام و خوازیاری مانەوەی ئێران لەو ڕێککەوتنەیە. بەڵام وادیارە هەوڵێکی ئەوتۆی نەداوە بۆ ڕازی کردنی دەوڵەتی ترامپ لە پێناو پێشێل نەکردنی بەرجام و دانەسەپاندنی گەمارۆکان. ئێوە چۆن ئەوە شێوەی هەڵسوکەوتەی ژاپۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا ژاپۆن دەتوانێ وەک ناوبژیگەر و فریادڕەسێک ڕۆڵێکی تایبەتی بگێڕێت لە گۆڕینی ڕوانگەی دەوڵەتی ئەمریکا؟

ـ بەرجام ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشت‌ڕاست کراوەتەوە و ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارنامەیەکی لەو پەیوەندییەدا دەرکردووە. ئەمریکییەکان لە پێشێل کردن و دەرچوون لە بەرجام تەنیان و لە ئاستی نێودەوڵەتی تەنیا ڕژیمی زایۆنی و چەند دەوڵەتی ناوچە پاڵپشتیان لەو کارەی ئەمریکا کردووە. کۆمەڵگای جیهانی دژی ئەو هەنگاوەی ئەمریکان. ئەوەی کە ئەمریکییەکان پێداگرن لەوەی کە سیاسەتگەلی یەکلایەنەی خۆیان بە سەر هەموو دەوڵەتان و کۆمپانیاکانی جیهاندا داسەپێنن و دەیانەوێ ئەو سیاسەتانە بە هەڕەشە و گەمارۆدانی دیتران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جێگر بکەن. بە ئاوردانەوە لە هەوڵ و پابەندبوونی بە پێڕەوکردنی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان بۆ جێگر کردنی ئاشتی جیهانی لە لایەن ژاپۆنەوە و لە هەمان کاتدا بە ئاوردانەوە لەوەی کە سیاسەتەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا تەنیا تایبەت بە بەرجام نییە و تەنانەت پرسەکانی ڕێککەوتنی کەشوهەوا، ژینگە و ... دەگرێتەوە،  ئێمە هیوادارین هەموو دەوڵەتان و لەوان دەوڵەتی ژاپۆن لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەدا بوەستن و لە توانستی خۆیان لە بەرامبەر یەکلایەنەخوازیی ئەمریکا بەهرە ببەن و سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. ئەگەر ژاپۆن و هاوپەیمانانی دیکەی ئەمریکا هەنگاوی لەو جۆرە هەڵگرن، بە دڵنیاییەوە ئێمەش بەرجام دەپارێزین و پێشوازیشی لێ دەکەین.

* هەندێک لە ڕەخنەگران لایان وایە کە سیاسەتی دەرەکی ژاپۆن لە ڕادە بەدەر ئینتیمای بە ئەمریکاوەیە و دەبێ سەربەخۆتر و بێ لایەنەتر بێت و ئەو پەیامە بە ئەمریکا بدات کە خۆ دەبوێرێت لە سیاسەتی یەکلایەنەخوازی و هاوکات دەبێ داوا لە ئەمریکا بکات کە زیاتر لە جاران ڕێز لە نۆرمە جیهانییەکان بگرێت. ئێوە سیاسەتی دەرەوەی ژاپۆن چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ سیاسەتی ژاپۆن لە گەڵ ئەمریکا وەک دەوڵەتی سەربەخۆ دەروەستی بە خۆیانەوەیە و دەتوانن هەر سیاسەتێک لە پەیوەندییەکانیاندا بگرنە بەر. بەڵام ژاپۆن دەبێ لە بەرامبەر یەکلایەنەخوازیی ئەمریکییەکان کە لە خۆیدا هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتانی سەربەخۆ، هەڵوێست بگرن. ئەو یەکلایەنەخوازی و هەڕەشەیە، ئەمڕۆ بە بەرجام و هەندێک ڕێککەوتننامەی دیکەوە دەستی پێکردووە و مومکینە لە داهاتوودا پرس و وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە.

* پێدەچێت کۆمپانیاگەلی ژاپۆنی لە پێناو لە دەستنەدانی بازاڕگەلی ئەمریکی و بێبەش نەبوون لە تۆڕە نێودەوڵەتییە ماڵییەکان، پێڕەوی لە ئەمریکا دەکەن. هاوکات ئەو کۆمپانیا ژاپۆنیانەی لە ئێراندا جێگرن، یان چالاکییە بازرگانییەکانیان کەم کردۆتەوە یان بە تەواوەتی بنکەکانیان بۆ وڵاتێکی دیکە گواستۆتەوە. دەوڵەتی ئێران چۆن دەتوانێ ئەو کۆمپانیانە بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکان و مانەوە و درێژەدان بە چالاکیی بازرگانیان لە ئێران ڕازی بکات؟

ـ بە گشتی هەڕەشەی ئەمریکا لە دژی وڵاتان و کۆمپانیاکان ڕووداوێکی جێی نیگەرانییە و ئەگەر دەوڵەتان لە بەرامبەر یەکلایەنەخوازیی بێ سەروبەرەی ئەمریکا هەڵوێست نەگرن، مومکینە کۆمپانیا و شەریکەکان لە داهاتوودا پێڕەوی لە وڵاتانی خۆیان نەکەن. ئێمە ئامادەی گفتوگۆ لە گەڵ تەواو ئەو کۆمپانیا ژاپۆنیانەین کە حەز بە چالاکی و درێژەدان بە کارەکانیان لە ئێراندا دەکەن و لەو رێگەدا هەوڵ دەدەین رێکاری نوێ بدۆزینەوە، هەتا بتوانین نیگەرانیان بۆ درێژەی چالاکیان کەم بکەینەوە.

* ئایا سەرۆک کۆمار حەسەن ڕۆحانی پلانێکی بۆ سەردان کردنی ژاپۆن لە داهاتووی نزیکدا هەیە؟ یان ئێران پلانێکی بۆ بانگهێشت‌کردنی بەڕێز شینزۆ ئابە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بۆ تاران هەیە؟ ئایا دەوڵەتی ئێران بۆ دانیشتنێکی دوو لایەنە لە نێوان سەرۆکانی دوو وڵات پەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتی ژاپۆن گرتووە؟

ـ گفتوگۆ لە ئاستی جۆراوجۆر لە نێوان بەرپرسانی دوو وڵات بەردەوامە. پەیوەندیی ئێمە تەواو ئاساییە و هیچ بەربەستێکمان بۆ گفتوگۆ نییە. بەڕێز شینزۆ ئابە لە نیۆیۆرک و لە پەراوێزی دانیشتنگەلی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ بەڕێز ڕۆحانی دیداریان کرد، ئێمە چاوەروانی بەڕێز ئابە بووین کە سەردانی تاران بکەن و گفتوگۆی نێوان سەرکردەی دوو وڵات ئەنجام بدرێت. ئەو بانگهێشتە لە جێی خۆیەتی و هەرکات ئەوان بیانەوێ، تاران ئامادەی پێشوازی لێکردنیانە.

* هەناردەی نەوتی ئێران لە دوای گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران بە گوێرەی ڕاپۆرت و پاگەندەکان دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە. ئەگەر ئەو وتەیە ڕاست بێت، ئێوە چۆن ئەو بابەتە لێک دەدەنەوە؟ دەکرێ بە وردی پێمان بڵێن ئاستی بەرهەم هێنان و هەناردەی نەوتی ئێران چەندەیە و بە بڕوای ئێوە ئەو ئاستە لە مانگەکانی داهاتوودا چەند دەبێت؟

ـ پاش داسەپانی گەمارۆکان، ترامپ ڕایگەیاند که لە ٤ی نوامبێر ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران دەگاتە سیفر. هەم سەرۆک کۆماری ئەمریکا و هەمیش وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە بە ڕاشکاوی ئەو ئامانجەیان ڕاگەیاندووە. هەندێک لە وڵاتان لە ماوەی یەک دوو مانگدا کڕینی نەوتیان ڕاگرت، بەڵام نەوتی ئێمە بەو زەندەیەی کە پێویست بوو، هەناردە کراوە. ئێمە لە گەڵ وڵاتی دۆست و هاوبەشی ئابووریمان بە رێکارگەلێ نوێ گەیشتووین و بە دڵنیاییەوە درێژە بەو شێوازە دەدەین و هیوادارین کە بتوانین ئاستی هەناردەی نەوتمان بگەیێنینەوە ئاستی بەر لە ئایپریل.

* دەکرێت بە وردی ڕێژە و ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران بە ڕەقەم بڵێن چەندەیە؟

ـ بەرهەمی نەوتیی ئێمە بە نیسبەتی مانگی ئایپریل دابەزینێکی ئەوتۆی نەبووە. ئەو بەشەی کە دەبوو لە ناوخۆی وڵاتدا بە کاری بهێنین، لە کار کراوە. بەشێک لە پاڵاوگەکانمان کە بەر لە ئایپریل دەفرایەتیی کەمتری هەبوو، دەفرایەتیی بەرزتر کراوە. لەو شوێنانەی کە هاوبەشانی سەرەکی ئابووریی ئێمە کڕینی نەوتیان کەم کردووە، هاوبەشی نوێمان دوزیوەتەوە و نەوت بەوان دەفرۆشین. داهاتی ٧ مانگەی ئێمە لە فرۆش و هەناردەی نەوت بە دەرەوەی وڵات بە نیسبەتی ٧ مانگی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.

* یانی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل دەبێت؟

ـ ئێستا ئێوە تەنیا بیر لە ڕەقەمەکەی مەکەنەوە، زۆرتر سەرنج بدەنە داهاتەکەی.

* ئەمریکا ئیدعا دەکات کە هەندێ تەنگەژەی بۆ ماوەی ٦ مانگ داسەپاندووە، بەڵام ئەوان هەوڵ دەدەن هەناردەی نەوتی ئێران بگەیێننە سیفر. ئەی پاش ئەو شەش مانگە ئێوە چۆن دەتوانن رێگەگەلێک بۆ هەناردەی نەوت دەستەبەر بکەن؟ دوای ئەو ٦ مانگە چ وڵاتانێک سەرەڕای گوشارە قورسەکانی ئەمریکا حازرن نەوت لە ئێران بکڕن؟

ـ ئێمە لامان وایە هاوبەشانی ئابووری ئێمە هەر بەو زەندەیە کە پێشتر نەوتیان لێ کڕیوین، لەوە بە دواش نەوتمان لێ دەکڕن. ئەگەر هەندێک وڵاتیش ئاستی کڕیاریی نەوتیان لە ئێمە دابەزاندووە ئەو ئاستە کەم و بەرچاو نەبووە. ئێمە لە گەڵ ڕووسیا، چین، هێندستان، وڵاتانی دیکەی ئاسیایی، یەکێتی ئەورووپا و هاوپەیمانانی ئابووریی دیکەمان لە جێ جێی جیهان و وەک ئەفریقا و ئەمریکا خەریکی دانوستانی جیدین بۆ ئەوەی هەم بتوانین نەوت بفرۆشین و هەمیش بتوانین بەهرە لە داهاتەکەی ببەین. ئەمریکا و خەڵکی جیهان دەزانن کە هەڕەشەی بە سیفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران، هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدارە و جەماوەری ئێران بە نیسبەتی تەواو وڵاتانی بەستێنی کەنداوی فارس جەماوەرێکی بەرچاوە و ئێران لە ئەگەری گەیشتنی هەناردەی نەوتی بە سیفر بڕیاری پێویست دەدات.

* بۆ دەڵێن مەترسیدار؟ بۆچی دەتانەوێ لەو ئەگەرە هەنگاوێکی تایبەتی هەڵگرن؟

ـ من ئەگەری هاتنی ئەو رۆژانە بە دوور دەبینیم و ئەگەری سەرکەوتنیان لە بە سیفر گەیاندنی نەوت بە بڕوای من زۆر لاوازە. بەڵام ئەگەر وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران لە گرینگترین سەرچاوەی داهاتی خۆی بێبەش بکەن، بە گوێرەی ئەزموون گەمارۆمان زۆرترین گوشاریان بۆ سەر نەخۆشان، بەساڵاچوان، منداڵان و چینە لاوازەکانی کۆمەڵگا دەبێت.

* سەرۆک کۆماری ئێران لە لێدوانی ئەم دواییەیدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا پێش بە هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بگرێت، ئێمەش رێگە نادەین تاقە دڵۆپێک نەوت لە کەنداوی فارس بۆ هیچ وڵاتێک هەناردە بکرێت. ئایا ئێران دەیەوێ تەنگەی هورمۆز دابخات و لەو ئەگەرەدا بۆ داخستنی تەنگەی هورمۆز دەبێ چ هەنگاوگەلێک هەڵگرن؟

ـ هەر وەک وتم سازبوونی ئەو ئەگەرە بە بڕوای من زۆر لاوازە. ئێمە بە دڵنیاییەوە نەوتمان هەناردە دەکەین. لەو چەند مانگەدا کە ئامادەی ئەو دۆخەش نەبووین هەناردەی نەوتمان نەوەستاندووە. لە ئێستادا ئامادەین و دانوستانگەلێکمان لە گەڵ هاوبەشانی ئابووریمان لە جیهاندا کردووە و بە ئاسانی دەتوانین بەو ڕێژەی کە پێویستمانە نەوت هەناردە بکەین. بەڵام ئەگەر هەناردەی نەوتی ئێمە دابخرێت، هەموو جیهان دڵنیا بن کە بێدەنگ نابین و هەنگاوی پێویست هەڵدەگرین.

* پاش دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و داسەپاندوەی گەمارۆکان خەڵکی ئێران بەرەوڕووی دۆخێکی زۆر سەخڵەتی ئابووری هات؛ بایەخی ڕیاڵ دابەزی و نرخی کاڵا و دەرمان لە ئێران بە ڕادەیەکی زۆر چووە سەرێ. ئاستی بیکاری لە نێوان گەنجاندا زۆر لە سەرێیە. لە دۆخێکی ئاوادا دەوڵەتی ئێوە چۆن دەتوانێ خۆی ببووژێنێتەوە؟

ـ بێ گومان بەو کارانەی کە ئەمریکییەکان کردوویانە، گوشاری جۆراوجۆر بە سەر خەڵکیدا داسەپاوە و ئەو گوشارە زۆرتر ڕووی لە چینە لاوازەکانی کۆمەڵگایە. ئێمە خەریکی پلان داڕشتن بۆ دوو پرسی جۆراوجۆرین: یەکەم، مەعاشی خەریکی بە جۆرێک ئیدارە بکەین کە هەلومەرجەکە لەوە خراپتر نەبێت و دووهەم، گەمارۆکان کە هەڕەشەن، بیکەینە دەرفەتێکی نوێ بۆ گەشەسەندن. بۆ وێنە دەتوانین زۆربەی پێکهاتەی ئابووریی وڵات چاکسازی بکەین لە کاتێکدا پێشتر ئەو کارە مومکین نەبوو. ئێستا بۆ چەند مانگێک دەچیت کە تا ڕادەیەک دۆخی ئابووریی پێشتر گەڕاوەتەوە و لام وایە لە داهاتووشدا باشتر دەبین.

* وەک دەبینین خوزستان رۆژانە شایەدی ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی کرێکارانێکە کە خوازیاری وەرگرتنی مووچە و مەعاشی خۆیان. ئەوە هاوکات دەبیستین کە لە ئاستی وڵاتیشدا مووچەی زۆربەی خەڵکی دوادەخرێت و خەڵکی دەستەوەستانن. ئایا دواخرانی مووچەکان بەشێکە لە سیاسەتگەلی ئابووری. چۆن دەتانەوێ وەڵامی ئەو داخوازی و داواکارییانە بدەنەوە؟ ئایا دڵنیان کە ئەو ناڕەزایەتیانە بۆ شوێنەکانی دیکەی وڵات تەشەنە ناستێنێت و ڕووداوی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووی هەتاوی دووپات نابێتەوە؟

ـ ئێوە باسی وڵاتێک دەکەن کە زیاتر لە ٢٣ ملیۆن کەسی دامەزرێنراوە. بەشێکی زۆری ئەو کەسانە مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن کە دەوڵەت هەوڵی داوە لە کاتی خۆیدا ئەرکەکانی راپەڕێنێت و مووچەیان بدات. هەندێک بنکەی کەرتی تایبەتی کە ئێوە ئاماژەتان پێدا بە هۆکارگەلی جۆراجۆر داهاتیان ئەوەندە نەبووە کە بتوانن مووچەی کرێکاران لە کاتی خۆیدا بدەن. ئێمە لە کاری ئەو کەرتانە دەستێوەردانمان نەکرد.

سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو بە نیسبەتی ئەوی ئێستا لە پاریسدا دەیبینین، زۆر کەم لە بابەتی توندوتیژیش بەراوەرد نەدەکرا. میدیاگەلی ئەمریکی زۆریان هەوڵ دا لەو بشێویانە وەک پێشنیازی دەرچوونیان لە بەرجام بەهرە وەرگرن و لە ئاستی جیهانیدا بەرجستەی کەنەوە، بەڵام ئێمە ئەو جۆرە پرسانە ئیدارە دەکەین و جێی نیگەرانی نین.

* ئێران بەردەوام جەختی کردووە کە ئەگەر نەتوانێ لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بەرجام بەهرەمەند بێت، لەو ڕێککەوتنە دەچێتە دەرێ. تا چەندە ئەگەری ئەوە هەیە ئێوە لە بەرجامێک کە سەرۆک کۆماری ئێران بە گەورەترین دەسکەوتی دیپلۆماتیک و بەرهەمی ساڵانێکی زۆری دەزانێ، بچنە دەرێ و پلانی ناڤۆکیتان بە خێراییەکی زیاتر دەست پێ بکەنەوە؟ هەر چەند لەو ئەگەرەدا ئێوە پاڵپشتیی وڵاتانی ئەورووپی، چین و ڕووسیا لە دەست دەدەن و بە وتەی هەندێک کەس تووشی خۆکۆژی دیپلۆماتیک دێن؟

ـ ئێمە بۆ مسۆگەر کردنی ڕێککەوتن بەرجام هەوڵێکی زۆرمان دا و لام وایە ڕێککەوتنێکی باشیش بووە کە بتوانی هەم بەرژەوەندیی ئێران و بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە دەستەبەر بکات و هەمیش یارمەتیی ئاشتی جیهانی بدات و ئەوەی کە دەبینین ئەمریکا لە دەرچوون لە بەرجام بە تاقی تەنیایە، خۆی دەسکەوتی بەرجامە. لە جیهاندا جگە لە ئیسرائیل و یەک دوو وڵاتی دیکەی ناوچە، تەواوی جیهان پاڵپشتی لە گەڵ و دەوڵەتی ئێران و بەرجام دەکات. ئێمە چاوەروانین ببینین هەنگاوەکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ راپەڕاندنی بەڵێنەکانیان لە بەرجام بە کوێ گەیشتووە. ئەوانیش دەبێ وەک ئێران کە بە وتەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پابەندی بەڵێنەکانی بووە، ئەرک و بەڵێنەکانی خۆیان لەو ڕێککەوتنەدا ڕاپەڕێنن.

* ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم دواییەدا ئێرانیان بە تاقیکاریی مووشەکی بالیستیکیی دوورهاوێژ تۆمەتبار کرد و وتیان ئەو کارە پێشێل کردنی ئاشکرای بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لە بەرامبەردا ئێران دەڵێت کە گەشەدان بە ڕەوتی بەرهەم هێنانی مووشەکی تەنیا بە مەبەستی بەرگرییە و بە هیچ جۆرێک پێشێل کردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە. ئایا ئێران پێویستە مووشەکگەلی دوورهاوێژی بالیستیکی دروست بکات. ئەگەر مەبەستی ئێوە بەرگرییە چ پێویستان بە مووشەکی دوورهاوێژە؟

ـ گەلی ئێران ئەزموونی تاڵی شەڕی ٨ ساڵە لە گەڵ ئەمریکای هەیە و لەو شەڕە شارەکانی ئێران و لەوان تارانی پایتەخت بە مووشەکەکانی عێراق بەردەوام دەکرانە ئامانج. لە بەرامبەردا هیچ وڵاتێکی جیهان مووشەکی بە ئێمە نەدەدا کە بەرگری لە خۆمان بکەین. کەواتە ئێمە بۆ بەرگری لە گەل و وڵاتی خۆمان ڕوومان لە دروست کردنی مووشەک نا و ئەو مووشەکانە تەنیا چەکی بەرگری و خۆپارێزین و بۆ دیاری کردنی بڕەوی مووشەکەکانیش مۆڵەت لە هیچ کەسێک وەرناگرین و ئەمریکییەکانیش لەبارەوە خەریکی شانتاژ و پڕۆپاگاندان و ئەوە جەوهەر و زاتی ئەمریکییەکانە.

* وەک دواپرسیار، لەم دواییەدا هەواڵی کوژرانی جەماڵ خاشقجی بڵاو بۆوە و محەمەد بێن سەلمان جێنشێنی سعوودی لە ڕێزی یەکەمی تۆمەتباران بە کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە ڕەخنەگرە عەرەبستانییە. ڕای ئێوە لەبارەی کوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە چیە و ئایا بۆ ئاشتەوایی و بووژاندنەوەی پەیوەندییەکانتان لە گەڵ عەرەبستانی سعوودی هیچ پلانێکتان گرتۆتە بەر؟

ـ ئێمە پەیوەندیی زۆر باشمان لە گەڵ عەرەبستان بوو، بە تایبەت بە هۆی بوونی دوو سار و بنکەی گرینگی ئیسلامی لە عەرەبستان واتە مەکە و مەدینە و ساڵانە ژمارێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران بۆ زیارەتی ماڵی خودا دەچنە ئەوێ. لە سەردەمی مەلەک عەبدوڵڵا پەیوەندییەکان باش و تۆکمە بوون و خود مەلەک عەبدوڵڵا سەردانی تارانی کرد و هەمیش سەرۆک کۆماری ئێمە چووە عەرەبستان. بە داخەوە لە گەڵ هاتنە سەرکاری محەمەد بێن سەلمان، هەندێک دەستی دەرەکی دەستیان دایە دەنەدانی و ئەو دەنەدانانە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی تووشی زیان کرد. لەمناوە هەنگاوە هەڵەکانی سعوودی و لەوان پاڵپشتیی فیکری و دارایی سعوودی لە داعش، هێرشی عەرەبستان و هاوپەیمانانی بۆ سەر خەڵکی بێ تاوانی یەمەن و بۆردومان کردنی بەردەوامی شار و ناوەندەکانی ئەو وڵاتە دۆخەکەی تەشەنەدارتر کردووە.

بەوەشەوە ئێمە بەردەوام ئامادەین لە پێناو چارەسەریی کێشەکانی نێوان دوو وڵات هەوڵ بدەین. ئێستا حاجییەکانی ئێرانی سەفەر و فەریزەی حەجی‌یان لەو وڵاتە بە جێ دەینن و ئەوە لە خۆیدا هەنگاوێکی باشە.

سەبارەت بە کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی وەک دەڵێن بە بێ پرسی بەرپرسانی باڵای سعوودی ئەنجام دراوە و ئەو قسە هیچ جێی بڕوا نییە. بانگهێشت و گواستنەوەی هەر کەسێک بۆ ناو کۆنسولخانە بە بێ پرسی بەرپرسانی بالاتر مومکین نییە. ئەگەر ئەو جەنایەتە لە هەر وڵاتێکی دیکەدا ڕووی دابایە، ئەمریکییەکان بۆ چەندین ساڵ نەیاندەبڕییەوە. بەلام بە داخەوە بە هۆی بەرژەوەندیی ئابووری و ماڵیی نێوان ئەمریکا و سعوودی، پرسە مرۆییەکانی وەک خاشقجی پشتگوێ دەخرێن.

خاشقجی سەبارەت بە داپەڕەکانی سعوودی لە ناوچەدا زانیاریی زۆری هەبوو کە بەشێکی لە رۆژنامەگەلی ئەورووپیدا بڵاو کردبووەوە. بە گشتی ئێمە زۆر بە ئەسەفین بۆ ئەو ڕووداوە.

News Code 23504

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 12 =