درۆ ناکەین؛ گەڕانەوە بۆ بەر لە بەرجام ئاسانە

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هۆشداری دا کە جارێ پابەندی بەڵێنەکانمانین، بەڵام ئەگەر بڕیارێک سەبارەت بە کۆتایی بەرجام بدرێت؛ ئێران زۆر بە ئاسانی دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی بەر لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە لێدوانێک بۆ کەناڵی یۆرۆنیووز جەختی کرد: ئێران دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی؛ نەک تەنیا دۆخی پێشوو بەڵکوو دۆخێکی زۆر بەرزتر لەویش. ئەگەر ئیرادە بکرێ و بەرپرسانی باڵای نیزام فەرمان بدەن کە بەرجام کۆتایی پێ بێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانین بگەڕێینەوە دۆخی پێشوو و ڕەنگە سەرتر لەویش.

کۆی  ئەو وتووێژە بە گێڕانەوە لە یۆرۆنیووز لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* رێگەچارەی ئێوە لەم قۆناغە بە ئاوردانەوە لە گوشارە ئابوورییەکانی سەر خەڵکی چیە؟ ئەورووپا لەم بوارەدا چۆن دەتوانێ هاوڕێتیی لە گەڵ دەوڵەت و گەلی ئێران بسەلمێنێت؟

ـ ململانێیەک کە لە نێوان ئێران و رۆژئاوادا هەیە، ململانێیەکی ئاڵۆزە. پاش شۆڕشی ئیسلامی ئەو ململانێیە دەستی پێکردووە. ئێران پاش شۆڕش لە ڕەوتی سیاسی ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا چووە دەرێ و بڕیاری دا کە ڕەوتی سیاسی خۆی بگرێتە بەر و وەک وڵاتێکی سەربەخۆ بجووڵێتەوە. ئەو پرسە کە رۆژئاوا وڵاتێکی وەک ئێران لە دەست بدا، بۆی زۆر گران کەوت. وڵاتێک کە لە هەموو ڕوویەکەوە گرینگە و ئێستا بۆتە وڵاتێکی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەر، بێ شک بۆ ئەو هەنگاوەی دەبێ تێچووی قورس بدات؛ تێچووی سەربەخۆیی سادە و کەم نییە. خۆیان دەڵێن ئێران دەسەڵاتێکی تازە دەرکەوتەی ناوچەیە.

ئێمە شەڕ، گەمارۆ و بێ بەشیگەلێکی زۆرمان لە سەرەتای شۆڕشەوە ئەزموون کردووە و سەرەڕای تەواو گوشارەکان دەسەڵاتێکی تازە دەرکەوتەی ناوچەیەن کە بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناڤین کە بە شێوەی خێڵەکی بەڕێوە دەبرێن، بە ئیرادەی گەل و هەڵبژاردن وڵاتمان ئێدارە دەکرێت.

ئەگەرچی گوشارە ئابوورییەکان زۆرن و بۆ وێنە من وەک مامۆستایەکی زانکۆ ساڵی ڕابردوو ٣٠٠٠ دۆلار مووچەم وەردەگرت، ئێستا مووچەکەم بۆتە ٧٠٠ دۆلار و ئەمە سەبارەت بە چینەکانی دیکە زۆر بەرچاوتر و کەمترە. بەڵام ئێمە هەموو ئەوانەمان قبووڵ کردووە و هاوکات گەلی ئێمە بە ڕادەیەک هوشیار و ئاگادارە کە دەزانێ ڕووداوەکان و گرفتەکان لە کۆوە سەرچاوە دەگرن و قامک بۆ گوشارە دەرەکییەکان ڕادەدێرن. هەڵبەت ئێمەش وەک بەرپرسان بێبەری نین لە سازبوونی گوشارەکاندا و کەمکاریمان بووە. بەڵام زۆربەی گوشارەکان لە دەرەوە دێن. هەر بۆیە گەلێک کە لە ماوەی ئەو ٤٠ ساڵە، ٨ ساڵ شەڕی داسەپاوەی لە سەر تێپەڕاندووە و توانیویەتی لە بەرامبەر گەمارۆکاندا خۆڕاگری بکات، دەزانێ ئەم قۆناغەش دەگوزەرێ و هیچ شتێک تا سەر نییە.  

* وەک وتتان کۆمەڵگای ئێران گوشاری زۆری لە سەرە کە بەشێکیان لە لایەن هۆکارێکی دەرەکیی وەک سێ کۆچکینی عەرەبستان، ئەمریکا و ئیسرائیل داسەپاوە. لە بەرامبەردا نابێ لە بیرمان بچێت کە لە سەردەمی نوێی پەیوەندی‌گرتن و پەیوەندیگەلی نێودەوڵەتیدا ناکرێ بە تەنیایی هەنگاو بنێن و دەبێ کۆمەڵێک هاوپەیمان هەبن. تاران لەوبارەیەوە چ هەنگاوێکی هەڵگرتووە؟

ـ پەیوەندی ئێران لە گەڵ یەکێتی ئەورووپا زۆر باشە. سەبارەت بە بەرجام هەر دوو بە ڕاستی هەوڵی خۆیان خستۆتە گەر و هەوڵ دەدەن بەرجام وەک ئاڵقەی پەیوەندی نێوان ئێران و یەکێتی ئەورووپا بپارێزن. بێ شک ئەگەر بتوانین لەو ململانێدا بەرجام بپارێزین، ئەو بابەتە دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ یەکێتی ئەورووپا لە ڕەهەندەکانی دیکەی وەک ئابووری، فەرهەنگی و زانستی. ئێمە ئێستا لە بەردەم ئاستەنگی ترامپدا گیرمان کردووە و دەبێ لەو ئاستەنگە تێپەڕین. هەڵبەت ئەو ئاستەنگە تەنیا بۆ ئێمە نییە و یەکێتی ئەورووپاش بەرەوڕوویەتی. بۆ وێنە یەکێتی ئەورووپا لە داپەڕەکانی ترامپ لە بابەتی رێککەوتنی پاریس ناڕازییە و بۆ یەکەم جار ڕاستبێژیی و بە حەق بوونی ئێران لە بابەتی متمانە نەکردن بە ئەمریکا بۆ هەمووان سەلمێندراوە.

ئێستاش نەک هەر گەلی ئێران، بەڵکوو خەڵکی ئەورووپا و جێ جێی جیهان دەبینن ئەمریکا کە خاوەن پێگەیەکی تایبەتی زانستی، ئابووری، سەربازی و ...ـه، سیاسەتێکی ئاڵۆزی گرتۆتە بەر و سەری لە هەمووان شێواندووە. هەر بۆیە هەمووان دەبێ یارمەتی بدەن کە دەوڵەتی ئەمریکا خۆی لەو ئاژاوەیە کە تووشی هاتووە، دەرباز بکات.

ئێران بەردەوام لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا هاوکاتی هوشیاری و ئاگاداری، بەرخۆدان و خۆڕاگریشی ڕەچاو کردووە و بڕیارەکان بە پێی بەرژەوەندیی و سەروەریی نیشتمانی دەگیردرێ. نکۆڵی لە کێشەکان ناکەین و دەزانین هیچ شتێک بە خۆڕایی نییە و ئەگەر بڕیارمان سەربەخۆیی بێ، دەبێ تێچووەکەی بدەین.

* ئایا ئێران بۆ تێپەڕبوون لەو ئاستەنگە و گرینگتر لەو پاراستنی بەرجام ئامادەیە تێچووی زیاتر بدات؟ ئەگەر ئەورووپییەکان وەک بەشێک لەو پەیمانە بابەتی مووشەکگەلی بالیستیکی یان چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران بورووژێنێت، ئایا لەو ئەگەرەدا کۆماری ئیسلامی ئێران حازرە بە پرێنسیپەکانیدا بچێتەوە؟

ـ کێشەیەک لە نێوان ئێمە و جیهانی رۆژئاوا و لەوان یەکێتی ئەورووپادا هەیە، ئەوەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا متمانەی بەرامبەرمان دۆراندووە و ئێستا هەوڵ دەدەین ئەو متمانەیە بنیات بنێینەوە. بێ شک بنیاتنانەوە و سازدان دژوارتره لە ڕووخاندن و تێکدان.

بەرجام نموونەیەکی باشە بۆ بنیاتنانەوە و لە سەرگرتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتی ئەورووپا. لەو بەستێنەدا ئێمە داخوازی و پرسیاری خۆمان لە ئەورووپا هەیە و ئەوانیش بە هەمان شێوە، هەر بۆیە دەبێ پرسیار و ویستەکان لە بەستێنێکی بەرامبەردا بورووژێندرێن.

ئەورووپییەکان ناڵێن کە دەیانەوێ بابەتی دیکە بە بەرجامەوە زیاد بکەن. ئەگەر هەمان بەرجام بپارێزین، واتە بەستێن و بواری گونجاو بۆ پەیوەندی بەرامبەر ڕەخسێندراوە و پاشان لە درێژەی زەماندا ناکۆکییەکان لە بوارە جۆاروجۆرەکاندا و لەوان مافی مرۆڤ بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن و پێش دەخرێن.

ئێران دەتوانێ کامڵ‌کەرەوەیەکی باش بۆ ئەورووپا بێت. ئێران کلیلێکی زێڕینی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤینە و بە پێچەوانەی عەرەبستان کە هیچ ئیرادەیەکی لە خۆ نییە و بۆتە دارەدەستی زلهێزان، خاوەن دەسەڵات و ئیرادەی سەربەخۆیە. ئەورووپا لەو ڕاستییە تێگەیشتووە و دەزانێ کە ئەگەر بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناڤین پەیوەندی لە گەڵ ئێران نەبێ، رۆژهەڵاتی ناڤین دۆخێکی ناسەقامگیر و نادیاری دەبێت.

هەروەها سەبارەت بە ناوچە و کەنداوی فارس، ئێمە دەمانەوێ ئەو کەنداوە بەردەوام ئاسایش و سەقامگیری هەبێ و نامانەوێ وڵاتانی ناوچە نێوانیان تێک بچێ. لەمناوە نازانم عەرەبستان بە چ هۆ و پاساوێک ئێران بە دوژمنی خۆی دەزانێ. ئێمە نە چاومان لە خاک و نەوتی ئەوان هەیە و نە شتێکمان لە عەرەبستان دەوێ. بە داخەوە عەرەبستان دۆخێکی گرتۆتە بەر کە هەم ژیانی خۆی سەخڵەت کردووە و هەمیش ناوچە و دیترانی تووشی ئاڵۆزی کردووە. لێرەدایە کە ئێران دەتوانێ ڕۆڵێکی گرینگ و سازێنەر لە ناوچەدا بگێڕێت.

* ئەگەر بڕوانینە پرسی وزەی ناڤۆکی و دەرچوونی ئێران لە بەرجام بە هەر هۆیەک، ئایا توانست و بڕیاری چۆن بەرەو بۆمبای ئەتۆمی لە ئارا دایە؟

ـ ئێمە هیچ کات بە دوای بۆمبای ئەتۆمی نەبووینە و ئەوە فەتوا و بڕیارێکی حکوومییە. ئێمە لە قۆناغی ژێرخانگەلی پیشەسازی ناڤۆکی بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە خولگەی سووتەمەنی بگرە تا داڕشتنی ڕاکتۆرگەلی توێژینەوەیی و بەرهەم هێنانی هەموو جۆرە جیهازاتێکی هاوپەیوەند بەو پیشەسازییە تێپەڕیووین. ئێستاش وڵاتێکی تەواو ناڤۆکین کە ئەگەرچی ئەوەندەی وڵاتانێکی وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا و ڕووسیا لەو بوارەدا پێشکەوتە نین، بەڵام خاوەن هەموو جۆرە پۆتانسیەلێکی پێویست لە پیشەی ناڤۆکین.

لە بەرجامدا بە شێوەی خۆویستانە کۆمەڵێک بەربەست و تەنگەژەمان قبووڵ کردووە. وتمان بۆ ماوەی چەند ساڵ بۆ وێنە زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆم بەرهەم ناهێنین یان زیاتر لە سەدا ۳،۶۷ پیتاندنمان نابێ و ئێمە ئەو تەنگەژانەمان قبووڵ کردووە، بەڵام دەتوانین وەلاوەی بنێین. دەتوانین بگەڕێینەوە بە دۆخی پێشوومان؛ نەک تەنیا دۆخی پێشوو بەڵکوو دۆخێکی زۆر بەرزتر لەویش. رێبەری باڵا رۆژی ١٤ی جۆزەردانی ئەوساڵ فەرمانێکی سەبارەت بە چێکردنی ژێرخانەکانی بەرهەم هێنانی ١٩٠ هەزار سوو دەرکرد کە تا ئێستا ئەنجام دراوە. واتە ئێستا ئامادەیی پیتاندنێکی لەو ئاستەمان هەیە و ئەگەر بمانەوێ دەتوانین بەرهەم بهێنین.

ئێمە ئێستا لە چوارچێوەی بەرجام داین و تەواو کارەکانمان لەو چوارچێوەدایە. هەر بۆیە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تا ئێستا ١٣ جار پابەندی ئێرانی بە بەڵێنەکانی پشت‌ڕاست کردۆتەوە. ئێمە هیچ کارێکمان لە ئێستادا بە پێچەوانەی بەڵینەکانمان ئەنجام نەداوە و نایدەین. بەڵام ئەگەر ئیرادە بکرێ و بەرپرسانی باڵای نیزام فەرمان بدەن کە بەرجام کۆتایی پێ بێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانین بگەڕێینەوە دۆخی پێشوو و ڕەنگە سەرتر لەویش و دڵنیا بن کە ئەو قسەیە هیچ درۆی تێدا نییە.

بۆ وێنە کاتێک ئاژانسی نێودەوڵەتی ساڵی ٨٨ی هەتاوی مەرجێکی زۆری لە بەردەم ئێمە بۆ کڕینی ئۆرانیۆمی ٢٠ لە سەدی دانابوو، ئێمە خۆمان قۆڵمان لێ هەڵماڵی و بۆ نەوەستانی ڕاکتۆرەکانی تاران و چارەسەریی کێشی بەرهەم هێنانی ڕادیۆدەرمان، ئۆرانیۆمی ٢٠ لە سەدیمان بەرهەم هێنا.

ئەوکات پێیان دەوتین ئێران درۆ دەکا و توانای ئەو کارەی نییە. بەڵام ئێمە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ ئەو کارەمان کرد و گەنجانی ئێمە بە لێهاتوویی و توانستی زانستی خۆیان و بە کاری شەوورۆژی ئەو پڕۆژە نیشتمانییەیان بە ئەنجام گەیاند و ئێستا ڕاکتۆری تاران بە سووتەمەنی ٢٠ لە سەدی کار دەکات.

* ئایا بە ئاوردانەوە لە سێ کۆچکینی ڕیاز، واشنتۆن و تەلئاڤیڤ، ململانێی میدیایی دەتوانێ لە بەرژەوەندی ئێران یارمەتیی ئارامبوونەوەی دۆخەکە بدات. یان وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم دواییە وتی، ئێران بەرەو تەریک بوونی نێودەوڵەتی دەبات؟

ـ ئەوان هەرچی دڵیان بخوازێ لە دژی ئێران دەیڵێن و هەرچی بیانەوێ ئەنجامی دەدەن؛ پێش بە هاوردەی دەرمان دەگرن، ئاستەنگ دەخەنە بەردەم ئابووریی ئێمە و بەو پێیەی خاوەن میدیاگەلی گەورەی جیهانین دەتوانن ڕای گشتی بە حەزی خۆیان و بۆ ماوەیەکی دیار بە چەواشەدا ببەن. بەڵام کە نۆرە دەگاتە ئێران دەڵێن ئێران بۆی نییە کاردانەوە نیشان بدا یان کارێک بکات.

بەڵام بەختەوەرانە بە داپەڕ و ئاکاری دەوڵەتی ئەمریکا، دۆخەکە بە ڕادەیەک بۆ جیهان ڕوون و ئاشکرا بووە کە تەنانەت ئێرانییە دژبەرەکانی شۆڕشین دەنگیان دەرهاتووە و دان بە زاڵمانەبوونیدا دەنێن. ئێران بەردەوام لە دوای شۆڕش هەوڵی داوە سەربەخۆیی سیاسی خۆی بە ڕادەی مومکین و بە هەر تێچوویەک بپارێزێت و نەچێتە ژێر باری زۆرەملی؛ هەمیشە لە دژی زاڵم بێت و لایەنگری لە چەوساوان بکات. ئەوە بەشێکە لە هەڵوێست و سیاسەتی دەرەکی ئێمە، کە تا ئەوڕۆکە بۆتە مایەی بە ڕەوا و شەرعی زانینی رۆژ لە دوای رۆژمان لای ڕای گشتی.

ئێران وڵاتێکە کە بەو هوشیارییە گەیوە کە دەزانێ بە دۆلار خەرج کردن ناکرێت دڵەکان و سەرنجەکان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت. بۆ وێنە ئێوە بڕواننە ئامادەبوونی ئێمە لە لوبنان و پەیوەندیمان لە گەڵ حزبوڵڵا کە ئەگەر نەدەبوو لوبنان پارچە پارچە و دابەش کرابوو. بەڵام حزبوڵڵا چۆن سەری هەڵدا و کێی کردە سەرچەشنی خۆی. ئایا ئێمە دەمانتوانی بە دۆلار دڵی حزبوڵڵا ڕاگرین، یان ئەوەتا سیاسەتی مرۆڤدۆستانە و خەڵکویستانەیە کە دڵەکان بۆ لای ئێمە ڕادەکێشێت. کەواتە سیاسەتی پشت‌ئەستوور بە دۆلار لە گەڵ تەواوبوونی، کۆتایی پێ دێت و پەیوەندییەکانی لە جۆری زۆرەملی و فێڵ و تەڵەکەیە.

* وەک دوا پرسیار ڕای ئێوە سەبارەت بەو ڕستەیە کە "دوژمنی دوژمنەکەم دوستی منە" چیە؟

ـ هەمیشە وا نییە. ئێمە دەبێ بە هوشیارییەوە ئەو ڕستەیە لێک دەینەوە و بە بێ هەڵسەنگاندن خۆمانی بە دەمەوە نەدەین.

News Code 23322

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 4 =