سیاسەتەکانی ترامپ ئەورووپای بەرەوڕووی مەترسی جیدی کردووە

"پۆل پیلار" لای وایە کە لە گۆڕەپانێکدا کە سیاسەت و ڕوانگەکانی دەوڵەتی ترامپ ئاسایشی ئەورووپای بەرەوڕووی مەترسیی جیدی بە شێوەی دیکە کردووە، ئەوا بەرگری هەمبەر بە ئەمریکا زەروورییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر – بەشی نێودەوڵەتی: یەکەمین هەوڵەکانی پێکهێنانی سوپای ئەورووپی بۆ ماوەیەکی کەم لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لە نێوان وڵاتانی بەشداربووی ئەو شەڕە، دەستی پێکرد  ژمارێک لە وڵاتانی ئەورووپی لە سەرئەو بڕوایە بوون و هەن کە پێکهێنانی سوپای یەکەی ئەورووپی دەتوانێ بۆ ئەوان دیوارێکی تۆکمە بێ و لەو رێگەوە سەقامگیری، ئاسایش و ئاشتی بۆ خەڵکەکەیان مسۆگەر بکەن.

ئێستا پاش تێپەڕینی زیاتر لە نیو سەدە لە شەڕی دووهەمی جیهانی، بۆ جارێکی دیکە دەنگۆی پێکهێنانی "سوپای ڕاستەقینەی ئەورووپی" لە نێوان دەسەڵاتانی ئەورووپا هەڵگیرساوەتەوە.

هاوکات لە گەڵ لێدوانی "ئیمانۆئێل ماکرۆن" سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بۆ "ڕادیۆ ئەورووپای ١" شەپۆلێکی نوێ لە پێکهێنانی سوپای یەکەی ئەورووپی لە نێوان رێبەران و بەرپرسانی ئەورووپی کەتۆتە ڕێ. ماکرۆن بە ئاماژە بەوەی کە ئەورووپا لە سای هاوسنووریی لە گەڵ ڕووسیا دەتوانێ بکەوێتە ژێر هەڕەشە شیمانەییەکانی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند کە ئەورووپا دەبێ ئاستی بەرگریی خۆی بە ڕادەیەک بباتە سەرێ کە بە بێ دەرەوەستی بە ئەمریکا توانای پاراستن و بەرگری خۆی هەبێت.

ناوبراو لە ڕوون کردنەوە و پاساوهێنانەوە بۆ زەروورەتی پێکهێنان و دامەزراندنی "سوپای ڕاستەقینەی ئەورووپا" بە ئاماژە بە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی "دۆناڵد ترامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە چوونەدەرەوە لە پەیمانی قەدەغەی مووشەکگەلی ناڤۆکی دوورهاوێژ، وتی: ئامانج لەو پلانە پاراستنی ئەورووپا لە بەرامبەر چین، ڕووسیا و تەنانەت ئەمریکایە.

هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری ئاژانسی مێهر وتووێژێکی لە گەڵ پڕۆفیسۆر "پۆل پیلار" سەرۆکی پێشووی بەشی لێکدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێکخراوی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (سیا) لە رۆژهەڵاتی نزیک، کەنداوی فارس و باشووری ئاسیا و هەروەها مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون ئەنجام داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* پلانی پێکهێنانی سوپای هاوبەشی ئەورووپی ئەگەرچی ئایدیایەکی نوێ نییە، بەڵام لە رۆژانی ڕابردوو بە لێدوانەکانی ماکرۆن و ئانجێلا مێرکێل و کاردانەوەی ترامپ بەو لێدوانانە، ڕەهەندێکی نوێی بە خۆوە گرتووە. هۆکارەکانی جیدی بوون و پێشخرانی ئەو پلانە لە لایەن وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا چیە؟

ـ ئەوە ئایدیایەکی بە ڕاستی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ پێشنیاری بە کۆمەڵی بەرگریی ئەورووپی لە سەرەتای دەیەی ١٩٥٠ی زایینی کە بە چەندین هۆکار و لەوان سیاسەتی ناوخۆیی بەریتانیا و فەڕەنسا نەچووە قۆناغی جێبەجێ کردن. ئەمڕۆ ئایدیای هێزی سەربازیی ئەورووپا لە ئەنجامی تەشەنەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەورووپا و دەوڵەتی ترامپ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا تۆکمەتر بووە.

سیاسەتگەلی تەرکیزی و تەواو نەتەوەپەرەستانەی ترامپ، زۆربەی رێبەرانی وڵاتانی ئەورووپی بەو ئاکامە گەیاندووە کە ناتوانن بۆ ئاسایشی خۆیان پشت بە ئەمریکا ببەستن.

* ئیمانۆئێل ماکرۆنی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا چەند رۆژ لەوە پێش لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵی رادیۆیی "ئەورووپا ١" خوازیاری پێکهێنانی سوپای راستەقینەی ئەورووپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ڕووسیا و هەروەها خۆبواردن لە دەروەستێتی بە ئەمریکا بوو. سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لەو لێدوانەدا وتی: دەبێ بتوانین لە بەرامبەر ڕووسیا، چین و تەنانەت ئەمریکا بەرگری لە خۆمان بکەین. بۆچی فەڕەنسا لە ئیستادا ئەمریکا لە پەنای چین و ڕووسیا وەک هەڕەشە پێناسە دەکات؟ ئەو لێدوانانە لەو ڕووەوە جێی سەرنج دانن کە فەڕەنسا و ئەمریکا ئەندامی ناتۆن و ئەوەی کە ئەندامێک ئەندامێکی دیکە بە هەڕەشە بزانێت، نابێتە لەمپەر لە بەردەم درێژەی هاوکاریی لە ناتۆدا؟ بە ئاوردانەوە لەو لێدوانانە داهاتووی ناتۆ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ پێدەچێت لێدوانەکانی پریزیدێنت ماکرۆن بەو مانایە نەبێت کە ئەو هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر فەڕەنسا یان ئەورووپای رۆژئاوای پێشبینی کردبێت. بەڵکوو لێدوانەکانی ئەو ڕەنگە بەو مانایە بێت کە لە گۆڕەپانێکدا کە سیاسەت و ڕوانگەکانی دەوڵەتی ترامپ ئاسایشی ئەورووپای بەرەوڕووی مەترسیی جیدی بە شێوەی دیکە کردووە، ئەوا بەرگری هەمبەر بە ئەمریکا زەروورییە.

* ترامپ لە دژایەتیی ئەو پلانە و لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی ماکرۆن پێکهێنانی ئەو سوپایەیە بە سووکایەتی و ئیهانە زانی. بە ئاوردانەوە لە کاردانەوەی ترامپ و ئەوەی کە ئەو خوازیاری پارەدانی ئەورووپییەکان بە ناتۆ بووە، ئایا ئەو ناکۆکییانە دەتوانێت داهاتووی ناتۆ بەرەوڕووی کێشە و هەڕەشە بکات؟

ـ هیچ هۆکارێک لە ئارادا نییە کە داهاتووی ناتۆ لە لایەن هەر کام لە ئەندامانی بکەوێتە مەترسییەوە. لایەنی گاڵتەجارانەی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەورووپایەک کە لە سۆنگەی بەرگرییەوە خۆبژێو و سەربەخۆیە، ئەگەر وەک هێزێکی سەربازی ئەورووپی دەرکەوێت، بەو مانایە کە ئەورووپا دەبێ زۆرتر بەرپرسایەتیی بەرگری لە خۆی بگرێتە ئەستۆ کە ئەو ڕێک هەمان شتە کە دۆناڵد ترامپ بەردەوام بە گوێی ئەورووپایدا چەپاندووە و بەو پێیەش سکاڵای لە دژی ناتۆ و ئەندامانی تۆمار کردووە.

* "ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین" وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لەم دواییەدا ڕایگەیاندووە کە دامەزراندنی سوپای ئەورووپی و چالاکییەکانی ئەو سوپایە لە داهاتوودا نە تەنیا ئاسایشی وڵاتانی ئەورووپی دەستەبەر دەکات، بەڵکوو دەتوانێ لە لە چارەسەر کردنی قەیرانە نێودەولەتییەکانیشدا ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێ. ئەگەر بڕیار بێت سوپای هاوبەشی ئەورووپی جگە لە ڕاسپاردەگەلی ناوخۆیی لە ئەورووپا، لە دەرەوەی خاکی ئەورووپا چالاکی هەبێ، ئایا ئەوە بە مانای هاوتەریبکاری لە گەڵ ناتۆ نییە؟

ـ ڕاسپاردە و ئۆپەراسیۆنی هاوتەریبکارانەی یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ لە دەرەوەی ئەورووپا مومکینە. ئەو ڕاسپاردانە پێشتریش بووە و بێ پێشینە نییە. بۆسنیا شوێنێکە کە یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ تێیدا ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی هاوتەریبیان ئەنجام دا.

ئەو ڕاسپاردانە کاتێک دەستیان پێ کرد کە بەشێک لە باڵکان، هەم بۆ یەکێتی ئەورووپا و هەمیش بۆ ناتۆ لە دەرەوەی ناوچەی پێناسەکراوەی ئۆپەراسیۆنی بوو.

News Code 23232

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha