په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و عێراق ستراتیژیک و به‌هێزه‌

ڕاوێژکاری باڵای سه‌رۆکی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران وتی: ڕێژه‌ی زۆری هێرشه‌کان و تۆمه‌ته‌کان له‌ دژی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و عێراق نیشان ده‌دات که‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ ستراتیژیک و به‌هێزه‌.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له‌ ته‌له‌فیزیۆنی ئێران، حسه‌ین ئه‌میر عه‌بدۆڵاهیان سه‌باره‌ت به‌ عێراق وتی: ئێران وه‌ها باش بابه‌تی عێراقی چاره‌سه‌ر کرد که‌ توانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ دوژمنه‌وه‌ بۆ هاوڕێی تاران بگۆڕێت. بۆ دوژمنانی ئێران ئه‌م ئاسته‌ له‌ هاوکاری نێوان تاران و به‌غدا جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه‌.

ئه‌و زیادی کرد: زۆربه‌ی به‌رپرسانی ئێسته‌ی عێراق هاوڕێی ئێرانن، جان بۆڵتۆن هیچ فامێکی دروستی سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان ئێران و عێراق نییه‌. داعش دواین کارتێک بوو که‌ له‌ دژی ده‌وڵه‌تی عێراق ڕوو کرا به‌ڵام ئێران به‌ پشتیوانی له‌ خه‌ڵک و ده‌وڵه‌تی عێراق توانی ئه‌م دۆخه‌ کۆتایی پێبێنێت. 

ڕاوێژکاری باڵای سه‌رۆکی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌م ساڵح وتی: سه‌رۆک کۆماری ئێران په‌یوه‌ندی کۆن و مێژینه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ و ئه‌و له‌ دوای ڕووخانی سه‌دامه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌و که‌سانه‌ بووه‌ پشتیوانی له‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان تاران و به‌غدا کردووه‌. له‌ نێوان به‌رهه‌م ساڵح و به‌رپرسانی ئێران هاوده‌نگی هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی ڕێککه‌وتنه‌کانی نێوان هه‌ر دوو وڵات. ئێمه‌ له‌ دۆخی سه‌ختدا یارمه‌تی عێراقمان داوه‌ و ئێسته‌ش چاوڕوانی ئه‌وه‌ین له‌ دۆخی سه‌ختی گه‌ماڕۆکان عێراق یارمه‌تی ئێران بدات.

ئه‌میر عه‌بدۆڵاهیان ئاماژه‌ی دا: گرنگ ترین په‌یامی سه‌ردانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ئێران ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵکی عێراق سپاسی یارمه‌تییه‌کانی ئێران له‌ ڕابردوو ده‌که‌ن. ئه‌مریکا له‌ ۲۰۰۳ به‌دواوه‌ هاتبوو تاکوو له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌ری نه‌گرت و ئێران و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ ناوچه‌که‌ ده‌ریان کرد.

ئه‌و زیادی کرد: ئێران ۴ۆ ساڵه‌ گه‌ماڕۆ دراوه‌ و له‌ سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستاوه‌. ئه‌ورووپا ده‌رفه‌تێکی سیاسی باشی سه‌باره‌ت به‌ گه‌ماڕۆکانی سه‌ر ئێران کردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆی کاری بازه‌رگانی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ تاران، ده‌بێت له‌ ئاستی خودی ئه‌ورووپادا له‌به‌رچاو بگیردرێت. ئه‌ورووپاییه‌که‌ن به‌ڵێنیان به‌ ئێمه‌ داوه‌ و ئێمه‌ش له‌ به‌رجامدا ماینه‌وه‌ و ئێسته‌ کاتی هه‌نگاوی ئه‌وانه‌.

ئه‌م به‌رپرسه‌ی ئێرانییه‌ وتی: ئه‌مریکا هه‌رگیز ناتوانێت هه‌نارده‌ کردنی نه‌وتی ئێران به‌ سفر بگه‌یه‌نێت، درێژه‌ کێشانی گه‌ماڕۆکان زیانی زۆری بۆ ئه‌مریکا ده‌بێت و ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌م کاره‌. ئه‌مریکا له‌م ساڵانه‌ ۷ تریلیۆن دۆلاری له‌ ناوچه‌که‌ سه‌رف کردووه‌ به‌ڵام ئێمه‌ هه‌رگیز وه‌ها پاره‌یه‌کمان خه‌رج نه‌کردووه‌ چون سیستمی کاری ئێمه‌ له‌ سه‌ر پاره‌ و دۆلار و نه‌وت دانه‌مه‌زراوه‌.

ئه‌و وتی: زایۆنییه‌کان به‌ گه‌ماڕۆی غه‌زه‌ و عه‌ره‌بستانیش به‌ گه‌ماڕۆی یه‌مه‌ن یه‌ک کار ئه‌نجام ده‌ده‌ن که‌ ئه‌وه‌ش کوشتنی خه‌ڵکی سڤیله‌. خۆڕاگری ئه‌مجاره‌یان به‌ مووشه‌ک وڵامێکی زۆر به‌هێزی به‌ لایه‌نی ئیسڕائیلی دایه‌وه‌. ئه‌وان به‌رگه‌ی شه‌ڕ ناگرن. 

ڕاوێژکاری باڵای سه‌رۆکی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران سه‌باره‌ت به‌ سووریا وتی: له‌ ساڵی ۲۰۱۱ ڕاوێژکارانی سه‌ربازی ئێران له‌ سووریا نه‌بوون به‌ پیلانی ئه‌مریکا حکومه‌ت به‌ره‌و ڕووخان ڕۆیی به‌ڵام به‌ یارمه‌تی ئێران ئه‌م پیلانه‌ پووچه‌ڵ کرایه‌وه‌. ئێسته‌ تێچووی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی سووریا ۴۰۰ ملیار دۆلاره‌ که‌ ئه‌مه‌ش زیانی ئه‌مریکاییه‌کانه‌، به‌ڵام ئێسته‌ ده‌ڵێن مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د کێشه‌ی نییه‌ به‌ڵام ئێرانییه‌کان ده‌بێت له‌ سووریا بکشێنه‌وه‌.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ یه‌مه‌ن وتی: ده‌ستی ئه‌مریکا و و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ یه‌مه‌ن خاڵییه‌ له‌ به‌نده‌ری حه‌دیده‌ تاکوو ئێسته‌ ۳۰۰ تانک و ۳ چه‌کداری سه‌ر به‌ عه‌ره‌بستان له‌ناو براون. شه‌ڕی یه‌مه‌ن به‌ کۆتایی نزیک بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مریکا و عه‌ره‌بستان و بریتانیا ناتوانن هیچ بۆ بکه‌ن.

ئه‌م که‌سایه‌تییه‌ ئێرانییه‌ سه‌باره‌ت به‌ خاشقجی وتی: که‌سێک که‌ له‌ کوشتنی ژن و منداڵ ناترسێت، بێ گومان فه‌رمانی کوشتنی خاشقجییه‌کانیش ده‌دات. ئه‌مریکا هه‌موو کارێک ده‌کات تاکوو بن سه‌لمان کۆتایی به‌ شه‌ڕی یه‌مه‌ن بێنێت. سعوودییه‌کان له‌ ڕێگه‌یه‌کی باشدا نین و بێجگه‌ له‌ ئاسایی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران و ڕاگرتنی سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌کانیان هیچ ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌یان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ تورکیا وتی: تورکیا له‌م کرداری عه‌ره‌بستان له‌م دواییه‌ ناڕازی بوو، به‌ڵام سه‌رۆک کۆماری ئه‌م وڵاته‌ له‌ هه‌موو هه‌ل و مه‌رجێک بۆ سوود بردن و به‌رژوه‌ندی تورکیا که‌ڵک ده‌بات.
 

News Code 23139

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 1 =