شکستی ئەمریکا لە پڕۆژەی مل کەچ کردنی عێراق لە گەمارۆکانی سەر ئێران

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیوایەکی تایبەتیی بە عێراق بۆ هاوڕێی بوون لە گەمارۆدانی ئێران هەبوو، که‌چی بە هۆی هەڵوێستە دروستەکانی دەوڵەت و گرووپگه‌ شیعەکان، هاوکێشەکان گۆڕان.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: ویلایەتە یەکگرتووەکان پاش دەرچوونی یەک لایەنە و نایاسایی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی (بەرجام) گەمارۆگەلێکی زاڵمانەی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران داسەپاند؛ گەمارۆگەلێک کە بە پێچەوانەی پاگەندەی درۆیینی بەرپرسانی ئەمریکی، تەنیا خەڵک و مەعاشی خەڵکی کردۆتە ئامانج.

ئەمریکییەکان لە درێژەی سیاسەتی شکست خواردووی "داسەپاندنی گەمارۆ"یان لە دژی ئێران، لەم مانگەدا لیستێکی دوور و درێژیان لە گەمارۆی کەسایەتی و ڕێکخراوە ڕاستەقینە و یاساییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو کردۆتەوە و چەقیان خستۆتە بەردم کۆمپانیاگەلی نێودەوڵەتی و لەوان کۆمپانیا ئەورووپییەکان بۆ دانوستان و پەیوەندی لە گەڵ کەسایەتی و ڕێکخراوەگەلی ئێرانی.

گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لای هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەوان دەوڵەتی عێراق و گرووپگەلی شیعەی ئەو وڵاتەی بە دواوە بووە و ئەوان ڕاشکاوانە هەمبەر بە هەنگاوەکانی ئەمریکا ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.

لەمناوە دەوڵەتی نوێی عێراق بە سەرۆک وەزیرایەتیی عادڵ عەبدولمەهدی هەڵوێستی دروست و هوشیارانەی هەمبەر بە گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان گرتۆتە بەر؛ هەڵوێستێک کە خۆی سەرچاوە لە پاڵپشتیی بێ بڕانەوەکانی تاران لە بەغدا لە بوارە جۆراوجۆرەکان و بە تایبەت لە بواری شەڕ دژی تیرۆریزم دەگرێت.

عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەر لەوە پەیوەندییەدا وێرای گرتنەبەری هەڵوێستگەلێکی ڕوون و ستراتژیکی هەمبەر بە گەمارۆکانی سەر ئێران جەختی کرد: "عێراق پێڕەوی ناکات لە گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ئەمریکا؛ بەغدا بەرییە لە پابەندبوون بەو گەمارۆیانە". ناوبراو ڕاشیگەیاند: "عێراق نابێتە بەشێک لە پڕۆژەی داسەپانی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران".

ئەو هەڵوێستە دروستانە لە کاتێکدا گیراونەتە بەر کە میدیاگەلی سەر بە ڕەوتی رۆژئاوایی – عەرەبی پێشتر و دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی عەبادی سەبارەت بە پابەندبوونی بەغدا بە گەمارۆ دژە ئێرانییەکانی ئەمریکا، گاڵتە و ڕەخنەیەکی زۆریان لە پەیوەندییە دوو لایەنەکانی تاران – بەغدا گرتبوو و کۆتایی ئەو پەیوەندیگەلەیان ڕاگەیاندبوو.

بەوەشەوە، گرتنەبەری هەڵوێستی هوشیارانە و لە کاتی خۆیی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، تەواو پیلانە میدیاییەکانی ژێر فەرمانی ئەمریکا و رۆژئاوای بۆ دووبەرەکی نانەوە لە پەیوەندییە چڕ و دۆستانەکانی نێوان دوو هاوپەیمانی ستراتژیکی واتە تاران و بەغدای پووچەڵ کردەوە.

عەبدولمەهدی بەو هەڵوێستەی خۆی وێرای تێکشکاندنی پیلانەکان بۆ خەوشەدارکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، نیشانی دا کە پەیوەندیی نێوان دوو لا نە تەنیا زیانی پێنەگەییوە بەڵکوو بە پاڵپشتییەکانی بەغدا لە تاران پاش داسەپاندنی گەمارۆگەلی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاراستەیەکی نوێی بە ڕووی ئەو پەیوەندیانە کردەوە.

بەڵام گرتنەبەری هەڵوێستی پاڵپشتانە لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەمبەر بە گەمارۆکانی ئەمریکا تەنیا بە سەرۆک وەزیرانی عێراق نابەسترێتەوە، چونکە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆی دژی گەمارۆگەلی داسەپاوەی واشنتۆن لە دژی ئێران ڕاگەیاندووە.

ناوبراو لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ڕابردووی ئەمریکا سەبارەت بە سزادانی بەغدا لە ئەگەری پێڕەوی نەکردن لە گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ئەمریکا وتوویەتی: "ئێمە لە عێراق بە هیچ چەشنێک نامانەوێ لە گەمارۆکانی سەر ئێران زیان ببینین".

سەرۆک کۆماری عێراق لە درێژەی هەڵوێستی لە دژی گەمارۆکانی ئەمریکا جەختی کرد: "ئێمە نامانەوێ عێراق بارتەقای گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران بگرێتە ئەستۆ". ئاماژەی ڕاشکاوانەی سەرۆک کۆماری عێراق بە سیاسەتی گەمارۆیی واشنتۆن هەمبەر بە ئێران نیشان دەدا کە بەرپرسانی عێراقی پێداگرن لە درێژەدان بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوو‌رییەکانیان لە گەڵ تاران تەنانەت پاش گەمارۆکانی ئەمریکا.

پێدەچێت کە پاش گرتنەبەری ئەو هەڵوێستانە لە لایەن یەکێک لە هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای سەبارەت بە گەمارۆ داسەپاوەکانی بۆ سەر ئێران وەرگرتبێت. واشنتۆن ئێستا باش دەزانێت کە ئەگەر خوازیاری درێژەدان بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ بەغدا بێت، ناتوانێ بە گوشار و زەختنان بەرپرسانی ئەو وڵاتە ناچار لە پێڕەوی کردن لە گەمارۆ دژە ئێرانییەکان بکات.

کاردانەوە نیشان نەدانی بەرپرسانی ئەمریکی بە زنجیرە لێدوانەکانی بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە گەمارۆ دژە ئێرانییەکانیش بۆچوونی سەرەوە دەسەلمێنێت. کەواتە جوان دیارە کە ئەمریکییەکان لە عێراق وەک دراوسێیەکی ئێران بۆ پاڵپشتی لە گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی ئێران، بە تەواوی بێ هیوا بوونە.

لە لایەکی دیکەوە جگە لە کاردانەوەی بەرپرسانی عێراقی لە ئاستە جۆراوجۆرەکان، حزب و ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی شیعە لە عێراق-یش پاڵپشتیی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاندووە و بە ئاشکرا دژی ئەو گەمارۆ زاڵمانە هەڵوێستیان گرتووە؛ هەڵوێستێک کە سەلمێنەری قووڵایی پەیوەندی دۆستانەی تاران لە گەڵ تەواو چینەکانی شێعەی عێراقە.

بۆ وێنە سەید عەمار حەکیم رێبەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە لێدوانێکدا وێرای ئیدانە کردنی گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ئەومریکا جەختی کرد: لە ئێستادا نابێ هەمبەر بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بێدەنگ بین. بێ گومان ئەو گەمارۆیانە پاشهاتی مەترسیداری بۆ واشنتۆن بە دواوەیە.

ناوبراو وتیشی: دژی داسەپانی گەمارۆکان لە دژی ئێرانم، چونکە لاواز بوونی ئێران لە بەرژەوەندیی عێراق و ناوچە نییە. بڕیاری ئەمریکا بۆ گرتنەبەری هەڵمەتی تاکڕۆیانە لە دژی ئێران دەرئەنجامی مەترسیدار و پاشهاتی ئەسەفبارانەی بۆ کۆمەڵگای مرۆیی و نێودەوڵەتی بە دواوە دەبێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە گرووپگەلی دیکەی شیعەی عێراقیش کاردانەوەیان بەو گەمارۆیانە نیشان داوە. بۆ وێنە وتەبێژی فەرمی بەرخۆدانی ئیسلامی نۆجەبا بە داکۆکی لە کشانەوەی دەوڵەتی عێراق لە هاوڕیی کردنی بڕیاری یەک لایەنەی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی ئێران، وتی: ئەوە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش نییە کە لێی بترسین و تەسلیمی بین.

بزووتنەوەی نۆجەبا هەروەها بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێکی فەرمی لە پەیوەندی لە گەڵ گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی واشنتۆن، جەختی کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران بە رێبەرایەتی حەکیمانە، ژیرانە و دڵیرانە هەمبەر بە پیلان و نەخشە دزێو و زاڵمانەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران و ناوچە دەوەستێت. گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری و پاوجێی ناوچە و هەژارخستنی گەلان داسەپاوە.

هەروەها کۆمەڵەی زانایانی عێراق-یش گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێرانیان ئیدانە کرد و ئەو گەمارۆیانەیان زاڵمانە و پاساونەدەرانە زانی. شێخ خالد مەلا سەرۆکی ئەو کۆمەڵە، ئەو گەمارۆیانەی سزادانی بە کۆمەڵی گەلێک وەسف کرد و جەختی کرد کە ئێران لە پاڵپشتی کردنی گەلی عێراق پێشەنگ بووە.

ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری-یش پاڵپشتیی ئەو ڕێکخراوە لە گەل و دەوڵەتی ئێرانی بیر هێنایەوە و وتی نابێ پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەلی عێراق لە سەخڵەتییەکاندا لە بیر بەرینەوە.

هاوکات لیواکانی حزبوڵڵاش ڕایگەیاند کە گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران نیشاندەری ئاستی زاڵبوونی لۆبیی زایۆنی و دارایی سعوودی بە سەر بڕیاردانەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

بە گشتی هەڵوێستی گرووپە جۆراوجۆرەکانی شیعی هەمبەر بە گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران نیشاندەری پەیوەندیی تۆکمەی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق‌ـه و هیچ شتێک ناتوانێ ئەو پەیوەندییە ستراتژیک و قووڵە بشێوێنێت. ئاساییە لە دۆخێکی ئاوادا ئەمریکاش هەوڵی کەمکردنەوەی پێگە و دزەی ئێران لە عێراق دەدات، بەڵام هەڵویستی گرووپگەلی شێعە تا ئێستای لە سەر بێت ئەو پیلانەشیان پووچەڵ کردووە و لە داهاتووشدا پووچەڵی دەکەنەوە.

News Code 23085

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 4 =