گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەریی لە سەر سیاسەته‌کانی ئێران نابێت

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕێکی عەرەبی زمان ڕایگەیاند کە گەمارۆه‌ دژە ئێرانییه‌کانی ئەمریکا ناتوانێ کاریگەرییەکی له‌ سەر سیاسەتەکانی ئێران ببێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژ لە گەڵ ماڵپەڕی "العربی الجدید" ڕوانییە گەمارۆگەلی دژە ئێرانیی ئەمریکا و پرسە هاوپەیوەندەکانی وتی: گومانێک لەوەدا نییە کە گەمارۆ داسەپاوەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، لە سەر ئابووریی ئێران کاریگەری دەبێ؛ بەڵام نابێ ئەو خاڵەش لە بیر بەرینەوە کە ئەو گەمارۆیانە هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نابێ.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی  بە ئاماژە بەوەی کە گەمارۆکانی ئەمریکا هەر لە کاتی چوونە دەرەوە لە بەرجام دەستی پێکردووە و خەڵکی کردۆتە ئامانج، ڕایگەیاند: ئەمریکا بە داسەپاندنی گەمارۆکانی گەلی ئێران کردۆتە ئامانج و هەوڵ دەدات خەڵکی بخاتە ژێر گوشارەوە. ئەمریکییەکان زۆر هیوادارن لەو رێگەوە بتوانن خەڵکی ئێران لە دژی حکوومەتەکەیان هان بدەن.

وەزیری دەرەوە بیری هێنایەوە: دەبێ ڕێککەوتنی ناڤۆکی ئێستای نێوان ئێران و وڵاتانی ئەورووپی بپارێزرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە دەسکەوتەکانی بەهرەمەند بین. ئەورووپییەکان پابەند بوون بەو بەڵێنانەی کە ڕایانگەیاندبوو و ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆر کەس پێی وابوو ئەورووپا بە هۆی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکا، بەڵێنەکانی خۆی پێشێل بکات.

وتیشی: هەڵبەت ئێمەش دەزانین کە وڵاتانی ئەورووپی ئامادە نین هاوکاتی پابەند بوون بە بەڵینەکانیان لە چوارچێوەی بەرجام، بەهای پابەندبوونیان بدەن. ئەوان دەیانەوێ بە بێ بەهایەکی ماڵی ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنن.

زەریف لە درێژەدا جەختی کرد: ئێمە لامان وایە ئەو هەڵوێستەی وڵاتانی ئەورووپی گرتوویانەتە بەر لە درێژخایەندا لە بەرژەوەندیان نییە و ئەوان لە ساڵانی داهاتوودا ناچارن بە هۆی ئەو سیاسەتە بەهای ماڵیی زیاتر بدەن. لە هەر حاڵدا ئێمە لە گەڵ هاوپەیمانانی خۆمان لە ڕووسیا و چین و هەروەها لە گەڵ بەرپرسانی ئەورووپی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە پەیوەندیدا دەبین بۆ ئەوەی کاریگەریی گەمارۆکان بگەیێننە کەمترین ئاستی مومکینی. ڕاستە ئەمریکا دەسەڵاتێکی ئابووریی گەورەیە، بەڵام هەموو وڵاتانی جیهان لە بەرامبەر گەمارۆکانی دەوەستن و لەمناوە هەندێک لە کۆمپانیاکانیش لە گەمارۆکانی ئەمریکا دەترسن.

وەزیری دەرەوە ڕاشیگەیاند: ئابووریی ئێران خاوەن هێزی بەردەوامی لە گەشە و پەرەسەندنە. ئێمە لە هێزگەلی ناوخۆیی مرۆیی، زانستی و تەکنیکییەکی زۆر بەهرەمەندین. هەموو ئەوانە کاریگەریان لە سەر داهاتووی وڵات هەیە. لە لایەکی دیکەوە پەیوەندیگەلێکی باشمان لە گەڵ وڵاتانێکی وەک ڕووسیا، چین، هێندستان و ... هەیە کە هەرکام لەو پەیوەندیانە کاریگەریان لە سەر ئابووری ئێران هەیە.

زەریف جەختیشی کرد: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناتوانێ هەناردەی نەوتی ئێران بگەیێنێتە سیفر. ئەوە ڕووداوێکە کە بە چاوی خۆمان بینیمان و لە داهاتووشدا شایەدی دەبین. ئەمریکییەکان تەنانەت ناتوانن مامناوەندی هەناردەی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنن. ئێران دەسەڵاتێکی بەرچاوی هەیە لە هەناردەی نەوتی خۆی؛ بە تایبەت ئەوڕۆ کە بازاڕی جیهانی پێویستی بە نەوتی ئێران هەیە.

ناوبراو زیادی کرد: سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەدا ڕوون و ئاشکرایە. ئێمە بەشێک لە ناوچەین و ڕوانگەمان هەمبەر بە گۆڕانکارییەکانی ناوچە لە رۆژئاوایان واقیعی‌ترە. ئێوە ئاور لە مێژوو بدەنەوە، کێ بەرگری لە سەدام کرد و کێ هەمبەری وەستا؟ کێ پاڵپشتی لە ئەلقاعیدە، تاڵەبان، بەرەی نوسرە و داعش کرد و کێ قەتەری گەمارۆ دا؟

زەریف ئاماژەی بەوەش دا: لە بەرامبەردا ئێوە بە باشی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەهەندە ئیجابییەکانی هەمبەر بە گۆڕانکارییەکانی ناوچە دەبینن. بۆ وێنە ئێران رێگەی نەدا عەرەبستانی سعوودی لە گەمارۆ بەربڵاوەکانی قەتەر ئاکامی دڵخوازی خۆی مسۆگەر بکات.

وەزیری دەرەوە ڕەخنەی لە پڕۆژەی چەک و چۆڵ و سیستەمی مووشەکیی وڵاتانی ناوچە و لەوان ئیمارات و عەرەبستان بە بەراوەرد لە گەڵ ئێران کرد و وتی: ئەمریکییەکان ناوچەیان کردۆتە هۆماری چەک؛ چەک و چۆڵێک کە بۆتە هۆی کوشتوبڕی خەڵکی یەمەن.

بیریشی هێناوە: تۆمەتبارکردنی ئێران بە دەست هەبوون لە تەقاندنەوەی کۆنفڕانسی دژبەرانی شۆڕش لە پاریس و هاوکات لە گەڵ سەفەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سویسرا و نەمسا و ڕاگەیاندنی میکانیزمی ئابووریی SPV لە لایەن ئەورووپییەکان و دەستگیرکردنی چەند کەسی ئێرانی لەوبارەیە، نیشاندەری پاڵپشتیی ئەورووپییەکان لە تیرۆریزم دەکات و ئەوانن کە رێگە بە تیرۆریستان بۆ چوونە ناو خاکیان دەدەن و دەبێ لەوبارەیەوە بیر بکەنەوە. ئێران نایەوێ هیچ هەڕەشەیەک بەرەوڕووی ئەورووپا بکات و بە فەڕەنسا و دانیمارک‌مان ڕاگەیاندووە کە ئامادەین هەندێک زانیاری لەبارەی ئەو باڵە تیرۆریستییەکانی دژبەری ئێران بەوان بدەین.

زەریف وێرای کاردانەوە نیشان دان بە سەفەری بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژیمی زایۆنی بۆ عەمان، وتیشی: ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە ئەمریکا بە دوای تاڵانی سەرمایەی ناوچەیە و تەنیا گەلانن کە بەهای ئەو سیاسەتە گەندەڵە دەدەن. ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی دەیانەوێ سەرنجی ڕای گشتی لە فەلەستین دوور بخەنەوە و لەمناوە وڵاتانی عەرەبی-ش پەیوەندیان لە گەڵ زایۆنییەکان ئاسایی دەکەنەوە بۆ ئەوەی بەستێن بۆ دوژمنایەتیی زیاتر لە گەڵ ئێران خۆش بکەن. هەر بۆیە وڵاتانی عەرەبی دەبێ هوشیار بن و باشترین بڕیارەکان لەوبارەیەوە بدەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران وێرای ڕەت کردنەوە وەرگرتنی هەر جۆرە پەیامێک لە لایەن ڕژیمی زایۆنی یان ئەمریکا بە ناوبژیگەریی عەمان، سەبارەت بە ئەنجام دانی دانوستان لە گەڵ ئەمریکا ڕوونی کردەوە: ئێمە پێشتریش وتوومانە هەر جۆرە دانوستانێک بە مەرجی ڕێزنانی بەرامبەر و پابەندبوونی لایەنەکان بە بەڵینەکانیان مومکینە. هەر کات ئەمریکا ئەو مەرجانە ڕاپەڕێنێت، ڕەنگە بکرێت باس لە گفتوگۆ بکەین. ئێمە چەندین ساڵ گفتوگۆمان لە گەڵ ئەمریکا کرد و لە گەڵیاندا گەیشتینە ڕێککەوتنی ناڤۆکی. بەڵام ئەمڕۆ ناتوانین پابەندبوونی ئەمریکا بە بەڵێنەکانی دەستەبەر بکەین.

ناوبراو سەبارەت بە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە بابەتی سەفەری ناردەی جێنشینی عەرەبستان بۆ تاران و پرسی یەمەن وەک یەکێک لە مژارە گفتوگۆ لە سەرکراوەکانی ئەو سەفەرە، وتی: من زانیارییەکم لەوبارەیەوە نییە و لام وایە شتی وا مومکین نییە. من هیچ کێشەیەکم لە گەڵ لە سەرگیرانەوەی پەیوەندییەکان و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیمان لە گەڵ عەرەبستان نییە و ئەو پرسە دەروەستی بە ڕیاز و بڕیاردانەکانیانەوە هەیە؛ بڕیاردان سەبارەت بە کەمکردنەوەی شەڕ و ناکۆکییەکانی ناوچە و لەوان سیاسەتەکانی دژی ئێران، سووریا، عێراق و یەمەن.

زەریف لەبارەی دۆخی یەمەن ڕایگەیاند: ئێمە هەر لە سەرەتاوە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەریی قەیرانی یەمەن ڕاگەیاندووە و لە کاتی بۆردومانی یەمەن لە لایەن هاوپەیمانی عەرەبستانەوە ڕامانگەیاندووە کە رێگەچارەی سەربازی لە یەمەن ئاکامێکی نابێ. عەرەبستان پێی وابوو کە دەتوانێ لە ماوەی چەند حەوتە کۆتایی بە دۆسیەی یەمەن بێنێت، بەڵام چەند ساڵ درێژەی خایاند. دەبێ ئاگربری هەمەلایەنە لە یەمن مسۆگەر بکرێت و بێ شک ئەوڕۆ هەموو داکۆکی لە زەروورەتی ڕاگرتنی هەڵمەتی سەربازی و گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بە خەڵکی سڤیل و پاڵپشتی و گفتوگۆ لە گەڵ دەوڵەتی یەمەن دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەبارەی پیلانی عەرەبستان بۆ تیرۆری بەرپرسانی ئێرانی و لەوان سەردار قاسم سولەیمانی، ئاماژەی بە هەنگاوە دزێوەکانی سعوودی و لەوان گەنارۆدانی قەتەر و بۆردومانی یەمەن و زیندانی کردنی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان و تیرۆری جەماڵ خاشقجی کرد و وتی: ئێمە لەوبارەیەوە ئاگادار بووین و عەرەبستان بۆ چەندین ساڵ دەچیت کە پاڵپشتی لە گرووپگەلی تیرۆریستی ناو ئێران دەکەن و عەرەبستان پێشتر ڕایگەیاندووە کە شەڕ دەکێشێتە ناو خاکی ئێران. پاش ئەوە شایەدی بەرزبوونەوەی جموجۆڵی گرووپگەلی تیرۆریستی لە رۆژهەڵاتی وڵات بووین. گرووپی داعش پەلاماری پەرلەمانی دا. کەواتە ئەو سیاسەتانەی داعش شتێکی تازە نییە و ئێمە تەواو ئاگاداری هەین.

ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا ڕوونی کردەوە: پەیوەندیمان لە گەڵ تورکیا زۆر باش و ستراتژیکە، بەڵام ئەوە بە مانای هاوسەنگی لە ڕوانگەکانمان لە تەواو بوارەکاندا نییە. ئێمە لە پرسە سەرەکییەکانی هاوپەیوەند بە سووریا ڕای جیاوازمان هەیە و بۆ کەمکردنەوەی ئەو ناکۆکیانە هەوڵ دەدەین و بەو ئەنجامە گەیشتووین کە تیرۆریزم بە زیانی هەموو لایەکە و گرووپگەلی جودایی خواز وەک هەڕەشەیەک وێنا دەکرێن کە کۆی ناوچەکە بەرەوڕووی شەڕ و پێکدادان دەکات.

زەریف جەختیشی کرد: ئێمە دەزانین کە پاڵپشتیی ئەمریکا لە هەندێک لایەن کە هەڕەشەن بۆ سەر یەکگرتوویی سووریا و بوونەتە مایەی شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی، کێشەسازن. ناکرێت رێگە بە ئاژاوەنانەوەی ئیتنیکی لە سووریا و عێراق بدەین و ئەوە پرسێکی مەترسیدارە. ئێمە لە سەر ڕیفراندۆمی جودایی خوازی لە عێراق و سناریۆ هاوشێوەکانی لە سووریادا هاوڕاین. بەڵام ڕەنگە لە سەر پرسە هاوپەیوەندەکان بە چۆنیەتی جێبەجێ کردنی رێکاری سیاسی لە سووریا ڕای جیاوازمان هەبێ.

ناوبراو هەروەها ڕوانییە ڕاپۆرتگەلی هاوپەیوەند بە پاشەکشێی هێزەکانی سەر بە سوپای ئێران لە باشووری سووریا و ڕایگەیاند: هێزەکانی ئێرانی لە باشووری سووریا نین تا پاشەکشێ بکەن و ئەوە حزبوڵڵاش دەگرێتەوە. ئەگەریش حزبوڵڵا لەو ناوچەیە بووبێتن، ئەوا بوونیان کاتی و بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بووي. یارمەتیی ئێمە بۆ سووریا لە بنەڕەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بووە و بوونی حزبوڵڵاش لە خاکی سووریا لە سەر داوای دەوڵەتی ئەو وڵاتە بووە.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا سەبارەت بە مانەوەی ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران لە باشووری سووریا وتی: بە پێی زانیارییەکانی من مومکینە لە هەندێک لە مەیدانەکاندا ناکۆکیگەلێک هەبن، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکمان سەبارەت بە ناکۆکی لە سەر مانەوەی ئێران لە سووریادا نەبیستووە.

News Code 23028

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 8 =