کاردانه‌وه‌ی سوپا به‌ دانانی ناوی سوپای پاسداران له‌ لیستی تیرۆر

سه‌ردار محه‌مه‌د ساڵح جۆکار وتی: تیرۆری خاشقجی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی تاکوو به‌رپرسانی عه‌ره‌بستان ناوی سوپای پاسداران و سه‌ردار سلێمانی بخه‌نه‌ لیستی تیرۆریسته‌کان، ئه‌مه‌ بۆ به‌لاڕێدا بردنی بیر و ڕای خه‌ڵکی جیهانه‌.

سه‌ردار محه‌مه‌د ساڵح جۆکار، جێگری پارلمانی سوپای پاسداران به‌ ئاژانسی مێهر وتی: عه‌ره‌بستان به‌ کوشتنی خاشقجی له‌ زڵکاو گیری کردووه‌ و بۆ ڕزگار کردنی خۆی له‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێک سوود ده‌بات. 

ئه‌و زیادی کرد: تیرۆر کردنی خاشقجی و ئاشکرا بوونی ئه‌م کاره‌ نامرۆڤانه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی عه‌ره‌بستان ده‌ست بۆ هه‌نگاوی نه‌شیاوی دیکه‌ ببه‌ن وه‌ک زیاد کردنی ناوی حاج قاسم سلێمانی و سوپای پاسدارانی ئێران به‌ لسیتی تیرۆریسته‌کان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کارانه‌ بێ وێنه‌ نین. ئه‌مریکاییه‌کانیش له‌م کارانه‌یان کردووه‌ و عه‌ره‌بستانیش له‌وان په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن.

جۆکار جه‌ختی کرد: ده‌ستی ئه‌مریکا و سعوودییه‌ و به‌حره‌ین به‌ کوشتنی خه‌ڵکی بێ تاوانی سووریا و عێراق و یه‌مه‌ن ڕه‌نگینه‌. کوشتنی خاشقجی ته‌نیا یه‌کێک له‌ جه‌نایه‌ته‌کانی ئه‌وانه‌ که‌ مێدیایی بووه‌، ئه‌وان ڕۆژانه‌ له‌ یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین خه‌ڵکی بێ تاوان ده‌کوژن. ئه‌م ڕژیمانه‌ به‌رده‌وام مافی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ و ئازادییه‌کانیان پێشێل ده‌که‌ن.

ئه‌و ئاماژه‌ی دا: سعوودییه‌کان له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌مریکا ئه‌م کارانه‌ ده‌که‌ن. عه‌ره‌بستان ده‌یان ساڵه‌ به‌ هاوکاری ئه‌مریکا ده‌نگی دژبه‌ره‌کانی خۆیی حه‌فه‌ کردووه‌، به‌ڵام ئاشكرا بوونی کوشتنی خاشقجی بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ جیهان له‌ دژی عه‌ره‌بستان هه‌ڵوێست وه‌رگرێت.

جێگری پارلمانی سوپای پاسداران بۆ مێهر وتی: ئێمه‌ له‌ ئێستادا ده‌بێت ورد هه‌نگاو هه‌ڵبگرین. ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین که‌ جه‌نایه‌ته‌کانی ئه‌مریکا و سعوودییه‌ له‌ یه‌مه‌نیش ئاشکرا بکه‌ین تاکوو جیهان لێیان ئاگادار ببێته‌وه‌.

وتیشی :  کوشتنی خاشقجی به‌ستێنێکی بۆ ئاشكرا کردنی جه‌نایه‌ته‌کانی ئالی سعوود خۆش کردووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سیاسییه‌کانی ئێمه‌ به‌ باشی سوودیان لێ نه‌برد به‌ڵام وڵاتانی دیکه‌ بۆ به‌رژوه‌ندی خۆیان سوودیان لێ برد.

جۆکار له‌ کۆتایدا وتی: سیاسییه‌کانی ئێمه‌ ده‌بێت به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌ شاراوه‌کانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ جیهانی لێ ئاگادار بکاته‌وه‌ و پێیان ڕابگه‌یه‌نێت که‌ کوشتنی خاشقجی ته‌نیا یه‌کێک له‌ هه‌زاران جه‌نایه‌تی سعوودییه‌کانه‌ که‌ به‌رده‌وام دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

News Code 22625

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =