نەتانیاهۆ دەبێ سەردار سەلامی بە هەند وەرگرێت؛ ئەو پیاوە فشه‌ ناکات

شرۆڤەگەری ناسراوەی جیهانی عەرەب لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە وتەدانی ئەم دواییەی سەردار سەلامی لە دژی زایۆنییەکان کرد و وتی: نەتانیاهۆ واباشە ئامۆژگارییەکانی سەردار سەلامی بە هەند وەرگرێت؛ چونکە ئەو پیاوە فشه‌ نازانێ.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەبدولباری عەتوان نووسەری و شرۆڤەکاری ناسراوەی جیهانی عەرەب لە یادداشتێکدا کە لە رۆژنامەی بان ناوەچەیی "رای الیوم" بڵاو بۆوە، نووسی: سەردار سەلامی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی رۆژی هەینی لە لێدوانێکدا بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژیمی زایۆنیی  ئامۆژگاری کرد.

عەتوان دەشنووسێت: سەردار سەلامی لەو ئامۆژگارییەیدا بە نەتانیاهۆی ڕاگەیاند کە خێرا فێری مەلە کردن لە دەریای ناوەڕاست بێت، چونکە مومکینە لە داهاتوویەکی نزیکدا ناچار بێت لە رێگەی ئەو دەریایەوە فیزماڵ بدات و بۆی دەرچێت. ئەو ئامۆژگارییە بووە هۆی ڕاچەنینی هەمووان و لەوان ئێمە. هەڵبەت پێشتر ئامۆژگاریگەلێکی لەو چەشنە لە زمانی سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانەوە بیستراوە و نە تەنیا بە نەتانیاهۆ بەڵکوو ڕوو لە هەموو ئیسرائیلییەکان هۆشداری پێ دابوون کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و هەڵاتن لە رێگەی دەریاوە فێری مەلە بن.

ئەو شرۆڤەگەرە عەرەبە دەشڵێت: سەید حەسەن نەسروڵڵا لەو کاته‌دا جەختی کردبوو کە مووشەکگەلی حزبوڵڵای لوبنان کاتێک بە سەر زایۆنییەکاندا دەبارێت، چیتر ناتوانن هەڵێن. ئاساییە کە سەردار سەلامی بە ڕێکەوت ئەو پێشنیارەی نەکردووە، چونکە کەسێک بە پلەیەکی ئاوا بەرزی سەربازی دەزانێت کە چی دەڵێت. تەواو وتەکانی کەسایەتییەکی ئاوا هەڵگری پەیامگەلێکی گرینگن کە پێشتر بە وردی بیریان لێ کراوەتەوە، کەواتە پرسەکە تەواو جیاوازە لە هەوڵێک بۆ وەڕێخستنی شەڕێکی دەروونی.

عەتوان ئاماژە بەوەش دەدات: فەرماندەگەلی ئیسرائیلی لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوو پەرەیان دابوو بە هەڕەشەکانیان بۆ هێرش کردنە سەر بەرەی بەرخۆدان بە تایبەت حزبوڵڵا. نەتانیاهۆش لە میانەی وتەدانی لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڕەشەگەلێکی لە دژی بەرەی بەرخۆدان خستبووە ڕوو. ئەو هەروەها وێنەگەلێک کە بە وتەی ئەو ئاشکراکەری چالاکیگەلی ناڤۆکی ئێرانن، نمایش دا. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ئیدعای کرد کە حزبوڵڵا لە نزیکیی فرۆکەخانەی بەیرووت بنکە و دامەزراوەی مووشەکیی کردۆتەوە.

لە درێژەی ئەو یادداشتەدا هاتووە: جەبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان بۆ سەلماندنی درۆیین بوونی پاگەندەی نەتانیاهۆ، وەفدێکی ڕووسی کە پێکهاتبوو لە ٦٧ باڵوێز و دیپلۆماتی بردە ئەو شوێنانەی کە نەتانیاهۆ ئاماژەی پێ دابوون. پاش پشکنینی وەفدی ڕووسی، باسیل ڕوو بەوان ڕایگەیاند کە ئەوە ئیسرائیلە بە پێشلکردنی بەردەوامی هەرێمی ئاسمانیی لوبنان، گیانی خەڵکی ئەو ولاتە دەخاتە مەترسییەوە.

عەتوان زیادی دەکات: ئێستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر نەتانیاهۆ سەبارەت بە چالاکیگەلی ناڤۆکی نەهێنیی ئێران و هەروەها بوونی هۆماری مووشەکی حزبوڵڵا لە نزیکیی فرۆکەخانەی لوبنان ڕاست دەکات، ئەی بۆ دەستەوەستانە و هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەو بنکانە؟ مەگەر ئیسرائیل ئیدعا ناکات کە لە ماوەت ١٨ مانگی ڕابردوو ٢٠٠ هێرشی کردۆتە سەر بنکەگەلی ئێرانی لە خاکی سووریا؟ ئەی بۆ ئەو هێرشانە ناکاتە سەر ئەو بنکە و ناوەندانەی کە ئاماژەیان پێ دەدا؟

ئەو شرۆڤەگەرە ناسراوە لە وەڵامی پرسیارەکانی دەستەوەستان بوونی نەتانیاهۆ ناو دەنێت "ترس لە حزبوڵڵا و مووشەکەکانیان" و دەڵێت: هەر ئەو ترسە و دڵەڕاوکەیە بۆتە هۆی ئەوەی کە نەتانیاهۆ بەر لە دەرکرانی فەرمانی هێرش بۆ سەر بەیرووت، ملیۆنان جار بیر لەو بابەتە بکاتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە وتەدانی سەردار سەلامی ڕاشکاوانە ڕاگەیێندرا کە حزبوڵڵا هاوپەیمانی ئێرانە و بە تەنیایی دەتوانێ ئیسرائیل لە ناو ببات. سەردار سەلامی جەختی کرد ئیسرائیل تەنانەت ناتوانێ هەڕەشەیەک بێت بۆ سەر ئێمە و حزبوڵڵا بۆ لە ناوبردنی سەروزیادیشە.

عەتوان دەشڵێت: دەبێ ئەو بابەتەش لە بەر چاو بگرین کە پێدانی سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئێس ٣٠٠ی ڕووسی بە سوپای سووریا، هەر جۆرە هەوڵی ئیسرائیل بۆ هێرش کردنە سەر لوبنان-یش بەرەوڕووی کێشەگەلێکی زۆر دەکات. ئەویش بەو پێیەی کە بڕەوی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی ئێس ٣٠٠، دەگاتە ٢٥٠ کیلۆمەتر و دەتوانێ فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی بەر لە گەیشتن بە خاکی لوبنان بکاتە ئامانج.

ناوبراو لە کۆتاییدا دەنووسێت: حزبوڵڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەهرەمەند بوون لە دەسەلاتی مووشەکیی ستراتژیک توانیویانە هاوکێشەی ترس و ڕاچەنین لە ناوچەدا ساز بدەن. لە لایەکی دیکەوە وەرگرتنەوەی زیاتر لە سەدا ٩٠ی خاکی سووریا لە بندەستی تیرۆریستانی تەکفیری، یارمەتییەکی بەرچاوی بەو هاوکێشەی ترسە کردووە. هەر بەو هۆیە نەتانیاهۆ دەبێ ئامۆژگاریی سەردار سەلامی بە هەند وەرگرێت، چونکە سەردار سەلامی شۆخی لە گەڵ کەسدا نییە. کاتی یاخی بوونی ئیسرائیل کۆتایی پێ هاتووە. ئەگەر کەسێک جگە لەوە بیر دەکاتەوە، فەرموو بێتە مەیدانی تاقیکاری.

News Code 22236

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 0 =