هێزێکی سوپای تورکیا هاته‌ ناو گوندێکی هه‌رێمی کوردستان

ھێزێکی پڕ چەک و تەقەمەنی سوپای تورکیا دێتە ناو گوندی شاپان لە سنووری برادۆست.

به‌ راپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، بەوتەی دانیشتوانی گوندەکە بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر ئه‌و هێزانه‌ لەناو گوندەکەیاندا ماونەتەوە و دواتر بەرەو بارەگا سەربازییەکەیان لەسەر لوتکەی چیای دێل بەرێکەوتوون.

وەک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت ھێزەکەی سەر بە سوپای تورکیا ژمارەیەک تانک و زرێپۆش و شۆفڵ و حەفارەیان پێیە و بەناو گوندی شاپاندا تێدەپەڕن، پێش ئەوەی بچن بەرەو بنکە سەربازییەکەیان لە چیای دێل کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری عێراق و تورکیا و ئێرانەوە.

بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە و دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن: ھێزە سەربازییەکەی تورکیا دەیانەوێت لەگەڵ ناردنی سەربازی زیاتر بۆ بنکە سەربازییەکەیان لە چیای دێل، رێگەی گەیشتن بە بنکەکەش خۆش بکەن تا بەئاسانی بتوانن لەو سنورەدا ھاتوچۆ بکەن.

لەبناری چیای دێلدا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بووە مەیدانی شەڕو روبەربوونەوەی سەختی سوپای تورکیا و پەکەکە، بەدەیان گوند بونیان ھەیە کە چەندین جار بوونەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا.

بە دەستبەسەرداگرتنی چیای دێل تەواوی دەشتی ھێرتە و زیاتر لە ١٠ گوند بە دریژایی ١٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا و تا ئێستاش بەگشتی سوپای تورکیا بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر خاکی ھەرێمی بەزاندووە.

ئەمە یەکەمجار نییە سوپای تورکیا لەچوارچێوەی لەشکرکێشییەکانیدا بچێتە ناو گوندەکانەوە، رۆژی ٣١ ی ئایاری ڕابردووش ھێزێکی سوپای تورکیا بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکی جۆراوجۆرەوە چوونە ناو گوندی بەرمیزە لە سنوری ناحیەی سیدەکانی قەزای سۆران و لە مزگەوتی گوندەکە لەگەڵ خەڵکی گوندەکەدا کۆبوونەوە و پێیان وتبوون بۆ لێدان لە پەکەکە ھاتوون.

News Code 22003

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 2 =