هێزی چەکداری ئێران پێوشوێنی تیرۆریستان دەگرن

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری ئێران وتی: هێزی چەکداری مافی وەڵامدانەوەی توندی بە دوژمنانی گەلی بۆ خۆی لە هەر زەمان و شوێنێکدا هه‌یه‌.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرلەشکەر باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری لە پەیامێکدا هەڵمەتی تیرۆریستیی بەکرێ‌گیراوانی داگیرکەرانی ناوچەی کە بووە هۆی شەهید بوون و بریندار بوونی ژمارێک لە هاووڵاتیان لە ئەهوازی ئیدانە کرد و جەختی کرد: هێزی چەکداری بە گڕوتین‌تر لە ڕابوردوو پێوشوێنی تیرۆریستان و دەست و پەیوەندەکانیان دەگرێت و تا بنەبڕکردنی ئەو دیاردە دزێوە ناوەستێت.

دەقی پەیامەکە بە گوێرەی خوارەوەیە:

لە سەرودەمی نمایشی سەربەرزانەی لێهاتووییو توانستەکانی بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی حەوتەی بەرەڤانی پیرۆز، تاقمێک لە تیرۆریستانی گڵاو و دزێوی سەر بە داگیرکەر کە لە پاڵپشتیی ماڵی و بانگەشەیی هەندێک وڵاتی ناوچە بەهرە دەبەن، لە هەڵمەتێکی کوێری تیرۆریستی، خەڵکی بێ تاوانی ئامادە بووی ئەو ڕێوڕەسمەیان دایە بەر دەسترێژی گولە و بەو کارە ژمارێک لە هاووڵاتیانی خۆشەویستمان کوژراو و بریندار بوون؛ هەڵمەتێک کە لە باری سەربازییەوە هیچ جۆرە بایەخێکی ئۆپەراسیۆنی و هەواڵگریی بۆ ناکرێت.

ئەو جەنایەتە کە لە درێژەی خەیانەتی ٤٠ ساڵەی ڕابردووی داگیرکەران و دەست و پەیوەندە ناوچەییەکانی ئەنجام دراوە، هەر وەک ڕابردوو هیچ کەلێنێک ناخاتە ورە و ئیرادەی گەلی ئێران لە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی و ئایدیاڵەکانی؛ بەڵکوو چیەتیی پیس و گڵاوی دوژمنانی سوێندخواردووی ئێرانی ئیسلامی، ڕیزی گەلی دلێر و ئازای ئێران زیاتر لە جاران یەکگرتووتر و بەهێزتر دەکات.

من وێرای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرزی شەهیدانی ئەو هەڵمەتە تیرۆریستییە کوێرە و ئارەزووی چابوونەوەی برینداربووانی خۆشەویست، گەلی مەزنی ئێرانی ئیسلامی دڵنیا دەکەمەوە کە ڕۆڵەکانی ئەوان لە هێزی چەکداری، بە گڕوتین‌تر لە ڕابوردوو پێوشوێنی تیرۆریستان و دەست و پەیوەندەکانیان دەگرن و تا بنەبڕکردنی ئەو دیاردە دزێوە ناوەستن.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری لە کۆتایی ئەو پەیامە بە بیرهێنانەوەی هەڵوێستی ڕەقئەستوورانەی هەندێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ناوچە کە بە ئاشکرا باس لە گواستنەوەی نائەمنی بۆ ناو سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، هۆشداری دا کە وێرای پێداچوونەوە بە ئاکاری دژبەرانەیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەردەم گەلی مەزنی ئێران داوای لێبوردن بکەن؛ دەنا هێزی چەکداری مافی وەڵامدانەوەی توندی بە دوژمنان گەلی بۆ خۆی لە هەر زەمان و شوێنێکدا پاراستووە و جەنایەتکاران لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن، پێوشوێنیان دەگرێت.

News Code 21891

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 3 =