ئایا ئەمریکا متمانەی پێ دەکرێت؟

حەسەن ڕۆحانی لە سه‌روبه‌ندی سەفەری بۆ ئەمریکا لە یادداشتێکدا کە لە واشنتۆن پۆست بڵاوی کردەوە جه‌ختی کرد: متمانە کردن بە ئەمریکا مومکین نابێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دەقی گشتیی یادداشتەکەی حوجەتولئیسلام دوکتۆر حەسەن ڕۆحانی لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە سەرودەمی سەفەری بۆ ئەمریکا بۆ بەشداری لە هەفتا و سێهەمین کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گوێرەی خوارەوەیە:

کاتێک لە بەرواری ١٨ی گوڵانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرجام دەچێتە دەرێ، دوو بژێرەی لە بەردەم من دانا. یەکەم، منیش ڕاگەیێنم کە ئێران لە بەرجام دەچێتە دەرێ کە ئەو کارە دەبووە هۆی نائەمنی و ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەدا و دووهەم، پێدانی مۆڵەتی چەند حەوتەیی بە ئەندامانی دیکەی ناو بەرجام بۆ قەرەبووکردنەوەی پاشهاتەکانی دەرچوون و پێشێل کردنی ئەو ڕێککەوتنە لە لایەن ئەمریکا؛ ڕێککەوتنێک کە بەرهەمی هەوڵ و دانوستانی چڕ و دژواری ١٢ ساڵە بوو. بە مەبەستی پاسەوانی لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ڕێزنان لە ماف و یاساگەلی ناسراوەی نێودەوڵەتی، بژێرەی دووهەمم هەڵبژارد.

پێشبینیی ئەمریکا ئەوە بوو کە پاش دەرچوون لە بەرجام، ئێران-یش لە بەرجام دەچێتە دەرێ و بە ئاسانی دەتوانێ هاوپەیمانییەکی جیهانی لە دژی ئێران پێک بێنێت و تەواو گەمارۆکان بگەڕێنێتەوە. هەنگاوی ئێمە بۆ پێدانی دەرفەتی بەرتەسک بە ئەورووپا، بووە هۆی تێکچوونی تەواو هاوکێشەکانی ئەمریکا. لە لایەکی دیکەوە، گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئێران و ئەندامانی دیکەی بەرجام و داکۆکی ئەوان لە پاراستنی بەرجام، ئەمریکای تەریک خستەوە. ڕەنگە زۆر کەم پێش هاتبێت کە لە سەر بابەتێک، نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەورووپیی بەو ڕادەیە ناکۆکی و جیاوازی بێتە ئاراوە و ئەوە دەسکەوتی هەڵوێستی ڕەوای کۆماری ئیسلامی ئێران لە پرسی ناڤۆکی و دیپلۆماسیی چالاکی ئێران لە پرسی بەرجامە.

سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران نە تەنیا بە پێی ڕاستی و واقیعەکانی ئێستای ئێران، ناوچە و جیهانە و نە تەنانەت بە پێوەری بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا داڕێژاوە. وەرگرتنی زانیاریی هەڵە سەبارەت بە ئێران لە گرووپگەلی تیرۆریستی و ڕژیمی زایۆنی و شرۆڤەگەلی ناکارناسانە و ناوردبینانە هەمبەر بە گۆڕانکارییەکانی ئێران، بەرپرسانی ئەمریکای تووشی وەهمێکی وەها کردووە کە هەست دەکەن دەتوانن بە پیلانی گەمارۆ باج و هەڤیازی لە ئێران بگرن. گەلی ئێران سەلماندوویەتی کە لە بەرامبەر گوشاری دەرەکی هاوڕیز‌تر و یەکگرتووتر بووە و خۆڕاگریی زیاتر لە خۆ نیشان دەدەن، ئاوەها کە لە سەردەمی بەر لە بەرجام-یش ئەمریکا نەیتوانی بە گەمارۆ قورس و سەخڵەتەکانی گەلی ئێران ماندوو بکات و لە کۆتاییدا ئەوە ئەمریکا بوو کە ڕووی وەرگێڕا و پەنای بۆ دانوستان برد.

لە گفتوگۆکانی ئەم دواییە کە لە گەڵ وڵاتانی دیکەی ناو بەرجام بوومانە، جەختمان لەوە کردووە کە پرسی گرینگ بۆ ئیـە، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران لە بەرجامە و ئەگەر سەرەڕای دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام، بەرژەوەندییەکانی ئێران دابین بکرێت، لە بەرجامدا دەمێنینەوە و دەنا، رێگەیەکی دیکە دەگرینە بەر. لۆژیکی ئێمە ئاشکرا و ڕوونە. یان هەمووان لە بەرجام سوود دەبەن و یان هیچکام. بێدەنگی هەمبەر بە زلهێزیی ئەمریکا و گوشار خستنییە سەر وڵاتان بۆ داخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لە گەڵ ئێران، بە ئاشکرا دژی هەر هەموو یاساگەلی ناسراوەی نێودەوڵەتییە و لە گەڵ هیچ لۆژیکێک ناخوێنێتەوە و ئێمە خۆشمان لەوبارەیەوە بێدەنگ نابین.

پێشنیاری بەڕێز ترامپ بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ و بە بێ مەرج لە ئێران راستگۆیانە نییە. ئێمە بڕوا بە پێشنیاری ئەو بکەین یان وتەکانی وەزیری دەرەوەیان کە مەرجی گفتوگۆ لە گەڵ ئێرانی وەدی هێنانی چەندین خاڵ دیاری کردووە کە ئیهانە و سووکایەتی ئاشکرایە بە گەلی ئێران؟ جگە لەوە، ئێمە چۆن دەتوانین متمانه بە ئەمریکا بکەین لە کاتێکدا کە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان و پەسندەکانی ئەنجومەنی ئاسایش کە خۆی بەڕێوەبەریەتی، پێشێل دەکات و هەڕەشەی سزا و تەمێ کردن دەخاتە سەر وڵاتانی دیکە بۆ جێبەجێ کردنی پەسند کراوەکان؟ داسەپاندنی گەمارۆکان و خەڵکی ئێران تووشی سەخڵەتی کردن بە تایبەت لە بواری دەست گەیشتنی خەڵکی بە دەرمان و بێ بەش کردنی گەلی ئێران لە کڕینی فرۆکەی موسافیری کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە ئاسایشی گەشتەکان، بە چ شێوەیەک پاساو دەدرێتەوە؟ پێدەچێت کە دەوڵەتی ئەمریکا بە دوای تۆڵە ستاندنەوە لە گەلی ئێرانە و ڕوون و ئاشکرایە کە پاگەندەی لایەنگریی لە خەڵکی تەواو پڕوپووچ و ئاژاوەگێڕانەیە.

من دڵنیام کە ئەمجارەش ئەمریکا ناچار دەبێت هەڵوێستی بگۆڕێت. گفتوگۆکانمان لە گەڵ لایەنە بازرگانییەکانمان بەردەوامە و داهاتوویەکی گەش لە پەیوەندییە نێودەولەتییەکان لە بەردەم ئێرانە. ئەو ڕاستییە رۆژ بە رۆژ ئاشکراتر دەبێ کە زۆربەی هەرە زۆری ولاتانی جیهان دژی سیاسەتی یەک لایەنەی ئەمریکان و تاقەتی فەرمان بیستن لە ئەمریکایان نییە. ڕەنگە لە کورتە مەودادا لە پەیوەندیگەلی ئابووری لە گەڵ هاوپەیمانانمان تووشی کێشە بین، بەڵام هەر دوو لا لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکان هەوڵ دەدەن و ئەو دۆخە نگریسە درێژەی نابێت.

ئێمە خەڵکی گفتوگۆ و لوژیکین. هەر بۆیە هەنگاومان ناوەتە ناو دانوستانەکانی بەرجام و بە سەربەرزی لێی هاتینە دەرێ و هەر بۆیە دەڵێن ڕەمز و سیمبۆلی سەلماندنی نیاز پاکیی ئێران لایەنەکانی لە گەڵ دانوستان، بە تایبەت ئەمریکا، جێبەجێ کردنی ڕاستگۆیانەی و تەواوی بەرجامە. رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە سەردەمی دانوستانەکان فەرموویان کە ئەگەر ئێمە لە بەرجامدا ڕاستگۆییمان لە لایەنی بەرامبەر بینی، ڕێ خۆش دەبێت بۆ گفتوگۆ لەبارەی پرسەکانی دیکەی نێوان لایەنەکان. بە داخەوە هەڵوێستی ناڕاستگۆیانە و هەڵەی ئەمریکا لە جێبەجێ کرانی بەرجام – هەر لە رۆژی هەوەڵەوە تا کاتی دەرچوونی نایاسایی لە بەرجام- سەلمێنەری ناڕاستگویی ئەمریکا لە جێبەجێ کردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانیەتی.

گەلی ئێران لە ماوەی زیاتر لە ٢٥٠ ساڵی ڕابردوو دەستدرێژی نەکردۆتە سەر هیچ وڵاتێک و لە هەمان کاتدا دژی هەر جۆرە داگیرکاری و دەستدرێژی بۆ سەر خاکەکەی لە لایەن بیانییەکانەوە ڕاپەریوە و وەستاوە. چەکی ئێمە ئاشتییە. ئێمە هەر وەک لە بەرامبەر داگیرکاراندا دەوەستین، لە ئاشتیشدا شلگێرانەین و ڕاستگۆیانە و دڵگەرمانە وەڵامی هەر جۆرە هەنگاوێکی ئاشتی خوازانە دەدەینەوە.

News Code 21857

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 2 =