هۆکارەکانی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە کەنداوی فارس

"ئارشین دەبیر مۆقەدەم" بە ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە کەنداوی فارس و هاوبەشی سەربازیی ئەم وڵاتە لە گەڵ وڵاتی قەتەر، جارێکی دیکە جەختی لە پێویستیی چێکردنی بینای ئەمنی لە ناوچە و بە هاوبەشی وڵاتانی کەنداوی فارس کرد.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- پەیمان یەزدانی: کردنەوە و دامەزراندنی بنکەی سەربازیی هەمیشەیی لە قەتەر لە لایەن تورکیا و ئامادەبوونی ٣ هەزار هێزی تورک لەو بنکەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە تورکیاش بچێتە ڕیزی وڵاتانێک کە ڕاستەوخۆ هەنگاو دەنێنە ناو میکانیزمە ئەمنییەکانی ناوچەی کەنداوی فارس.

ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە کەنداوی فارس لە کاتێکدایە کە فەڕەنساش پێشتر بۆ سازدانی بنکەی سەربازی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەوڵی داوە و هەروەها بەریتانیا و ئەمریکاش لە بەحرەین بنکەی سەربازییان کردەوەتەوە.

ئامادەبوونی سەربازیی بەربڵاوی تورکیا لە کۆمەڵەی هاوپەیمانانی سەربازی خۆی لە ناتۆ و لە ناوچەی کەنداوی فارس، نیشاندەری چرا سەوزی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناتۆ بۆ ئامادەبوونی تورکیا لە نێوانیاندا لە کەنداوی فارسە، هەروەها هێمایەکە بۆ حەز و تامەزرۆی وڵاتانی چکۆلەی شێخ نشینی عەرەبی کەنداوی فارس بۆ کردنەوەی پای ناتۆ بۆ ئەم ناوچەیە.

جگە لە ناتۆ، تورکیا ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی لە گەڵ دوو وڵاتی دیکەش واژۆ کردووە، یەکیان لە گەڵ قێبرێسی تورک نشینە و ئەوی دیکەیان لە گەڵ کۆماری ئازەربایجانە کە بە پێی ئەو ڕێککەوتننانە هەر چەشنە دەسترێژییەک بۆ خاکی هەرکام لەو وڵاتانە، دەسترێژی بۆ خاکی ئەوی دیکەیان وێنا دەکرێت.

هەروەها لە حەوتەکانی ڕابردوو چەندین هەواڵ لەبارەی کردنەوە و دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە لایەن تورکیاوە لە سۆمالی بڵاوکراوە کە لە گەڵ هەواڵی دروستکردنی یەکەمین کەشتیی فرۆکەهەڵگری ئەو وڵاتە کە بڕیارە لە ساڵی ۲۰۲۳ بۆ ڕاسپاردراوە نێوان قارەییەکان بخرێتە ئاوەوە، سەلمێنەری هەوڵی بەربڵاوی ئەم وڵاتە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی سەربازی لە ناوچەی کەنداوی فارس و لە باکووری ئەفریقا و ئەقیانووسی هیندە.   

لە وتووێژ لە گەڵ پرۆفیسۆر "ئارشین ئەدیب مۆقەدەم" مامۆستای قوتابخانەی توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی و ئەفریقایی زانکۆی لەندەن و سەرۆکی گرووپی توێژینەوەی ئێرانی ئەم زانکۆیە ئەم باسەمان تاوتوێ کرد. کتێبی "سیاسەتی نێودەوڵەتی لە کەنداوی فارس" یەکێکە لە کتێبە گرینگەکانی ئەدیب مۆقەدەم و هاوکات یەکێکە لە دەقە شازەکان بۆ لێکدانەوەی پرسە گرینگە هاوپەیوەندەکان بە کەنداوی فارس. کۆی ئەو دیمانەیە لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* تورکیا دەیەوێ بنکەیەکی سەربازی هەمیشەیی لە قەتەر دامەزرێنێت کە ٣٠٠٠ هێزی سوپای تورکیا تێیدا جێگربن، ئامانجی تورکیا لەوبوارەدا چۆن لێک دەدەنەوە؟

ـ ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە نیشاندەری ئەوەن کە ناوچەی کەنداوی فارس بەرەوڕووی لە دەستدانی ناوچەگەریی ئەمنییە. بۆ دەیەگەلێکی زۆر وڵاتانی پەراویزی کەنداوی فارس نەیانتوانیوە بینایەکی ئەمنی بۆ خۆیان چێ بکەن. شەڕە یەک لە دوای یەکەکان و سەرەتا لە نێوان ئێران و عێراق (۱۹۸۰-۱۹۸۸) و پاشان شەڕەکانی ئەمریکا لە گەڵ سەدام حسێن باری نائەمنیی لە ناوچەدا دەروونی کردەوە. ئەمڕۆکە وڵاتانی چکۆلەی پەراوێزی کەنداوی فارس و لەوان قەتەر بە دوای دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی لە دەرەوەی ناوچەیە؛ لە هەر رێگایەکەوە کە مومکینە. ئەمە هەمان شتە کە وڵاتێکی چکۆلە لە سەرودەمی ململانێی دەسەڵاتە ناوچەییەکان بە ناچار پەنای بۆ دەبات. قەتەر بە بانگهێشتی تورکیا سەرقاڵی ئاڵۆگۆڕکردن بە ئیئتیلافە ئەمنییەکانی خۆیەتی. ئەم کارەی قەتەر بەو مانایە دێت کە زیاتر لە ئێران متمانەی بە تورکیایە و ئەمەش نیشاندەری بوونی کێشەگەلێکی گرینگ و بەربڵاو لە فەرهەنگی ئاسایشی ناوچەیە. لە ڕوانگەی تورکیاوە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە کەنداوی فارس خاوەن بایەخگەلێکی هێماییە. ئەم بابەتە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ئاستی زاڵبوونی ژئێۆپۆلیتیکیی تورکیا بە سەر ناوچەدا کە لە باری پراتیکەوە پاش ڕووخانی ئیمپراتووڕیی عوسمانی لێی بێ بەهرە بووە.

* هەندێک لایان وایە کە ڕێککەوتنی سەربازیی وڵاتانی پەراوێزی کەنداوی فارس لە گەڵ دەسەڵاتە سەروناوچەییەکان نیشاندەری ناکارامەبوونی میکانیزمی سەربازیی هاوبەشی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارسە. ڕای ئێوە لەمبارەوە چییە؟

ـ هەروەک ئاماژەتان پێ‌دا، پرسی سەرەکیی دینامیکیای ئێران، ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارسە کە دژبەرانەیە. هەروەها قەتەر بە نیسبەتی ئامانجەکانی عەرەبستانی سەعوودیش هوشیارە. قەتەر وەک وڵاتێکی چکۆلە لە سیستەمی نێودەوڵەتی تا ڕادەیەک ناچارە کە پەرەبدات بە هاوبەشییە ئەمنییەکانی خۆی. بەردوام پای زلهێزێک کراوەتەوە بۆ ناو هاوڕیزییە ئەمنییەکاندا. بەڵام بە مەبەستی رێگری لە دەروەستبوونی لە ڕادەبەدەر بە لایەنێک، وڵاتانی وەک قەتەر لە ناوچەیەکی ناپاوەجێی وەک رۆژئاوای ئاسیا بەردەوام بە دوای شەریکگەلێکی ئەمنیی بەربڵاوترەوەن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی ئێران نابێ بەشێک بێت لە گردبوونەوەی ئەمنیی رۆژئاوای کەنداوی فارس. دەزگای دیپلۆماسیی ئێران دەبێ وردبێتەوە لە هۆکارەکانی ئەم بابەتە و چارەسەریی ناکۆکییە ڕوو لە زیادبوونەکانی لە گەڵ عەرەبستانی سەعووذی. بە هۆی چیەتیی ڕایەڵئاسای سیستەمی نێودەوڵەتیی ئەمڕۆ، سەردەمی سیاسەتی دەسەڵاتی سەخت بە سەرهاتووە و دیپلۆماسیی بنەمای گەشەسەندنی گۆڕانکاریی نەتەوەیی و ناوچەییە. سەرەڕای ئەوە ئێران بە بێ پەیوەندی لە گەڵ ناوچەدا ناتوانێت سەرکەوێت و هەروەها ناوچەش بە بێ ئامادەبوونی ئێران ناتوانێ بە گەشە و پێشکەوتن بگات.

* لە ئێستادا ڕیسای ئەمنیی کەنداوی فارس بە پێی تەکوزی و پاوەجێی هێژمۆنیکی ئەمریکایە و لە لایەکی دیکەوە شاهیدی وەرسووڕانی تەرکیزی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناڤینەوە بەرەو ئاسیاین. ئایا ئامادەبوونی سەربازیی هەندێک لە وڵاتان لە ناوچەدا و لەوان تورکیا، فەڕەنسا و بەریتانیا بەو مانا نییە کە ئەمریکا دەیەوێ ئامادەبوونی سەربازیی خۆی لە کەنداوی فارس کەم کاتەوە؟

ـ ئەمریکا پێویستی بەوە نییە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناڤین، ناوچەکە بخاتە ژێر زەختی سەربازیی خۆی. بیر لە دەیەی ۱۹۷۰  بکەنەوە، بە هۆی ڕیسای دوو ئەستوونیی نیکسۆن، دەسەڵاتە ناوچەییەکانی وەک شای ئێران و عەرەبستانی سەعوودی ئەرکی دابین کردن و تۆکمەکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا (لە رێگاگەلی جۆراجۆری وەک سەرکوتکردنی بزووتنەوە مارکسیستییەکان، دابین کردنی ئاسایشی ڕەوتی ئازادی نەوت و کۆنتڕۆڵکردنی شۆڕشەکان) یان لە ئەستۆ بوو. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمریکا لە هێنانی هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆی وەک فەڕەنسا، بەریتانیا و تورکیا لەوسونگەوە بەهرە دەبات، چونکا ئەوان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا هاوپشکن. پاش شەڕی کارەساتاویی عێراق لە ساڵی ۲۰۰۳ بلیمەتانی سیاسیی دەسەڵاتداری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێگەیشتوون کە ئەوە دەسەڵاتی سەربازی نییە کە دەسکەوتی ستراتژیکی بەدواوەیە. ئەمریکا ساڵی ۲۰۰۳ لە شەڕدا لەباری سەربازییەوە سەرکەوت، بەڵام لە سونگەی ستراتژیکەوە لە عێراق و شوێنەکانی دیکە دۆڕاندی. ئەمریکا بووەتە دەسەڵاتێکی پاش کلۆنیالی، تەواو شەکەت لە شەڕ و ململانێ نێودەوڵەتییەکانە. لە ئەمریکای لاتین، لە ئاسیای رۆژهەڵات و تەنانەت لە ئەفریقا دەسەڵاتی ئەمریکا ڕووی لە کزی ناوە. تەنیا لە ئاسیای رۆژئاوایی و باکووری ئەفریقایە کە جەماوەر هێشتا هەستیارن بە نیسبەتی ئەمریکا و ئەمانەش پاشماوەی زەینی کلۆنیالییە. راستییەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا سەرقاڵی پاشەکشێی سەربازییە، چونکا هەم سیستەمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخ چیتر پشتیوانی لە شەڕ ناکات و هەمیش تێچووە قورسەکانی شەڕی دەرەوەیی لە دەرەتانی ئەو وڵاتەدا نییە.

* تورکیا دەڵێت کە دەیەوێ بنکەیەکی دیکەی سەربازی لە سۆماڵیدا دامەزرێنێت و چینیش بڕیارە بنکەیەک لە جیبۆتیدا بکاتەوە. ڕێککەوتنی ئەمریکا لە گەڵ جیبۆتی بۆ بنکە سەربازییەکەی کۆتایی پێ‌هاتووە. بەو پێیە دەکرێت بڵێین کە ئەمریکا دەیەوی ئەرکی تەیارکردن و دابین کردنی ئاسایشی تەنگەی بابولمەندەب ڕادەستی هاوپەیمانەکانی و لەوان تورکیا بکات؟

ـ بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە تورکیا ئەندامی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ)یە. ئەم وڵاتە بە نیسبەتی ژێرخانە سەربازییەکانی لە ژێر چاوەدێریی ئەمریکایە. تەواو ستراتژیستە دەریاییەکان ئاگاداری گرینگیی تەنگەی بابولمەندەبن. بەڵام هەر وەک ئاماژەی پێدرا کاتێک ئەمریکا متمانەی بە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە، چیتر پێویست بە زاڵبوونی سەربازیی راستەوخۆ بە سەر ئەم ناوچەیەدا ناکات.

بابولمەندەب بە زمانی عەرەبی واتە دەروازەی فرمێسکەکان و دەبێ هیواداربین کە سەربازیی کردنەوەی ئەم شوێنە گرینگە ستراتژیکە لە نەخشەی نێودەوڵەتی نەبێتە دۆڵی فرمێسکەکان بۆ جەماوەری ناوچەکە. جەماوەری ناوچە لە راستیدا هیچ بەهرەیەکیان نەبردووە لە هیچکام لەو گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکیانە کە بە گشتی لە دەرەوەی دەسەڵات و دەرەتانی ئەوانە.

* بە ئاوردانەوە لە تەواو گۆرانکارییەکان و لەوان دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە ناوچە لە لایەن فەڕەنسا، بەریتانیا و تورکیا داهاتووی ڕیسای ئەمنیی کەنداوی فارس چۆن دەبینن؟ ئایا دابین کردنی گشتیی ئەم ئاسایش و ئەمنییەتە لە رێگای سڕینەوەی ئێران و عێراق مومکینە؟

ـ نا، هەر وەک چەندین جار لەم دیمانەیە و لە کتێبی "سیاسەتی نێودەوڵەتی لە کەنداوی فاسر" ئاماژەم پێداوە هەر بینایەکی ئەمنی لە ناوچەدا دەبێ گشگیر بێت. وڵاتانی پەراویزی کەنداوی فارس دەبێ یەکەمین پێشخەرانی ئەو سیستەمە ئەمنییە بن، چونکا ئەوانن کە زۆرترین پشکیان لە پاراستنی ئاسایشدا هەیە. ئەکتەرانی دەرەوەییش دەتوانن بەو لیستەوە زیاد بکرێن، بەڵام جەخت دەکەم کە هێنانی ئەکتەرانی بیانی و دەرەوەیی دەبێ بە پێی هاوڕایی هەموو لایەنەکان بێت. چەند جارێکیش لە میدیاکانی ئێرانی و ئەمریکایی وەک CNN خوازیاری بنیاتنانی ڕێکخراوێک بۆ ئاشتی و هاوکاری لە رۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا بووم. من وەک رۆشنبیرێک بە دوای ڕاپەراندنی بەرپرسایەتییەکانم سەبارەت بە ئایدیاگەلێک لە پێناو جێگرکردنی ئاشتییەوەم. ئەمە کاری منە. ئەمە ئەرکی بڕیاردەرانە تا ئایدیاکانی ئاشتی بکەنە ئایدیای سیاسی. ئایا ئەوان دەتوانن وا بکەن؟ تا ئێستا کە نەیانتوانیوە و ئاکامەکەشی کوشتوبڕ و مەرگی جەماوەری ناوچە بووە.

News Code 2095

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 11 =