کوردێک گەورەترین خەڵاتی بیرکاری جیهانی وەرگرت

کوردێکی ئێرانی کە لە وڵاتی بریتانیا پەنابەر بووە گەورەترین خەڵاتی بیرکاریی ساڵی ۲۰۱٨ی پێ بەخشرا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر لە گاردیەن، کۆچەر بیرکار، مامۆستا و پرۆفیسۆر لە زانکۆی کەمبریجی بەریتانیا وەک یەکێک لە براوەکانی گەورەترین خەڵاتی بواری بیرکاری ڕاگەیەندرا.

کۆچەر، لە ساڵی  ۱۳٥۷ی هەتاوی  لە شاری مەریوان لە کوردستانی ئێران لە دایک بووە، خوێندنی بنەرەتی و ناوەندیی و دواناوەندی لە مەریوان تەواو کردووە، پاشان بۆ خوێندنی زانکۆ روو ئەکاتە شاری تاران و لە زانکۆی تاران براوانامەی بەکالۆریۆس لە ماتماتیکدا بە دەست دەهێنێت.

دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، وەک پەنابەر روو دەکاتە وڵاتی بەریتانیا و لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠١- ٢٠٠٤ بروانامەی دکتۆرا (PhD) لە ماتماتیکدا لە زانکۆی نۆتینگهام بەدەست  دەهێنێت، لە ساڵی ٢٠٠٣ دا خەڵاتی جڤاتی بیرکاریانەی لەندەن( London Mathematical Society)ی پێبەخشرا وەک "ئایندەرۆشنترین خوێندکاری دکتۆرا" ئەو شانازییەی پێ بەخشرا.

وەک یەکێک لە چالاکترین و کاراترین ماتماتیکزانە هاوچەرخەکان دادەنرێت لە سەرانسەری جیهاندا لە بواری ئەندازە و جەبر و هاوکێشە ئاڵۆز و فرەژمارەییەکاندا.

هەر لەمبارەوە، پرۆفیسۆر فێزێنکۆ، مامۆستای سەرپەرشتیاری دوکتۆرای کۆچەر بیرکار بە ڕۆژنامەی گاردییەنی ڕاگەیاند: کاتێک لە زانکۆی نۆتینگهام کۆچەر هات بۆ لام ئینگلیزییەکەی باش نەبوو و ئیدارەی پەنابەران پشتگیرییان لێ کردبوو. بیرم کردەوە دەبێ چەند مەسەلەیەکی بیرکاری پێ بدەم کە سێ چوار ساڵ وەک پرۆژەی دوکتۆرا پێوەی سەرقاڵ بێ. پاش سێ مانگ کۆچەر وەڵامی هەموو پرسیارەکانی بۆ هێنامەوە! 

ئەو لە درێژەدا وتی: کۆچەر زۆر زۆر زیرەک و ژیرە. کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەی دەتوانێ فکرت بخوێنێتەوە و ئاگای لەوەیە کە دواتر دەتهەوێ باسەکە بەرەو کوێ بەری. بەڵام هیچ کات ئەم توانایە بۆ بەرژەوەندی شەخسیی خۆی بەکار ناهێنێت. کۆچەر مرۆڤێکی هەتا بڵێی بەڕێزە، هەموو کات هەوڵ دەدات یارمەتی کەسانی دیکە بدا کە خۆیان پێ بگەیەنن.

ئەم مامۆستا کوردە کە ئێستە ناوبانگی جیهانی دەر کردووە، خەڵاتەکەی خۆی پێشکەش بە هەموو کوردی جیهان کردووە و وتی: هیوادارم ئەم خەڵاتە نەختێک بزە بخاتە سەر لێوی هەوموو خەڵکی کورد.

News Code 20710

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha