دەسپێکی فازی نوێی ئۆپراسیۆنی ڕەوانی دژی به‌ره‌ی به‌رخۆدان

تورکیا و عەرەبستان کە لە هیچ هەوڵێک بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی سووریا نەوەستاون، لە ئێستادا شەڕێکی ڕەوانیی نوێیان دژی ڕەوتی به‌ره‌ی به‌رخۆدان دەست پێکردووە، بەڵکوو لەو پێناوەدا تاڵانێکی هەر چەند چکۆلەش بێت، بە دەست بێنن.

بەشی نێودەوڵەتی- ئاژانسی هەواڵی مێهر: پاش لێدوانە پڕهه‌راکه‌ی "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا دژی ئێران، "عادڵ جەبیر" وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش لێدوانێکی هاوشێوەی هەمبەر بە ئێران دەربڕی.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە لێدوانێک بۆ کەناڵی "سی ئێن ئێن" ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە بە ڕەوانەکردنی هیزی چەکدار لە ئەفغانستان، عێراق و پاکستان بۆ سووریا لە پێناو پشتیوانی لە بەشار ئەسەد، پەرەی داوە بە تەنگژەکانی ئێتنیکی و ئایینی لە ناوچەدا.

کریستییەن ئەمانپوور هەواڵنێری "سی ئێن ئێن" لە بەشێک لەو دیمانە کە رۆژی هەینی ۲۳ ی ڕێبەندان بڵاوبووەوە، ئاماژەی بە لێدوانەکانی محەمەد جەواد زەریف سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتبووی: ئێمە حەز بە بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ عەرەبستان ناکەین و نامانەوێ ئەو وڵاتە لە ناوچە بکەینە دەرەوە. بە داخەوە عەرەبستان تووشی وەهم هاتووە و لای وایە بە پشتیوانیی وڵاتانی رۆژئاوایی دەتوانێت ئێران لە هاوکێشەی دەسەڵات لە ناوچەدا بسڕێتەوە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی عەرەبستان جەختی لەوە کرد کە وڵاتەکەی هەرگیز هەڵوێستێکی دژبەرانەی هەمبەر بە ئێران نەگرتووەتەبەر.

جەبیر لە درێژەدا و لە وەڵامی ئەو پرسیارە کە چلۆن دەکرێت بە گشت ناکۆکییەکانەوە لە گەڵ ئێران بۆ چارەسەریی کێشەی سووریا دانوستان بکرێت، وتی: ئێمە بەردەوام وتوومانە کە خوازیاری پەیوەندییەکی باش لە گەڵ ئێرانین، بەڵام دراوسێکان دەبوو بە پێی پرێنسیپی پەیوەندیی نیازپاکانە و بەبێ دەستێوەردان پێکەوە هەڵسوکەت بکەن.

عادڵ جەبیر لە بەشێکی دیکە لەو دیمانە سەبارەت بە شەڕی ناوخۆیی سووریا، زیادی کرد: ڕیاز لە سووریا لە هەر چەشنە رێگەچارەی سیاسی بە بێ ئەوەی بەشار ئەسەد بەشێک لەو پڕۆسەیە بێت، پشتیوانی دەکات. بەشار ئەسەد لە سەر دەسەڵات لادەبرێت و ئەم کارە لە رێگای پڕۆسەیەکی سیاسی یان بە زۆر ئەنجام دەدرێت.

فەرامۆشی یان چاونوقاندن لە سەر راستییەکان

عادڵ جەبیر لە کاتێکدا ئەم ئیدعایانەی ئاراستە دەکرد کە تا ئێستا ڕاپۆرتەکان و بەڵگە حاشاهەڵنگرەکان سەبارەت بە پشتیوانیی عەرەبستان لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە جێ جێی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. جگە لەوە گرووپە دژبەرەکانی ئێستای سووریاش بە وەرگرتنی پشتیوانیی ڕیاز تا ئێستا توانیویانە درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن.

سەبارەت بە دەستێوەردان و هەوڵ بۆ ڕووخاندنیش، هێشتا جیهان بەڵگەکانی ویکی لیکس کە بەشێکی سەبارەت بە لۆبی عەرەبستان لە گەل ئەمریکا بۆ ڕازی کردنی واشنتۆن لە پێناو هێرش بۆ سەر ئێرانی لە بیر نەبردووەتەوە. بە پێی ئەو بەڵگانە عەرەبستان بڕیاری دابوو کە تەنانەت تێچووی هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێرانیش لە ئەستۆ بگرێت.

وەدەچێت کە عادڵ جەبیر لەو پەیوەندییەدا یان تووشی فەرامۆشی هاتووە و یان ئەوەی کە بە هۆی کەم ئەزموونیی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی چاوی خۆی لە ڕووی راستییەکان داخستووە.

هێرش لە پێناو مسۆگەرکردنی هەڤیازی

ئەو لێدوان و ئیدعا بێ بنەمایانە لە کاتێکدا ئاراستە دەکرێن کە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی سووریا دەرخەری پێشڕەویی زیاتری هێزی بەرخودان و هەروەها ئیمکانی ئاگربڕ لە ماوەی رۆژانی داهاتووە.

لەمناوە ئەو گرووپانەی کە لەماوەی ٥ ساڵی ڕابردوو، لە پێناو  ڕووخاندنی حکوومەتی سووریا تێچوویەکی زۆریان لە لایەن عەرەبستان و تورکیاوە بۆ خەرج کراوە، نەیانتوانیوە ڕیاز و ئەنقەرە بە ئامانجی خۆیان بگەیێنن، هەر بەو پێیە دوای گەڵاڵەدرانی پلانی ڕەوانەکردنی هێزی زەوینیی عەرەبستان بۆ سووریا و پشتیوانیی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی لەو پلانە، لە ئێستادا پڕۆژەی هێرش بۆ سەر بەرخودان و لە سەرەوەی هەموویان ئێران، سەرخراوە.

نابێ فەرامۆش کەین کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕەوتی نوێی دانوستانەکانی ئاشتیی سووریا لە ژێنێڤیش تورکیا و عەرەبستان هێرشێکیان لە دژی ڕووسیا خستبووەڕێ کە لە لایەن ئەمریکاشەوە پشتیوانی لێ‌دەکرا و ئەم سێ وڵاتە بە شێوەی هاوکات بە دەربڕینی ئەم بابەتە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە جەماوەری سووریا لە هێرشی فرۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا بۆ سەر سووریا کوژراون و بەو پێیە ئەمان خوازیاری وەستانی هێرشەکانی سووریا بۆ سەر مۆڵگەی گرووپە تیرۆریستییەکان بوون.

لەو ڕووەوە دەکرێت بڵێین کە وڵاتانی پشتیوانی گرووپە تیرۆریستییەکان بە هێرش بۆ سەر ڕەوتی خۆڕاگری، لە لایەکەوە بەدوای کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر گرووپە تیرۆریستییەکان و رێگری لە پاشەکشێی زیاتری ئەوانن و لە لایەکی دیکەوە بەدوای مسۆگەر کردنی هەڤیازیگەلی دیپلۆماتیک بۆ ململانێی زیاتر لە جارانی ئاگربڕن، بەڵکوو لەو رێگاوە بتوانن تاڵانێکی باش بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.

News Code 1997

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 4 =