سائێرۆن، وەتەنییە و حیکمە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقیان پێکهێنا

لیستەکانی سائێرۆن و وەتەنییە و حیکمە کە موقتەدا سەدر و ئەیاد عەلاوی و عەمار حەکیم سەرۆکایەتیان دەکەن، هاوپەیمانەتییەکیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق ڕاگەیاند و لە سەر ۱۲ خاڵ ڕێککەوتوون.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە "بغداد الیوم"، هەریەک لە لیستەکانی سائێرۆن، ڕەوتی حیکمە و هاوپەیمانی وەتەنییە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پێکەوە و لە گەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە، زۆرینەی پەرلەمانی پێک بهێنن.  ئەندامی لیژنەی دانوستاندنی ڕەوتی حیکمە دەڵێت: "لێکگەیشتنی قووڵ لە نێوانماندا هەیە و دەرگامان کراوەیە بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە".

نەسار ڕەبیعی، حەسەن عاقوولی و ڕافع عەبدولجەبار به نوێنەرایەتی لە هاوپەیمانی سائێرۆن بە ۵۴ کورسیی پەرلەمان، کازم شمری، مەهنەد حیسامەدین و محەمەد شاکر به نوێنەرایەتی لە هاوپەیمانی وەتەنییە بە ۲۲ کورسی و ئەحمەد فەتلاوی و فادی شمری-یش بە نوێنەرایەتی لە ڕەوتی حیکمە بە ۱۹ کورسی، ڕێککەوتنی "زۆرینەی نیشتیمانیی باوکایەتی"یان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی فراکسیۆنی پێکهاتوو لەوان بە ٩٥ کورسی لە ئێستادا ببێتە گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا.

هاوپەیمانییەکە لە ژێر ناوی "زۆرینەی نیشتیمانیی باوکایەتی" پێکهێنراوە و لە سەر ١٢ خاڵ ڕێککەوتوون کە بریتین لە:

١ـ زۆرینەی نیشتیمانیی باوکایەتی.

٢ـ یەکپارچەیی عێراق و پاراستنی دەستوور و چەسپاندنی دیموکراسی و ئازادیە گشتییەکان.

٣- هاوپەیمانەتییەکە دەرگای لە بەردەم لایەنەکانی تر واڵایە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و تەنها پشت بە خۆی نابەستێت.

٤ـ کوتلەی زۆرینەی نیشتیمانیی باوکایەتی بەرنامەیەک بۆ حکوومەت دادەنێت و وادەش بۆ جێبەجێکردنیان دیاری دەکات، بەرنامەکە ئەم بنەمایانە لە خۆدەگرێت:

ـ چاکسازیی ئابووری و چالاککردنی کەرتی تایبەت و گەشەپێدانی وەبەرهێنان.

ـ لامەرکەزییەت.

ـ بە سیاسی نەکردنی دامەزراوە ئیداری و سەربازییەکانی حکوومەت.

ـ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و ڕێگری لە بە سەربازیکردنی کۆمەڵگە.

ـ چاوخشانەوە بە بڕیارەکانی ڕژێمی پێشوو لە ماوەیەکی دیاریکراودا.

ـ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕەخسانی هەلی ژیان بۆیان.

ـ دروستکردنی ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی لە ماوەی شەش مانگ لە دروستکردنی حکوومەتەوە.

٥ـ بەرنامەی حکوومەت میکانیزمی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لەخۆدەگرێت.

٦ـ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەرنامەی کاری حکوومەت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ دەکات.

٧ـ تایبەتمەندیی ئەم پۆستانە دیاری دەکرێت (سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی حکوومەت، کابینەی حکوومەت، ئەو پۆستانەی لە دەستوور ناویان هاتووە لەگەڵ نەهێشتنی بەڕێوەبردنی بەوەکالەت).

٨ـ دەستە سەربەخۆکان لەگەڵ کابینەی حکوومەت جێگیر دەکرێن.

٩ـ زامنکردنی سەربەخۆیی دادگا و چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەری.

١٠ـ دروستکردنی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دوور لە دەستێوەردان.

١١ـ دانانی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ و کارکردن پێی لە ماوەی ٢ ساڵدا.

١٢ـ دروستکردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و یەکسانی، ئەویش بە دەرکردنی یاسا.

ئەم هاوپەیمانییە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەبێت، کە ژمارەی کورسییەکانی لە ١٠٠ کورسی تێپەڕ دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەند نەکراوە و پەرلەمانیش بڕیاری داوە تەواوی دەنگەکان بە شێوەی دەستی ببژێردرێنەوە.

News Code 19364

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 6 =