١٠ بەربژێری شیمانەیی سەرۆک وەزیرانی عێراق

گۆڤارێکی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ۲۰۱۸ی عێراق، ڕوانییە ١٠ بەربژێری شیمانەیی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماریی ئەو وڵاتە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، گۆڤاری فاریەن پالیسی لە ڕاپۆرتێکدا ڕوانییە پێگە و کەسایەتیی ١٠ بەربژێری شیمانەیی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماریی عێراق کە بریتین لە:

ـ حەیدەر عەبادی، کە ئەگەرچی هاوپەیمانییەکەی پلەی سێهەمی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مەی بە دەست هێناوە، بەڵام بەوەشەوە لە سەرووی تەواو بەربژێرەکانە. ناوبراو لە بنەماڵەیەکی ناسراوەی عێراقییە و ٦٦ ساڵ تەمەنیەتی و ئەندازیاری کارەبا و دەرچووی زانکۆکانی بەریتانیایە. عەبادی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە سەرۆک وەزیرانی عێراقە و لەو کاتەوە هەمبەر بە دراوسێکانی عێراق سیاسەتی نیازپاکانەی گرتۆتە بەر.

ـ عەلی دوای، ٥٣ ساڵە کە لە ٢٠٠٩وە پارێزگاری میسان لە باشووری عێراقە. بە وتەی ڕاگەیاندنەکان ناوبراو بەربژێری موقتەدا سەدر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانە و بەو پێیە خاوەن پاڵپشتیی لیستی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنەکانی عێراقە. دوای کەسایەتییەکی خەڵک خۆشەویست و ڕوونی هەیە و لە کاتێکدا کە زۆربەی سیاسەتوانانی عێراقی بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی هاتوچۆ دەکەن، ئەو بە ناو شەقامەکانی شاری عەمارەی ناوەندی پارێزگای میسان-دا پیاسە دەکا و لە پەنای کرێکارانی ئەو شارە عارەق دەڕێژێت.

ـ هادی عامری، ٦٣ ساڵە و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کە لیستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مەیدا، دووهەمی هێناوەتەوە. ناوبراو لە فەرماندەیی شەڕەوە هەنگاوی ناوەتە جیهانی سیاسەتەوە و پاشان دووبارە ڕووی لە فەرماندەیی شەڕ کردووە و لە هەڵبژاردنەکانیشدا گەڕاوەتەوە بۆ باوەشی سیاسەت. کارناسان لە سەر ئەو بڕوایەن کە ئەو دەرفەتی سەرۆک وەزیرانی بۆ ڕەخساوە، بەڵام حەز دەکات لە پەراوێزدا بێت و یەکێکی لە پیاوانی خۆی بۆ ئەو پۆستە بناسێنێت.

ـ عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، ٧٠ ساڵە و دەرچووی زانکۆی هارڤارد و دانیشتووی بەغدا و بەربژێری بلیمەتانی نزیک لە رۆژئاوایە.

ـ نووری مالیکی، لە رێبەرانی حزبی دەعوە و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەو لە بابەتی ئاسایشی گشتی و چێکردنی ژێرخانەکان هەنگاوی زۆر باش لە عێراقدا هەڵگیرا.

ـ ساڵح حەسناوی، ٥٨ ساڵە و وەزیری پێشووی تەندروستی عێراقە. ناوبراو یەکێکە لە تێکنۆکراتەکانی لە دایکبووی کەربەلا و هەروەها یەکێکە لە بەربژێرانی شیمانەیی ڕەوتی سەدر.

ـ عادڵ عەبدولمەهدی، ٧٦ ساڵە وەزیری پێشووی نەوت و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، ناوبراو لە لایەن ئێران و ئەمریکاوە پاڵپشتی لێ دەکرێت.

ـ ئەیاد عەلاوی، ٧٤ ساڵە کە لیستەکەی ٢٢ کورسی واتە زۆر کەمتر لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی بە دەست هێناوە.

ـ تارق نەجم، ٧٢ ساڵە و لە دایکبووی پارێزگای زیقار و لە بەربژێرانی حزبی دەعوەیە. ناوبراو سەرۆکی نووسینگەی مالیکی بووە و ناوی بۆ جێنشینیی مالیکی لە ساڵی ٢٠١٤ خراوەتە ڕوو.

ـ زیا ئەسەدی، ٤٩ ساڵە لە پارێزگای بەسرە و سەر بە ڕەوتی سەدر کە تەواو بە سەر زمانی ئینگلیزیدا شارەزایە. ناوبراو لە هەڵبژاردنەکاندا ڕۆڵی پردێکی دەگێڕا لە نێوان چینی هەژار لە ڕەوتی سەدر و میدیاکان.

شایانی باسە، سەلاح عەبیدی وتەبێژی موقتەدا سەدر سێ شەممەی حەوتەی ڕابردوو لە لێدوانێک بۆ "بغداد الیوم" وتبووی کە ڕەوتی سەدر بەربژێرێکی تایبەتی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق نییە و ئەگەر عەبادی بیەوێ بۆ جارێکی دیکە خۆی کاندیدی ئەو پۆستە بکاتەوە بە مەرجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئیداری، دارایی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی وەزیران لە کەسانی تێکنۆکراتی سەربەخۆ پاڵپشتیی لێ دەکەین.

بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتەکان لە ئەنجومەنی هەڵبژاردنی عێراق، هاوپەیمانی سائێرۆن کە پێکهاتووە لە ڕەوتی سەدر، کۆمۆنیستەکان و ڕەوتەکانی لیبراڵ – دیموکراتی عێراقی بە بردنەوەی ٥٤ کورسی، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مانگی مەی ٢٠١٨ پەرلەمانیی عێراق بووە، بەڵام بەو هۆیەی کە خودی موقتەدا سەدر بەشداری هەڵبژاردنەکان نەبووە ناتوانێ ببێتە بەربژێری پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.

News Code 18924

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 9 =