سه‌دان گوندی که‌رکووک بووه‌ته‌ مۆڵگه‌ی داعشییه‌کان

دانیشتوانی باشوور و ڕۆژئاوای که‌رکووک به‌ هۆی هات و چووی ئازادانه‌ و زۆری پاشماوه‌کانی داعشه‌وه‌، مه‌ترسی ئه‌منی زۆریان له‌ سه‌ره‌ و ناڕازین.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له‌ ده‌نگی ئه‌مریکا، ئه‌گه‌رچی ساڵی ڕابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی کۆتایی هاتنی داعشی له‌ عێراق ڕاگه‌یاند، به‌ڵام دانیشتوانی باشوور و ڕۆژئاوای که‌رکووک به‌ هۆی هات و چووی ئازادانه‌ و زۆری ئه‌ندامانی داعشه‌وه‌ مه‌ترسی ئه‌منی زۆریان له‌ سه‌ره‌ و ناڕازین.

ئیدریس عادڵ، به‌رپرسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ شاری داقۆق له‌ نزیک که‌رکووک له‌مباره‌وه‌ وتی: هێزه‌کانی عێراق له‌ ناو شاره‌کان و شه‌قامه‌ سه‌ره‌کییه‌کان دان، به‌ڵام گونده‌ کوردییه‌کان خاڵییه‌ له‌ هێز و هیچ هێزێک بۆ پاراستنیان له‌م گوندانه‌ نییه‌، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ پاشماوه‌کانی داعش شه‌وانه‌ به‌ ئازادی هات و چووی ناو گونده‌کان ده‌که‌ن.

ئه‌و زیادی کرد: پاشماوه‌کانی داعش تاکوو ئێسته‌ زیانیان له‌ کوردی ئه‌م ناوچانه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵام خه‌ڵک داوای کردووه‌ که‌ پۆلیسی فدراڵی عێراق له‌م گوندانه‌ جێگیر بن.

له‌ باشوور و ڕۆژئاوای شاری که‌رکووک به‌ سه‌دان گوندی تێدایه‌ که‌ هیچ هێزێکی ئه‌منی عێراق له‌م ناوچه‌دا جێگیر نه‌بووه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی هات و چووی ئازادی تیرۆریسته‌کان.

ڕۆژی ۲۲ گوڵان هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و داعش هه‌ڕه‌شه‌ی کردووه‌ که‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌شێوێنێت و خه‌ڵک نابێت به‌شداری بکه‌ن، هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ خه‌ڵک هه‌ست به‌ مه‌ترسی زۆر ده‌که‌ن. 

شایانی باسه‌ که‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان ماوه‌یه‌که‌ ئۆپراسیۆنی پاک کردنه‌وه‌ی گوند و بیاوانه‌کانی عێراق له‌ پاشماوه‌کانی گرووپی تیرۆریستی داعشیان ده‌ست پێ کردووه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی ناوچه‌کانی ده‌ورووبه‌ری که‌رکووک هێشتا نائارامه‌.

News Code 18466

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 5 =