دەبێ گەمارۆی زیاتر لە دژی ئێران داسەپێت

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و عەرەبستان لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیی هاوبەش لە ڕیاز وێرای دووپات کردنەوەی پاگەندە بێ بنەماکانیان لە دژی ئێران، جەختیان لە زەروورەتی پێداچوونەوە بە بەرجام و ڕێککەوتنی ناڤۆکی کرد.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە سپۆتنیک، مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمریکا لە یەکەمین سەفەری دەرەوەیی بۆ عەرەبستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لە گەڵ عادڵ جوبەیر هاوتای سعوودیی، ڕایگەیاند کە لە گەڵ بەرپرسانی سعوودی سەبارەت بە پرسی گرینگی یەکگرتوویی وڵاتانی پەراوێزی کەنداوی فارس گفتوگۆی کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: ئەمریکا بە تاقی تەنیا و بە وەکالەت لەو وڵاتانە ناتوانێ لە دژی تیرۆریزم تێهەڵچێت، بەڵکوو پێویستە وڵاتانی پەراوێزی کەنداوی فارس بەشداری شەڕی دژی تیرۆریزم بن و لەو شەڕەدا ئەمریکا پاڵپشتیان لێ دەکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە هەوڵی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ چارەسەریی ناکۆکیی وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت عەرەبستان و ئیمارات و بەحرەین لە گەڵ قەتەر کردبوو. پەمپێئۆ لەو پرێس کۆنفڕانسەدا بۆ جارێکی دیکە پاگەندە بێ بنەماکانی بەرپرسانی ئەمریکیی لە دژی ئێران دووپات کردەوە و ئیدعای کرد کە ئێران ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناڤینی خستۆتە مەترسییەوە و پاڵپشتی لە تیرۆریزم دەکات.

هاوکات سەرەڕای ئاشتی خوازانە بوونی پلانی ناڤۆکیی ئێران و پابەندبوونی تاران بە بەرپرسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی لە سای پەیمان شکێنیی ئەمریکا لە بەرجامدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئیدعاشی کرد کە وڵاتەکەی دەیەوێ گەڕەنتی ئەوەی پێ بدرێت کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.

لە لایەکی دیکەوە "عادڵ جوبەیر"یش بە داکۆکی لە پشت‌ڕاست کردنەوەی سیاسەتگەلی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران، ئیدعاشی کرد: پێویستە لە بەرامبەر پلانی مووشەکیی ئێران و پاڵپشتیی تاران لە تیرۆریزم، دەبێ گەمارۆی زیاتر لە دژی ئێران داسەپێت.

وتیشی: پاڵپشتی دەکەین لە سیاسەتەکانی ترامپ هەمبەر بە ئێران بە تایبەت لە پرسی پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی و بە بڕوای ئێمە دەبێ ئێران بەرەوڕووی گەمارۆی زیاتر بکرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زیادی کرد کە عەربستان یەکێکە لە هاوپەیمانانی سەرەکیی واشنتۆن و ئەگەر ئەمریکا نەتوانێ بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا بچێتەوە، ئەوا لەو ڕێککەوتنە دەچێتە دەرێ.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەڵسوکەوتی لە دوای بەرجام خراپتر بووە.

News Code 18433

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 2 =