کڕینی نەوت لە تیرۆریستەکان بوەستێت/ئامادەیی ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی سووریا

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی یارمەتیدان بە جەماوەری سووریا وتی: بەردەوامین لە داکۆکی کردن لە سەر ئامادەیی ئێران بۆ هاوبەشیی کارا لە کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان و هەروەها کەمکردنەوەی ئێش و ژانی مرۆیی جەماوەری سووریا.

بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان لە لێدوانێک لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی یارمەتیدان بە جەماوەری سووریا لە لەندەن، تەنیا رێچارەی دەرچوون لە قەیرانی سووریای رێچارەی سیاسی زانی کە لە رێگای گفتوگۆی نێوان سوورییەکانەوە مسۆگەر دەبێت.

ناوبراو زیادیشی کرد: ڕۆڵی دەسەڵاتەکان و ئەکتەرانی بیانی، ئاسانکاری و ڕەخساندنی بەستێنێکی لەبارە بۆ ئەنجام دانی ئەو گفتوگۆیانە و نەک داسەپاندنی پێش‌مەرجەکان.

زەریف دوای ئاماژە بە دەستەبەرنەکرانی رێچارەیەک بۆ قەیرانی سووریا دوای پێنج ساڵ ڕوودانی تراژێدیای مرۆیی لەو وڵاتە، ڕایگەیاند: ئێمە هێشتا دوای ئەو ماوەیە شاهیدی پەرەستاندن و بڵاوتربوونەوەی دەرئەنجامە دڵتەزێنەکانی ئەو قەیرانەین. کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار مرۆڤ و ئاوارەبوونی بە میلیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی سووریا و درێژەی خاپوورکران و نمایشی بێ‌بەزەییانەی بەربەرییەت، تێکرا ویژدانی کۆی مرۆڤایەتیی ڕەنجاندووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە سەرەتای قەیرانی سووریا لە سەر ئەو بڕوایە بووین کە تاقە رێچارەی دەرچوون لەو قەیرانە، رێچارەی سیاسییە کە لە رێگای گفتوگۆی نێوان سوورییەکانەوە مسۆگەر دەبێت. جگە لەوە ئێمە بەردەوام جەختمان لەوە  کردووەتەوە کە ڕۆڵی دەسەڵاتەکان و ئەکتەرانی بیانی، ئاسانکاری و ڕەخساندنی بەستێنێکی لەبارە بۆ ئەنجام دانی ئەو گفتوگۆیانە و نەک ئەوەی کە هەوڵ بدەن فاکتەرگەل و ڕێوشوێن یان ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە سەردا داسەپێنن.

ئەو بە ئاماژەدان بەوەی کە پاش سێ کۆبوونەوەی "گرووپی نێودەوڵەتیی یارمەتیدان بە سووریا" لە ڤییەن و نیۆیۆرک دەکرێت بڵێین کە دەلاقەیەکی هیوابەخش کراوەتەوە کە دەتوانێ کۆتایی ئەم مۆتەکە مرۆییە بخەملێنێت، وتیشی: بابەتی گرینگ و بنەمایی ئەوەیە کە نابێ هەوڵی هاوبەشی ئێمە بۆ کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان و ڕێکخستنی هەمەلایەنە و چەندلایەنە بۆ بنەبڕکردنی زەبروزەنگ و تووندوتیژیی ڕادیکاڵانە و تیرۆرسیتی، بە شێوەی داسەپاندنی پێش‌مەرج لە لایەن هەندێکەوە بەلارێدا بچێت، چونکا ئەم مەترسییە هەڕەشەیەکی هاوسانە لە دژی هەموومان و هیچکەس نابێ لای وابێت کە دەکرێت لەو رێگاوە سوود و قازانجێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

زەریف ڕاشیگەیاند: بەو پێیە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ بە شێوەی هاوئاهەنگ و هاوسەنگ هەوڵ بدات و رێگری بکات لە دەستگەیشتنی رادیکاڵەکان بە هێزی مرۆیی، ماڵی و سەربازیی نوێ. لەم پێناوە، یەکەمین هەنگاوی کردەکی و گرینگ وەستاندنی و خۆبواردن لە کڕینەوەی نەوت لە گرووپە تیرۆریستییەکان و رێگری لە گواستنەوەی داهاتە ماڵییەکان بۆ ئەو گرووپانەیە.

وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان جەختی لەوەش کردەوە: سەرەڕای ئاوارەکانی سووریا کە وڵاتەکەیان بە جێ دێڵن، نزیک بە ۵ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی سووریا لە ناوخۆی وڵاتەکەیان ئاوارەن و لە بارودۆخێکی زۆر دڵتەزێن و سەخڵەتدا دەژین.

ئەو زیادیشی کرد: کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵە مرۆڤدۆستانەکەی خۆی بۆ یارمەتی گەیاندن بەو ئاوارانە تەرکیز کردووە و هەروەک پێشتر خۆراک و دەرمان و جیهازاتی پزیشکی و پیداویستییەکانی ئۆردووگایی پەنابەران و خزمەتکاریی گشتییان پێشکەش دەکات. جگە لەوە ئێمە بەردەوام بە هاوکاریی مانگی سووری سووریا سەرقاڵی یارمەتی گەیاندن بە ناوچە مومکینەکانی ناو سووریاین. بەوەشەوە بە هۆی بەربڵاوێتیی کارەساتی مرۆیی سووریا، هێشتاش کارگەلێکی یەکجار زۆر ماوەنەتەوە کە دەبێ ئاوریان لێ‌بدرێتەوە.

زەریف لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: بەردەوامین لە داکۆکی کردن لە سەر ئامادەیی ئێران بۆ هاوبەشیی کارا لە کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان و هەروەها کەمکردنەوەی ئێش و ژانی مرۆیی جەماوەری سووریا.

News Code 1841

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 3 =