خەونی دەسەڵاتدارانی سعوودی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق

لە کاتێکدا کە کەمتر لە ٣ حەوتەی دیکە کات ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق، عەرەبستانی سعوودی و میدیا بەکرێگیراوەکانی هەوڵی دەستێوەردانی زیاتر لەو هەڵبژاردنانە دەدەن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: کۆمیتەی باڵای بەڕێوەبەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق پاش ململانێیەکی زۆر ڕایگەیاند کە پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لەو وڵاتەدا لە کاتی دیاری ‌کراوی خۆیدا واتە لە رۆژی ١٢ی مەی (٢٢ی گوڵان) بەڕێوە بچێت. پەرلەمانی عێراق-یش بڕیاری ئەو کۆمیتەیەی پەسند کرد و بۆ جێبەجێ کران ئاراستەی فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کرد.

پەسندکرانی ئەو گەڵاڵەیە پاش ئەوە ئەنجام درا کە هەندێک لایەنی ناوخۆیی بە مەبەستی سازدانی بۆشاییەکی سیاسی لە عێراق، هەوڵێکی زۆریان دا بۆ پەکخستنی هەڵبژاردنەکان. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا هاوپەیمانێتی لە نێوان حزب و گرووپەگەلی جۆراوجۆری سیاسیی عێراق چۆتە قۆناغێکی هەستیار.

گرووپە شیعەکان هاوپەیمانیگەلێکی بەهێزیان پێک هێناوە و بە پێی ڕاگەیاندنی زۆربەی چاودێرانی سیاسی، شیعەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دوو لە سەر سێی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەر دەکەوێت. هاوپەیمانیگەلی "نەسر" بە سەرکردەیی حەیدەر عەبادی، "فەتح" بە سەرکردەیی هادی عامری، "حیکمەی نیشتمانی" بە سەرکردەیی سەید عەمار حەکیم و "دەوڵەتی یاسا" بە سەرکردەیی نووری مالیکی لە هاوپەیمانییە بەرچاوەکانی شیعە لەم هەڵبژاردنەن.  

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک وڵاتی ناوچەیی و لەوان عەرەبستانی سعوودی هەر لە ئێستاوە بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق هەوڵ دەدەن. جموجۆڵەکانی ڕیاز لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو بە باشی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە سعوودییەکان بۆ کاریگەری دانان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی چارەنووس‌سازی عێراق قۆڵیان هەڵمالیوە.

قەرەبووکردنەوەی شکستی مەیدانی

ئەوەی سعوودییەکانی هان داوە بۆ داڕشتنی گەڵاڵە و پڕۆژەی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و بە چەواشەبردنی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە، هەمان شکستێکە کە بەکرێ‌گیراوانیان لە بواری مەیدانی لە هێزی خۆڕاگریی عێراق خواردوویانە.

لە ڕاستیدا، دەکرێت هەوڵی عەرەبستانی سعوودی بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بە جۆرێک پەلەقاژە بۆ قەرەبووکردنی ئەو شکستانە بشوبهێنین. بەرپرسانی ڕیاز پاش ئەوەی تێگەیشتن کە لە رێگەی بژێرەی سەربازییەوە ناتوانن جێ پێی خۆیان لە عێراقدا قایم بکەن، بە ناچار پەنایان بردۆتە بەر رێکاری سیاسی و هەوڵ دەدەن لەو رێگەوە، خۆیان بە سەر خەڵکی عێراقدا داسەپێنن و دەلاقەیەک بۆ دزەکردنە ناو ئەو وڵاتە بدۆزنەوە.

ڕای گشتی هێشتا بەڵگەگەلی دۆزراوە لە نهێنیخانەی "ئەبوو حەفسەی سعوودی" سەرکردەی پێشوو‌ی داعش لە عێراقیان فەرامۆش نەکردووە؛ بەڵگەگەلێک کە تێکرایان پشت‌ڕاست کەرەوەی پاڵپشتیی ماڵی و چەکە و چۆڵی بەرپرسانی ڕیاز لە تیرۆریستانی داعش لە عێراق بوون. بەو پێیە، ئەمڕۆ بەرپرسانی سعوودی هەوڵی ئەوە دەدن کە ئەو ئاژاوەی لە رێگەی سەربازییەوە لە عێراقدا بۆیان  جێبەجێ نەبووە، لە بواری سیاسیدا مسۆگەری بکەن.

پڕۆژەی شکست خواردووی دزەکردن

عەرەبستانی سعوودی هەر لە مانگەکانی ڕابردووەوە هەوڵی کاریگەری دانان لە سەر ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی عێراقی دەست پێکردووە. بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ وەدی هێنانی ئەو ئامانجە، پڕۆژەی "دزەکردنە ناو ڕیزی شیعەکان"یان وەک رۆژەڤێک پێڕەو کردووە.

لە پێناو جێبەجێ کردنی ئەو رۆژەڤە نزیکەی ٧ مانگ لەوە پێش بەرپرسانی سعوودی "موقتەدا سەدر"ی سەرۆکی ڕەوتی سەدری عیراق-یان بانگهێشت کرد کە سەردانی وڵاتەکەیان بکات. لەو بابەتەوە شتەکان بە پێی ویستی سعوودییەکان ئەنجام درا و دیدارگەلێک کە چاوەروان دەکرا لە جەدە بەڕێوەچوو.

بەڵام هەڵوێستی هۆشیارانە و زیرەکی "سەید عەمار حەکیم"ی سەرۆکی ڕەوتی "حیکمەی نیشتمانی" لە بەرامبەر بانگهێشتی بەرپرسانی سعوودی بۆ سەردان کردنی ئەو وڵاتە، بووە هۆی پووچەڵ بوونەوەی پلانی دزەکردنی سعوودی لە ناو ڕیزەکانی شیعه و دەست هەڵگرتنیان لە درێژەدان بەو پڕۆژە دزێوە.

سەید عەمار حەکیم کاتێک بەرەوڕووی بانگهێشتی سعوودییەکان بۆ سەفەری ڕیاز بوو، بەمجۆرە وەڵامی دانەوە کە تەنیا بە مەرجێک ئەو سەفەرە ئەنجام دەدات کە کۆمەڵکوژیی خەڵکی یەمەن بوەستێت، سعوودی کۆتایی بە پاڵپشتیی لە تیرۆریستانی سووریا بهێنێت و  چیتر دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا نەکات. ئەو وەڵامە یەکلاکەرەوەیە بەس بوو بۆ ڕیاز تا بەو ئەنجامە بگات کە ناتوانی بە فێل و تەڵەکەوە حزب و ڕەوتە شیعەکان هەڵفریوێنێ و لەو رێگەوە دەلاقەیەک بدۆزێتەوە بۆ دزە کردن و بە چەواشەبردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق.

دان پێدانانی باڵوێزی پێشووی سعوودی

نابێ پرسی هەوڵی عەرەبستان بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق، بە دەرکەوتەی میدیاکان یان بەرهەم وەهمیی هێزی خۆڕاگری ببەسترێتەوە، چونکە گەلێ جار بەرپرسانی سعوودی لە لێدوانگەلی دەستێوەردەرانەی خۆیان، هەوڵی ڕیاز بۆ بە چەواشەبردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق-یان ئاشکرا کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە کۆتایی ساڵی ڕابردووی زایینی سامر سەبهان وەزیری سعوودی لە کاروباری کەنداوی فارس لە لێدوانێکی نادیپلۆماسیانە، ئاماژەی بە هەڵوێستی ئاشکرای وڵاتەکەی لە پاڵپشتی کردنی تاقمێک لە کەسایەتی و ڕەوتە سیاسییەکانی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە کرد و ڕایگەیاند کە ڕیاز لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی مەی عێراق، پاڵپشتی لە هاوپەیمانیی سوننە بە سەرکردایەتیی "سەلیم جبووری" و هاوپەیمانی شیعه بە سەرکردایەتی "ئەیاد عەلاوی" دەکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لەمڕۆ هەموو ئاگاداری هەڵوێستی تەواو دژە ئێرانیی ئەیاد عەلاوی لە عێراقن و بۆ وێنە "شێخ محەمەد سەهیود" پەرلەمانیاری عێراقی لە لای وایە: "کاتێک سامر سەبهان بە ڕاشکاوی باسی پاڵپشتی کردنی ڕیاز لە کەسایەتی و ڕەوتە سیاسییەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کرد، ئیتر هیچ گومانێک لەودا نەما کە عەرەبستان دەیەوێ لە هەڵبژاردنەکاندا دەستێوەردان بکات".

هەڵبەت دەربڕینی ئاوەها لێدوانگەلێک لە لایەن کەسانێکی وەک سەبهان هیچ جێی سەرسوڕمان نییە، چونکە ئەو کەسایەتییە بە ڕواڵەت سیاسەتوان و زیاتر ئەمنییە کە پێشتر باڵوێزی ڕیاز لە بەغدا بووە، لە سپتامبێری ساڵی ٢١٠٦ بە هۆی ئاستی زۆری لێدوانگەلی دەستێوەردەرانەی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق، لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، وەک "کەسایەتییەکی نەخوازراو" ناسرا و لە عێراق دەرکرا.

سووکایەتی بە کەسایەتیگەلی شیعه

عەرەبستانی سعوودی بە مەبەستی جێبەجێ کردنی پڕۆژەی دەستێوەردەرانەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق رێکارگەلێکی جۆراوجۆری پێڕەو کردووە کە یەکێک لە گرینگترینیان سووکایەتی و خەوشەدارکردنی کەسایەتیگەلی بەڕێزی شیعەیە.

لە ڕاستیدا، سعوودییەکان لەو رێگەوە هیوادارن کە ئاستی لایەنگریی هەموانی لە کەسایەتی و سیاسەتوانانی شیعه لە هەڵبژاردنەکان دابەزێت. لە ئێستادا میدیا بە کۆمەڵەکانی سەر بە ڕیاز و هەروەها میدیا بە کرێ‌گیراوەکانی سعوودی و لەوان "العربیه"، "الحدث" و ... بەردەوام لە پێناو وەدی هێنانی ئەو پڕۆژەیە هەوڵ دەدەن و بە دانەپاڵی تۆمەتی بێ بنەما لە سیاسەتوانانی شیعه، خەڵکی هان دەدەن بۆ دابڕان و دوورکەوتنەوە لەوان.

نەهلە هەبابی پەرلەمانتاری عێراقی لەوبارەوە جەختی کرد: "هەنووکە، سعوودییەکان بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق، داراییەکی زۆر خەرج دەکەن. ئەوان تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان بۆ بە چەواشەبردنی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان بە کار دێنن. عەرەبستانی سعوودی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە هێرش دەکاتە سەر سیاسەتوانانی بەڕێزی عێراقی و بێ ڕێزی و سووکایەتیان پێ دەکات".

سەفەرێکی گومان لێکراو کە ڕەت کرایەوە

لەمدواییەدا هەواڵێک لە میدیاکاندا لەبارەی سەفەری بەرپرسێکی باڵای سعوودی بۆ بەغدا لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاو بوویەوە. ماڵپەڕی "العربی الجدید" لەوبارەوە نووسی: "دەوڵەتی پەیامێکی لە باڵوێزی عەرەبستان لە بەغدا سەبارەت بەو سەفەرە پێگەیشتووە، بەڵام بە هۆکارگەلی ئەمنی شوناسی ئەو بەرپرسە سعوودییە و کاتی ئەو سەفەرە ڕانەگەیێندراوە". ئەوە لە کاتێکدایە کە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێکی فەرمی سەفەری هەر جۆرە بەرپرسێکی باڵای سعوودیی بۆ وڵاتەکەی ڕەت کردەوە.

پێدەچێت کە وەڕێ خستنی شەپۆلی سەفەری محەمەد بێن سەلمان بۆ عێراق لە لایەن میدیاگەلی سعوودی و بە فەرمانی کۆشکی پادشایی عەرەبستان ئەنجام درابێت، بەڵکوو لەو رێگەوە پەی بە کاردانەوەی ناوخۆیی خەڵکی عێراق هەمبەر بەو سەفەر شیمانەییە ببەن.

بە گشتی هۆشیاریی حزب، ڕەوت و گرووپگەلی جۆراوجۆری عێراقی لەمپەرێک بووە لە بەردەم جێبەجێ کرانی پلانی سعوودییەکان بۆ ناردنی بەرپرسانی باڵای خۆی و لەوان بێن سەلمان بۆ بەغدا بە مەبەستی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق. شەپۆلی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی عێراق هەمبەر بە سەفەری شیمانیی بێن سەلمان، بووە هۆی ئەوەی کە میدیاگەلی سعوودی دەست هەڵگری درێژەدان بە پاشاگەردانیان سەبارەت بە هەواڵی سەفەری بەرپرسی باڵای ڕیاز بۆ بەغدا بن.

News Code 18378

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 0 =