کوردەکان خوازیاری کردنەوەی ناوچەی دژە فڕین لە باکووری سووریان

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک داوای لە وڵاتانی ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا کرد کە لە ئەگەری چوونەدەری هێزەکان له سووریا، لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان ناوچەی دژەفڕین دیاری بکەن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەزلووم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک  (هەسەدە) لە وتووێژ لە گەڵ فاکس نیوز، وتی: کوردەکان نیگەرانی ئەوەن کە پاش دەرچوونی هێزی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە سووریا، بەرەوڕووی چارەنووسی نادیار بێن.

وتیشی: داوامان لە هاوپەیمانی دژی داعش کردووە کە لە ئەگەری دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکی،  لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا ناوچەی دژەفڕین دیاری بکرێ هەتا پێش بە هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی ڕووسیا و دەوڵەتی سووریا بگیرێت.

فەرماندەی باڵای هەسەدە هیوای خواست کە هێزی هاوپەیمانی تا بنبڕکرانی یەکجاریی تیرۆریزمی داعشی، لە سووریادا بمێننەوە.

هاوکات، کینۆ گابریەڵ وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لای وایە کە هێزەکانی ئەمریکا دەبێ لانی کەم تا ٩ مانگی داهاتوو لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکاندا بمێننەوە، چونکە بە وتەی ئەو لە ناوچوونی هەڕەشەگەلی داعش لە سووریا بە گشتی ٩ مانگ کات دەبات.

هەندێک لە بەرپرسانی ناوچەگەلی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان دەڵێن ئەمریکا سەرەڕای پێداگریی بۆ دەرچوونی هێزەکانی لە سووریا، بنکەگەلی زیاتری لەو ناوچانەدا کردۆتەوە. ئەبوو عادڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لەوبارەوە بە فاکس نیووزی راگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا پێشتر تاقە بنکەیەکیان لەو شارە بووە، بەڵام پاش هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر شاری مەنبەج، ئەمریکا دوو بنکەی دیکەشی لەو شارە چێ کردووە.

زۆربەی بەرپرسانی کوردی سووریا وەک مەزلووم کۆبانی دەڵێن کە جگە لە هێزەکانی ئەمریکا، هێزەکانی سووریا و بەریتانیاش ڕۆڵێکی کارایان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی کوردەکان لە دژی داعش. فارووق ماشی سەرۆکی ئەنجومەنی یاسای مەنبەج بە فاکس نیووزی وتووە کە هێزەکانی فەڕەنسی و بەریتانی لە ئاڵای وڵاتەکەیان و هێمای سەربازیی ئەو وڵاتانە کەڵک نابەن، هەر بۆیە هێزەکانیان لە سووریادا ناناسرێتەوە.

ئەمریکا نزیکەی ٢ هەزار هێزی لە ناوچەگەلی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریا هەیە و بە وتەی هەندێک لە بەرپرسانی سەربازی کە نەیانویستووە ناویان بدرکێندرێت، فەڕەنسا و بەریتانیاش هەر کام نزیکەی ٢٠٠ هێزیان لەو ناوچانە جێگر کردووە.

News Code 18366

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 10 =