هه‌وڵه‌کان بۆ گۆڕینی دۆخی کۆڵبه‌ری به‌ پیله‌وه‌ری لە کوردستان

کۆڵبه‌ری له‌ میانه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو له‌ شاره‌ کوردییه‌کانی ئێران ڕووداوی زۆی هه‌بووه‌، ئێسته‌ ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت کۆتایی پێ بێنێت و له‌ جێگه‌ی پیلوه‌ری په‌ره‌ی پێ بدات.

ئاژانسی مێهر - به‌شی پارێزگاکان: کۆڵبه‌ری له‌ میانه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو بووه‌ته‌ کێشه‌یه‌ک بۆ ئێران و شاره‌ سنوورییه‌کان و سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنی به‌رپرسان تاکوو ئێسته‌ هیچ گه‌ڵاڵه‌یه‌ک بۆ ڕێکخستنی ئه‌م چینه‌ هه‌ژاره‌ نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست.

ئه‌گه‌رچی کێشه‌ی کۆڵبه‌ری ساڵانێکی زۆره‌ درێژه‌ی هه‌بووه‌ و له‌ چه‌ند گه‌ڵاڵه‌یه‌کیش قسه‌ کرا، به‌ڵام به‌ کرده‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ تاکوو ئێسته‌ هه‌ڵنه‌گیراوه‌.

له‌ دواین هه‌نگاو گه‌ڵاڵه‌یه‌ک به‌ ناوی ڕێکخستنی ئاڵ و گۆڕه‌ سنوورییه‌کان له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ڕۆحانییه‌وه‌ خرایه‌ به‌رده‌ست و وه‌ک تاقی کردنه‌وه‌ له‌ سه‌یرانبه‌نی بانه‌ جێبه‌جێ کرا.

جێبه‌جێ کردنی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ بووه‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی زۆری بازاڕیانی کوردستان و کرماشان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌رپرسان هه‌ر ڕۆژ به‌ڵێنێک بده‌ن.

به‌ پێی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌، بازاڕیانی بانه‌ ده‌ستیان به‌ کڕینی که‌ل و په‌ل کرد به‌ڵام تاکوو ئێسته‌ ته‌نیا بڕێکیان توانیانه‌ که‌ل و په‌له‌کانی خۆیان بگوازنه‌وه‌ بۆ ناو ئێران و زۆربه‌ی بازاڕییه‌کان ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ ڕێگه‌ نادرێت که‌ل و په‌له‌کانیان بگوازنه‌وه‌.

بازاڕیانی شاره‌ کوردییه‌کان ده‌ڵێن: به‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ نرخی گومروک زیادی کردووه‌ و کڕینی و هاورده‌ کردنیان سوودی نییه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ بازاڕه‌کانی کوردستان بتاوکێته‌وه‌ و داوایان کردووه‌ که‌ نرخی گومروکی زیاتر دابه‌زێت.

یه‌کێکی دیکه‌ له‌ بازاڕییه‌کانی بانه‌ وتی: به‌داخه‌وه‌ سنووره‌کانی کوردستان به‌ هه‌نگاوی نا نازانستی و پێچه‌وانه‌ی یاسای خۆجێی و ناوچه‌یی، داخراوه‌ و ئه‌مه‌ش ناکۆکی له‌ ناوچه‌که‌ له‌ نێوان خه‌ڵک دروست کردووه‌.

عه‌زیز عه‌باس زاده‌ له‌مباره‌وه‌ وتی: سه‌ره‌تا ده‌بێت هه‌موو ژێرخانه‌کان بۆ ئاڵ و گۆڕ کردنی که‌ل و په‌له‌کان دابین بکرێت و دواجار گه‌ڵاڵه‌ بنووسرێت.

ئه‌و زیادی کرد: خه‌ڵکی شاری بانه‌ به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن که‌ سنووره‌کان بکرێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ یارمه‌تی به‌رپرسانه‌.

له‌ هه‌مان حاڵدا پارێزگاری کوردستان به‌ڵێنی ڕۆژه‌ باشه‌کانی له‌ داهاتوودا به‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ تایبه‌ت سنوورنشینه‌کان داوه‌.

به‌همه‌ن مورادنیا ئاماژه‌ی به‌ دانوستانی گرنگ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت کرد و وتی: هەموو هەوڵی بەرپرسان لەو دیدارانەدا گەیشتن بە رێکارێکی هەمیشەیی و یاسایی بۆ درێژەی مامەڵەگەلی سنووری بووە.

ئه‌و وتی: بژێوی زۆربه‌ی سنوورنشینه‌کان ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌ ئاڵ و گۆڕی سنووره‌کانه‌وه‌ دابین ده‌بێت و هه‌موو به‌رپرسانی باڵای پارێزگاکه‌ له‌م بابه‌ته‌ به‌ باشی تێگه‌یشتوون و یه‌ک ده‌نگ له‌ دوای چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کانن.

مورادنیا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا: ئێمه‌ له‌ بازاڕیانی به‌ڕێز داوا ده‌که‌ین که‌ خۆیان له‌ شتی په‌ڕاوێزخراو به‌ دوور بگرن و دۆخه‌که‌ به‌ره‌و ئه‌منیه‌تی بوون نه‌ڕوات که‌ له‌ سوودی که‌س نییه‌.

پارێزگاری کوردستان جه‌ختی کرد که‌ ده‌وڵه‌ت دژی کۆڵبه‌ری و که‌م کردنه‌وه‌ی ڕێزی خه‌ڵکی کوردستانه‌ و ده‌یه‌وێت ئاڵ و گۆڕه‌ سنوورییه‌کان ڕێکبخات که‌ خه‌ڵکی کوردستان بتوانن وه‌ک پیله‌وه‌ر و بازه‌رگان ڕێزیان لێبگیردرێت نه‌ک کۆڵبه‌ر.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ وه‌زیری ناوخۆی ئێران، عەبدول ڕەزا ڕەحمانی فەزلی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی کۆڵبه‌ره‌کان و سنووره‌کان له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌نجام دا و داوای کرد هه‌رچی زووتره‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.

ئه‌و جه‌ختی کرد: لە ماوەی یەک حەفتە کێشەی کۆڵبەرەکان لە شارە سنووریەکان تاوتوێ بکرێت و ڕێکاری نوێ بخرێتە بەردەست.

هه‌روه‌ها زیادی کرد: دەوڵەت بەو گەڵاڵە نوێیەی لەم دواییە واژۆی کردووە لە دوای ئەوەیە کە چالاکی کۆڵبەرەکان لە پارێزگا سنوورییەکان ڕێکبخات.

ڕەحمانی فەزلی زیادی کرد: دەبێت بە پێی پلانێکی ورد کۆڵبەرە ڕاستەقینەکان بناسرێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێت. 

هەروەها وەزیری ناوخۆی ئێران لە جێگری پۆلیس داوای کرد تاکوو لە ماوەی یەک حەفتە بە هاوکاری بەرپرسانی پارێزگاکان کێشەی کۆڵبەرەکان لە شارە سنووریەکان تاوتوێ بکات‌ و ڕێکاری نوێ بخرێتە بەردەست.

لەم کۆبوونەوە پارێزگارەکانی سیستان و بەلوچستان، بوشێهر، کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، خوزستان و کوردستان بەشداریان کردبوو.

شایانی باسە، بڕێک لە بەندەکانی وەرەقەی ڕێکخستنی ئاڵ و گۆڕی کەل و پەلەکان لە بازاڕچە سنوورییەکان پێداچوونەوەی بۆ کرا.

هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌واڵانه‌ سه‌عید جه‌لیلی، نوێنه‌ری ڕێبه‌ری باڵای ئێران سه‌ردانی بانه‌ی کرد و گوێی به‌ گله‌یی و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک دا.

له‌م کۆبوونه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ بازاڕیانی کورد ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌ بڕیاری به‌رپرسان ده‌ربڕی و داوایان کرد تاکوو کێشه‌ی سنووره‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت.

له‌ هه‌واڵێکی دیکه‌ ۱۰ نوێنه‌ری مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران نامه‌یه‌کیان بۆ حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران نووسی و داوایان کرد هه‌رچی زووتره‌ کێشه‌ی سنووره‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت.

لەم نامەیە داوا کراوە هەرچی زووترە ڕێچکە سنوورییەکان بکرێنەوە و ئارامی بۆ شارە سنوورییەکان بگەڕێتەوە.

هەروەها ئاماژە کراوە: خەڵکی کوردستان لە ماوەی ٤۰ ساڵی شۆڕشی ئیسلامی ئەوەی لە دەستیان هاتووە بۆ پاراستنی ئێران کردوویانە و تەنانەت بوونە قوربانی چەکی کیمیایی هێرشی داگیرکاری سەدام حسەین. لە هەموو هەڵبژاردنەکان زیاترین بەشداریان بووە و بە پێی ئامارەکان زیاترین دەنگیشیان بە خودی، سەرۆک کۆماری ئێستە، بەڕێز حەسەن ڕۆحانی داوە.

لە درێژەدا جەخت کراوە: بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێستە دەبینین کە بە بیانۆی جۆراوجۆر ڕێچکە سنوورییەکان لە لایەن دەوڵەتی ئێوەوە دادەخرێت کە خەڵکی کورد زیاترین دەنگی بە ئێوە داوە. نە یاسا و نە شەرعیش مۆڵەت بە کەس نادات کە وەها سەر سفرەی خەڵکی هەژاری سنوورەکان خاڵی بکرێت.

لە کۆتایی ئەم نامەدا هاتووە: ئێمە وەک نوێنەرانی خەڵکی کورد لە ئێران داوا کە سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی هەرچی زووترە ڕێچکە سنوورییەکان بکاتەوە و کێشەی ئابووری خەڵک لە سنوورەکان چارەسەر بکرێت.

جەلال مەحموودزاده، سەید ئەحسەن عەلەوی، عەلی محەمەد مورادی، مەنسوور مورادی، ڕەسووڵ خزری، سەید مەهدی فەرشادن، محەمەد قەسیم عوسمانی، موحسن بیگلەری، شەهاب نادری، عەبدول کەریم حسەین زاده و جەلیل رحیمی ئەم نامەیان واژۆ کردووە.

هه‌موو ئه‌م هه‌واڵانه‌ و به‌ڵێنی چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی سنووره‌کان له‌ حاڵێکدا له‌ لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ باسی لێده‌کرێت که‌ به‌ کرده‌وه‌ هیچ کارێک له‌م قۆناغه‌دا بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی بازاڕیانی سنووره‌کان ئه‌نجام نه‌بووه‌.

گومانی تێدا نییه‌ که‌ کۆنترۆڵ کردن و چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان و بژێوی خه‌ڵکی سنووره‌کان ده‌بێت یه‌که‌مایه‌تی به‌رپرسان و بڕیار به‌ده‌ستان بێت و له‌م توانه‌کان بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی خه‌ڵک سوود ببرێت.

News Code 18332

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 8 =