سەرۆکی شاندی تورکیا لە کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا کشایەوە

سەرۆکی شاندی تورکیا لە کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا لە کاردانەوە بە بانگهێشتی ساڵح موسلیم، لە کۆبوونەوەکانی ئەو کۆمەڵەیە کشایەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە هەواڵدەریی HABER ۷ی تورکیا، ئاکیف چاغاتای قلیچ، سەرۆکی شاندی تورکیا لە کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا لە کاردانەوەیەکی توند بە وتەدانی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا ((PYD، بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک لە درێژەی دانیشتنەکانی ئەو کۆمەڵەیە کشایەوە.

سەرۆکی شاندی تورکیا لە ڕاگەیاندنەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە کە "دەست پێکردنی یەکەمین خولی بەهاری کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا کە لە ستراسبۆرگ بەڕێوە دەچێت، هاوکات بووە لە گەڵ بانگهێشتی ساڵح موسلیم. هەر بۆیە شاندی تورکیا  لەو دانیشتنە و لە کاردانەوە بەو داپەڕە، بڕیاری داوە لەو دانیشتنە بکشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ تورکیا. ئەو داپەڕە کە بە پێچەوانەی بایەخەکانی ئەنجومەنی ئەرووپا بووە و لە گەڵ هیچکام لە ستانداردەکانی ئەو ئەنجومەنە ناخوێنێتەوە، بە توندی ئیدانە دەکەین".

هەروەها لە ڕاگەیاندنەکەی ئاکیف چاغاتای قلیچ-دا هاتووە کە "ڕەخنە لە ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتوون لە کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا و بانگهێشتی ساڵح موسلیم بۆ ئەو کۆمەڵە بە هیچ چەشنێک قبوول ناکرێت و وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەو داپەڕەی کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا، لە درێژەی بەشداریمان لە دانیشتنەکانی مانگی ئەیپڕێل دەکشێنەوە و دەگەڕێینەوە بۆ تورکیا. هەڵبەت تاقمێک لە ئەندامانی شاندی تورکیا بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هەڵوێستەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجومەنی ئەورووپا و ڕوون کردنەوە لەوبارە، لەوێ دەمێننەوە و بە شێوەی بەرتەسک بەشداری دانیشتنەکان دەبن".

شایانی باسە، جگە لە ساڵح موسلیم، ئەرتوغرۆڵ کورکچی، هۆشیار ئۆزسوی و میتهات سینجەر، نوێنەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە پەرلەمانی تورکیاش بەشداری دانیشتنەکانی ئەو کۆمەڵە بوونە.

News Code 18329

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 2 =