هه‌ماهه‌نگیى پێشمه‌رگه‌ و هێزی عێراق بۆ شەڕی داعش گرینگە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدار لەگەڵ شاندێكی ئه‌مه‌ریكایی جەختی کردە سەر گرینگیی هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ لێفتنانت جه‌نه‌راڵ پۆڵ فۆنگ، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و سووریا و جێگری باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و كونسووڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی سه‌ربازیی یاوه‌ریان كرد.

لەو دیدارەدا شاندی میوان هاوكاری و هاریكاریی نێوان هێزه‌كانی هاوپه‌یمان و حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌كانی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و پشتگیرى و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تى بۆ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌رز نرخاند.

هەروەها  به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هاوبه‌شێكی گرنگ و بۆ ڕێگریكردن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندوتیژی، دووپات كرده‌وه‌.

شانده‌كه‌ ده‌ستخۆشى له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ له‌ ڕابردوودا توانیویانه‌ به‌ دیالۆگ‌ به‌شێك له‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن .

هیواشیان خواست گفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌رده‌وام و فراوانتر بكرێت، هه‌روه‌ها تیشكیان خسته‌ كار و ئه‌ركه‌كانیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی كاره‌كان كه‌ تا ئێستا به‌ باشى ئه‌نجام دراون‌ و به‌رده‌وام ده‌بن.

لای خۆیه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ڕۆڵی هێزی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكای كرد بۆ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا و به‌رده‌وامیی ئه‌و هاوكارییه‌ى به‌ پێویستى زانی و جه‌ختى له‌ گرنگیى هه‌ماهه‌نگیى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها سوپاسی پشتگیریى ئه‌مه‌ریكای كرد له‌ زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هیوای خواست دیالۆگ فراوانتر و جددیتر ببێت.

تاوتوێكردنی دۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه‌ و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

News Code 18324

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 3 =