گەلی مەزنی ئێران لە دژی هەموو پیلانەکانی دوژمنان دەوەستێت

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بەوەی کە گەلی مەزنی ئێران لە بەرامبەر هەموو پیلانەکانی دوژمنانی زلهێز دەوەستێت، وتی: ئەگەر کەسێک بیەوێ خەیانەت بە پەیمانی ئێمە بکات، دەبێ بزانێت پاشهاتە مەترسیدارەکەی ڕووی لە خۆی دەبێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە سه‌ردانی بۆ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژهه‌ڵات و له‌ نێو ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵک له‌ ستادیۆمی ته‌ختیی ته‌ورێز ڕایگه‌یاند: ئەوڕۆ پەیمانێکی نوێ بۆ پێشکەوتنی ئازەربایجان دەسبەستین. ساڵی ڕابردوو بەڵێنیی ئاسایش، ئازادی، ئاسوودەیی و پێشکەوتنمان دا و ئەوڕۆ بە خەڵکی ئازەربایجان ڕادەگەیێنین کە بۆ دەریاچەی ورمێ، بۆ فەرهەنگ و زمانی تورکی و بۆ پێشکەوتنی وەرزش و یانەی تراکتۆرسازی پابەندین بە بەڵێنەکانمان.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە ئاسایشی سەقامگیری وڵات، ڕاشیگەیاند: ئەوڕۆ لە سای دلێری و ئازایەتی سوپای پاسداران، ئەرتەش و بەسیجی لە خۆبوردوومان شایەدی ئاسایشێکی بێ هاوتاین. ئاسایشێک کە لە سای یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گەلی ئێران مسۆگەر بووە و دەبێ درێژەی پێ بدەین.

سەرۆک کۆمار سەبارەت بە پابەندبوون بە بەڵێنییەکان هۆشداری دایە کۆشکی سپی و جەختی کرد: گەلی ئێران هەمبەر بە هەر جۆرە پیلانێکی زلهیزەکان وەستاوە و  کەس بۆی نییە ئەم گەلە مەزنە ناهومێد و داهاتوومان لێ زەوت بکات. ئەوڕۆ لە جاران بەهێزتر و زیاتر پابەندی بەڵێنەکانمانین، بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێ خەیانەت بە پەیمانمان بکات، دەبێ بزانێت پاشهاتە مەترسیدارەکەی ڕووی لە خۆی دەبێت.

ناوبراو بە بیرهێنانەوەی بڕیاری تۆکمە و یەکلاکەرەوە لە بواری دراودا و شکست هێنانی پیلانەکان لەو بوارەدا، وتی: ئاستی هەناردە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە سەدا ١٥ بەرزتر بۆتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە هاوردەمان لە سەدا ٧ هەڵکشاوە. رێگەیەک کە گرتوومانەتە بەر رێگەی گەشانەوە دەبێت و دەوڵەت بەڵێن دەدات کە کێشەکانی سەر ئەو رێگەیە چارەسەر بکات.

ڕۆحانی ئاماژەی بە کردنەوەی چەندین پڕۆژە و پلان بە بایەخی ٣٠٠٠ ملیارد تمەن و قوڵینگ لێدانی پڕۆژەگەلێک بە بایەخی ٦٠٠٠ ملیارد تمەن لە ماوەی سەفەری بۆ ئازەربایجان کرد و ڕایگەیاند: بە ئاوڕدانەوە لە پێگەی باڵای زمانی تورکی وەک شانازییەکی نیشتمانی داوا لە زانکۆکانی ئازەربایجان و پارێزگار و بەرپرسان دەکەین کە ناوەندی ئەدەب و زمانی تورکی پەرە پێ بدەن و دەست بدەنە بڵاوکردنەوەی کتێبگەلێکی پێویست لەو بوارەدا.

سەرۆک کۆمار لە درێژەدا ڕوانییە پرسی دەریاچەی ورمێ و ڕاشیگەیاند: من به‌ خه‌ڵکی ئازه‌ربایجانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و به‌شی ڕۆژئاوای وڵات ڕایده‌گه‌یێنم کە ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌کانی ده‌وڵه‌تی یازده‌هه‌م و دوازده‌هه‌م له‌ ساڵی ۹۲ نه‌بوایه‌ مانگی خه‌رمانانی ساڵی ۹۶ هیچ شتێک له‌ ده‌ریاچه‌ی ورمێ نه‌ده‌مایه‌وه‌.

وتیشی: ده‌وڵه‌تی یازده‌هه‌م ۲ هه‌زار و ۲۰۰ ملیارد تمه‌نی بۆ بووژانه‌وه‌ی ده‌ریاچه‌ی ورمێ خه‌رج کردووه‌ و به‌ڵێنتان دەدەینێ کە ده‌ریاچه‌ی ورمێ وه‌کوو نقیمی ئێران ده‌مێنێته‌وه‌.

ڕۆحانی ئاماژەی بەوەش دا: بووژانه‌وه‌ی ده‌ریاچه‌ی ورمێ یه‌کێک له‌ به‌ڵێنه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌ و ده‌وڵه‌ت‌ ئه‌رکه‌کانی ڕاده‌په‌ڕێنێت و ئێستاکه‌ش زیاتر له‌ یه‌ک هه‌زار میلیارد تمه‌ن گه‌ڵاڵه‌ بۆ بووژانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ له‌ ده‌ستی جێبه‌جێ کردندایه‌.

ناوبراو بە ئاماژە بە ئاماده‌بوونی سه‌رۆکی پێشووی ناوه‌ندی بووژاندنه‌وه‌ی ده‌ریاچه‌ی ورمێ له‌ لیژنه‌ی ده‌وڵه‌ت، جەختیشی کرد: تا کۆتاییی کاری ده‌وڵه‌تی دوازده‌هه‌م به‌رزایی ده‌ریاچه‌ی ورمێ یه‌ک مه‌تر زیاد ده‌بێته‌وه‌.

سەرۆک ئاماژەی بە جێبەجێ کرانی ١٨ پڕۆژە و لە قۆناغی جێبەجێ بوونی ٥ پڕۆژەی دیکەی ٢٣ پڕۆژەی بەڵێندراوی سەفەری پێشووی بۆ ئازەربایجان کرد و وتی: لە دەوڵەتی یازدەهەمدا ٣ هەزار و ٩٩٧ ملیارد تمەن بۆ پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی ئازەربایجان تەرخان درا کە ئەو نرخە ٢،١ هێندەی چوار ساڵی ڕابردوو بوو.

ڕۆحانی بە داکۆکی لە پێوشوێن گرتنی پرسی ئاو لە ئاستی وڵات لە لایەن کۆمیتەی سێ کەسیی وەزیرانی وزە، کشتوکاڵ و جێگرایەتی ژینگە، وتیشی: ئێمە پابەندی بەڵێنەکانمان لە سەفەری ئازەربایجان دەبین و بەڵێن دەدەین کە ٢٨ پڕۆژەی دیکە بۆ ئەم پارێزگایە لە ئەنجومەنی ئیداری تاوتوێ بکەین.

News Code 18302

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 9 =