ده‌وڵه‌ت له‌ دوای هه‌موار کردنه‌وه‌ی یاسای ئاڵ و گۆڕی سنوورییه‌

پارێزگاری کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ ده‌وڵه‌ت سووره‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ گۆڕانکاری له‌ یاسای ئاڵ و گۆڕی سنووری له‌ سوودی سنوورنشینه‌کان بکات.

به‌ ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر له‌ ماڵپه‌ڕی پارێزگای کوردستان، به‌همه‌ن مورادنیا له‌ کۆبوونه‌وه‌ی بازاڕیانی بانه‌ و مه‌ریوان و سه‌قز وتی: من خۆم به‌شێکم له‌م چینه‌ و به‌ ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم که‌ کێشه‌ی ئێوه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌م، سیستمێک بۆ ئاڵ و گۆڕی سنووری داڕێژراوه‌ که‌ من خۆم به‌ که‌موکۆڕی زۆری ده‌زانم و ماوه‌ی ۵ مانگه‌ ڕێگه‌م به‌ جێبه‌جێ کردنی کرد تاکوو دواجار خودی ده‌وڵه‌ت به‌م ئه‌نجامه‌ گه‌یشت که‌ ده‌بێت هه‌مواری بکاته‌وه‌.

ئه‌و زیادی کرد: کوردستان له‌ زنجیره‌یه‌ک که‌م و کۆڕی ئازار ده‌کێشێت و من به‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کی خۆمی ده‌زانم بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌مانه‌ هه‌نگاو هه‌ڵبگرم. بێ گومان یه‌کێک له‌م کێشانه‌ که‌م کردنه‌وه‌ی باجی گومروکییه‌ بۆ سنوورنشینه‌کان تاکوو ئه‌م ده‌قیقه‌ ۲۰ له‌ سه‌د که‌م کراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ گومانی تێدا نییه‌ به‌ڵام ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین که‌ زیاتری بکه‌ین.

مورادنیا هه‌روه‌ها جه‌ختی کرد: هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ین که‌ هیچ کێشه‌یه‌ک بۆ هاورده‌ کردنی ئه‌و که‌ل و په‌لانه‌ نه‌مێنێت که‌ له‌ ئێران مۆڵه‌تی فرۆشیان هه‌یه‌، ده‌بێت هه‌موومان له‌ یاسایه‌کی یه‌کجۆر په‌یڕه‌وه‌ی بکه‌ین. ئێمه‌ له‌ بازاڕیانی به‌ڕێز داوا ده‌که‌ین که‌ خۆیان له‌ شتی په‌ڕاوێزخراو به‌ دوور بگرن و دۆخه‌که‌ به‌ره‌و ئه‌منیه‌تی بوون نه‌ڕوات که‌ له‌ سوودی که‌س نییه‌.

ئه‌و له‌ کۆتایدا وتی: ڕوانگه‌ی سره‌کی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت له‌ سنووره‌کان هه‌لی کار کردن بڕه‌خسێت تاکوو گیرۆده‌ بوونی سنوورنشینه‌کان به‌ کاری سنوورییه‌وه‌ که‌م بکرێته‌وه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ دوای ئه‌وه‌ین تاکوو بابه‌تی وه‌ک ناوچه‌ی ئازادی ئابووری، دابین کردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی ئاو بۆ کشت و کاڵی کوردستان و تێپه‌ڕاندنی ڕێگه‌ی شه‌مه‌نده‌فڕ به‌ کوردستان بچێته‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌. ساڵی ڕابردوو بۆ بازاڕچه‌ سنوورییه‌کان ۱۵ ملیار تمه‌ن بودجه‌ سه‌رف کراوه‌ و بۆ ناوچه‌ی تایبه‌تی ئابووری بانه‌ش به‌ ته‌نیا ۳ ملیار تمه‌ن بودجه‌ خه‌رج کراوه‌.

News Code 18299

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 5 + 9 =