شەڕێکی ساردی جیاواز بەڕێوەیە

ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە شەڕێکی ساردی دیکە بەڕێوەیە کە چیتر ئەمریکا و ڕووسیا تاقە ئەکتەرانی نین.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئانتۆنیۆ گوترش ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتووێژ لە گەڵ کەناڵی "ئێس ڤی تی"ی سوید لە بوونی نیشانەگەلی گەڕانەوەی جیهان بۆ سەردەمی شەڕی سارد هەواڵی دا.

گوترش لەوبارەوە وتی: نیشانەگەلێکی ئاشکرا لە گەڕانەوەی جیهان بۆ سەردەمی شەڕی سارد دەبیندرێ، هەڵبەت شەڕی ساردی ئەمجارەیان جیاوازە لەوی ڕابردوو، چونکە یەکەم، لەو شەڕەدا ئەمریکا و ڕووسیا هەموو شتەکان کۆنتڕۆڵ ناکەن و وڵاتانی دیکەی وەک ئێران، تورکیا و عەرەبستانی سعوودی-ش هەن کە لە ئاستی ناوچەییدا زۆر چالاکن. دیارە لە دۆخێکی ئاوادا لە گەڵ دوو جەمسەری هاوئاست کە بە باشی کۆنتڕۆڵ دەکرێن، بەرەوڕوو نین.

وتیشی:  دووهەم جیاوازیی ئەم شەڕەیان ئەوەیە کە کە لە شەڕی ساردی ڕابردوو میکانیزمەکانی گفتوگۆ و دانوستان و پەیوەندی بە سەر دۆخەکەدا زاڵ بوو بۆ ئەوەی مەترسیی تێهەڵچوون لە کۆنتڕۆڵ نەچێتە دەرێ. بەڵام ئەمڕۆ میکانیزمێکی بەو چەشنە لە ئارادا نییە.

ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بە تەشەنەسەندنی دۆخی ئێستای جیهان، ڕاشیگەیاند: خۆشحاڵم کە فەزا ئارام بۆتەوە و هیوادارم لە داهاتوودا بۆ خۆپاراستن لە گرژی و ناکۆکیی وەک ئەوەی لە سووریا ڕووی دا، ڕێککەوتنی هەمەلایەنە مسۆگەر بێت.

شایانی باسە ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا حەوتەی ڕابردوو لە هەڵمەتێکی هاوبەشدا بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی دیمەشق-یان کردە ئامانج.

بە وتەی گوترش، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێ لە قەیرانی سووریا دەستێوەردان بکات و بە ئاوردانەوە لە ناکۆکیی نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، نابێ چاوەروانی چارەسەریی بە پەلەی ئەو کێشەیە بین.

کەناڵی "ئێس ڤی تی"ی سوید هەروەها بڵاوی کردووە کە ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانی رۆژی ڕابردووی لە کۆبوونەوەی نافەرمی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە سوید بەڕێوەچوو، وێرای پێداگری لە بێ ئەنجامبوونی ڕێگەچارەی سەربازی بۆ قەیرانی سووریا، ڕایگەیاندبوو: لە پرسی سووریادا پێویستمان بە دوو شتە؛ یەکەم ڕێگەچارەی سیاسییە کە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و دووهەمیان دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ قەدەغەی بە کارهێنانی چەکی کیمیایی.

News Code 18273

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 8 =