هەولێر ئامادەیە درێژە بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بدات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی نێرده‌ی تایبه‌تیی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش کۆبووەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان ، پێشوازی له برێت مه‌كگۆرک نێرده‌ی تایبه‌تیی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان ده‌ستخۆشییان له هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكردنی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد كه بووه هۆكاری ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و ناردنی به‌شێك له مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، شاندە ئەمریکییەکە کە لە دۆگلاس سیلیمان ، باڵوێزی ئه‌مریكا له عێراق ، ئه‌ندرۆ پیك یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران ، كین گرۆس كۆنسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند دیپلۆماتكارێك پێكهاتبوو ، هه‌روه‌ها هیوایان خواست هه‌ردوولا گفتوگۆی زیاتر بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری ته‌واوی كێشه‌كان ئه‌نجام بده‌ن.

جەختیشیانکردەوە كه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن و گرنگی و په‌ره‌ی زیاتر به‌و په‌یوه‌ندیانه ده‌ده‌ن.

له درێژەی دیدارەکەدا كه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو ، نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، سوپاسی پشتگیریی ئه‌مریكای بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد.

 جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ، دیالۆگ تاكه ڕێگەچاره‌ی كێشه‌كانه و ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌رده‌وامیدان به گفتوگۆ و دیالۆگ نیشاندا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆر به پەیوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌دات و هه‌موو ئاسانكارییه‌كیش بۆ بره‌ودانی زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا دەکرێت.

له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا دۆخی ناوچه‌كه و عێراق و هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق تاوتوێ کران و گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

News Code 18157

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =