وەزیری ئیرشاد خوازیاری ناساندنی کاڵای فەرهەنگیی ئێران لە عێراق بوو

وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە سەفەری خۆی بۆ عێراق جەختی لە گرینگیی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کاڵای فەرهەنگیی ئێران لە بازاڕە فەرهەنگییەکانی عێراق بوو.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید عەباس ساڵحی لە دانیشتنێکدا کە ئێوارەی دووشەممە لە شوێنی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: هاوبەشیی قووڵ و بەربڵاوی فەرهەنگی و مێژوویی نێوان گەلانی ئێرانی و عێراقی هانمان دەدات بۆ پێکهێنان و پلان داڕشتن و تۆکمەکردنی پەیوەندییە هەمەلایەنە فەرهەنگییەکان.

ساڵحی وتیشی: هەڵبژاردنی عێراق بۆ یەکەمین سەفەری دەرەکی لە پۆستی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، نیشاندەری گرینگییەکە کە بۆ پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان دوو وڵات هەمانە.

وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی هیوای خواست کە لە دەرفەتی سەفەری چەند رۆژەی بۆ عێراق لە پێناو رێخۆش کردن بۆ هاوکارییە نوێیەکان لە بوارگەلی جۆراوجۆری فەرهەنگی و هونەری بە شێوەی پاوەجێ کەڵک ببات.

ڕاشیگەیاند: دەبێ ئەو سەفەرە بکەینە پلانێکی فەرهەنگی لە بوارگەلی جۆراوجۆری سینەمایی، کتێب، بڵاڤۆک و بەڕێوەچوونی پیشانگاگەلی جۆراوجۆری هونەری و لەو رێگەدا ڕەخساندنی هەلی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کاڵای فەرهەنگیی ئێران لە بازاڕگەلی عێراق زۆر گرینگە.

ساڵحی لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەگەلی واژۆکراوی نێوان دەوڵەتانی ئێران و عێراق کرد و وتی: ئەو ڕێککەوتننامەیانە بنەمایەکی باشن بۆ پەیوەندیی فەرهەنگی و لەو سەفەرەدا هەوڵ دەدەرێت وێرای هەڵسەنگاندنی ڕێککەوتننامەکانی پێشوو، بەشێکی زۆر لە کارە ئەنجام دراوەکان تۆکمە بکرێن و لە بوارگەلێکی دیکەشدا گفتوگۆی نوێ بکەین و بەستێنی نوێی هاوکاری بخەملێنین.

ئیرەج مەسجدی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداش لەو دانیشتنەدا وێرای ڕوون کردنەوەی چالاکیگەلی فەرهەنگی بۆ تۆکمەی پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق، ڕایگەیاند: نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو پەرەدان بە پەیوەندی و هاوکاریی هەمە لایەنە لە گەڵ لایەنی عێراقی، ئامادەی هاوکاریی نزیک لە گەڵ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی-ن.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، لەو دانیشتنە جێگران و کارناسانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، بەرپرسان و کارناسانی فەرهەنگیی پەیوەندییە فەرهەنگییەکان و باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران دوا هەلومەرج و بارودۆخی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراقیان تاوتوێ کرد.

شایانی باسە، دوای ئەو دانیشتنە وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە دانیشتنێکی دۆستانەدا لە گەڵ بلیمەتان و بیرمەندانی عێراقی دیداری کرد و گوێی دایە پێشنیارەکان بۆ تۆکمەتر کردنی پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان دوو وڵات.

News Code 18150

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 4 =