هێرش بۆ سەر سووریا، پاڵپشتیی ئاشکرا لە تیرۆریزمە

سەرۆک کۆمار جەختی کرد: هێرشی سێ وڵاتی رۆژئاوایی بۆ سەر سووریا، پێشل کردنی پرێنسیپە نێودەوڵەتییەکان و پاڵپشتیی ئاشکرا لە تیرۆریزمە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی رۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونی لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا بە ئاماژە بەوەی کە دەستدرێژیی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ سەر سووریا پێشێل کردنی ئاشکرای یاساگەلی نێودەوڵەتی و لەوان جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، وتی: ئەو دەستدرێژییە تەنیا دەستدرێژی بۆ سەر خاکی سووریا نەبوو، بەڵکوو دەستدرێژی بۆ سەر سەقامگیری و پاوەجێی تەواو ناوچە بوو.

سەرۆک کۆمار، ئەو دەستدرێژییەی بە هەنگاوێک بۆ تۆکمەکردنی تیرۆریزمی ناوچە زانی و جەختی کرد: پشتگوێ خستنی مافی سەروەریی وڵاتێک، بە واتای هەوڵ بۆ نائارامی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەیە.

ناوبراو بە پێداگری لە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەوڵەت و گەلی سووریا، ڕایگەیاند: لە هەلومەرجێکدا کە تیرۆریستەکان رۆژانە بەرەوڕووی شکستی نوێ دەبن، ئەو هێرشە دەستدرێژکارییە بە جۆرێک پاڵپشتی لە گرووپگەلی شکست خواردووە.

ڕۆحانی جەختی لە زەروورەتی ڕێزنان لە تەواوەتی سەرزەوینیی سووریا کردەوە و بە بیرهینانەوەی ئەوەی کە نابێ بە هیچ جۆرێک سنوورە جوگرافییەکانی سووریا بگۆڕێت، وتیشی: هەر وەک پێشتریش داکۆکیمان لێ کردووە، ئامادەبوونی هێزی دەرەکی بە بێ مۆڵەتی دەوڵەتی سووریا لەو وڵاتە، بە پێچەوانەی یاساگەلی نێودەوڵەتی و بە جۆرێک دەستدرێژیی ئاشکرا بۆ سەر خاکی سووریایە.

سەرۆک کۆمار ڕاشیگەیاند: هیچ دەوڵەتێکی دەرەکی بۆی نییە سەبارەت بە داهاتووی سووریا بڕیار بدات و تاقە بڕیاردەری سەرەکی خەڵکی سووریان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەنای دەوڵەت و گەلی سووریا دەبێت.

ڕۆحانی زیادی کرد: ئێران بە هاوڕێی ڕووسیا و تورکیا لە ئاستی تەواو کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا، درێژە بە چالاکییەکانی خۆی بۆ جێگرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچە و سووریا دەدات.

سەرۆک کۆماری سووریاش لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا وێرای پیرۆزبایی وتنی جەژنی بێعسەتی پێغەمبەر (س‌خ) جەختی کرد: دەستدرێژیی دوژمنان هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ورەی گەل و دەوڵەتی سووریا بۆ بەردەوامبوونیان لە ڕیبازی بەرخودان نەبووە و بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە خۆڕاگریمان هەمبەر بە دەستدرێژکاران و تیرۆریستان.

بەشار ئەسەد بە نرخاندنی پاڵپشتییەکانی گەل و دەوڵەتی ئێران لە گەل و دەوڵەتی سووریا وتی: ئەو دەستدرێژییە هیچ دەسکەوتێکی بۆ هێرشبەران بە دواوە نەبۆە و وڵاتانی رۆژئاوایی پاش ئەوەی نەیان توانی لە رێگەگەلی سیاسییەوە بە ئامانجی خۆیان بگەن، دەستیان دایە ئەو دەستدرێژییە و پێشێل کردنی یاساگەلی نێودەوڵەتی.

News Code 18062

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 8 =